لە ئێزیدخان تاژێ سەردانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی هەردانی کرد

لە ئێزیدخان تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی- تاژێ، بە بۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان، سەردانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی گوندی هەردانی کرد و بانگی تێکۆشانی بەگوێی ژنان دا.

لە گوندی هەردانی هەرێمی ئێزیدخان، ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی- تاژێ، بە بۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان، سەردانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەو گوندەی کرد، کە قوربانیەکانی نێو ئەو گۆڕانە ئێزیدین و لەلایەن چەتەکانی داعشەوە کۆمەڵکوژ و ژێرخاک کراون. ئەو قوربانیانە لە کاتی هێرشەکەی داعش لە ساڵی ۲۰۱٤دا، دوای ئەوەی لە خوێندنگای گوندەکە کۆکرابوونە، بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە کۆمەڵکوژ کرابوون.
بە گەشتنی ئەندامانی تاژێ بۆ سەر گۆڕە بەکۆمەڵەکان، تاجە گوڵینە و چەپکە گۆلیان لە سەریان دانا و پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە قوربانیەکان و سەرجەم گیانبەختکردوانی ئازادی، وتاری تاژێ خوێندرایەوە کە تێیدا هاتبوو:

وێڕای بەڕێزەوە یادکردنەوەی قوربانی ئێزیدی، بانگی خۆبەڕێکخستن لە هەموو ژنان دەکەین، چونکە بە درێژایی مێژوو هەمیشە توندوتیژی بەرامبەر ژن کراوە و بە کۆیلە کراوە، وەک ئەو ١٤٠ ژنەی لە ئەمریکا، لە شەنگالیش سەدان ژن بە دیلگیران و کوژران، ئەمەش لەبەر چاوی هەموو جیهان کرا، وێڕای ئەوەش هێشتاش کوشتنی ژنان کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە.

ئێمە وەک تاژێ باوەڕمان وایە لە بەرامبەر ئەو توندوتیژییە، پێویستە مێژووی ژن و تێکۆشانی ژنان بناسرێت و باش هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، بە تایبەت پێویستە بەڕێکخستنکردنی ژنان لە بواری فکری، ئابووریی، سیاسی، کلتوری و باوەڕیی گەوهریدا پێکبێت، تا لەو ڕێگەوە مافەکانیان ژنان مسۆگەر بکرێن.

بە بۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان، بانگ لە هەموو ژنانی ئێزدی دەکەین، تا زیاتر خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و بە تێکۆشان لە دژی توندوتیژی، دەسەڵاتداریی و زهنیەتی دواکەوتوو پیاوسالاری لەناو بەرن.

هـ.هـ