لە بازل پانێلی "توندوتیژی لە دژی ژن  سیاسەتە" بەڕێوەچوو

لە شاری بازلی سویسرا پانێلێک رێکخرا و لە پانێلەکەدا راگەیاندرا، توندوتیژیی دژ بە ژنان سیاسەتە و دەبێت لە دژی ئەوەش لە هەموو ئاست و شوێنێکدا تێکۆشانى ژنان بەهێزتر و گەورەتر بکرێت.

بە بۆنەى ٢٥ی نۆڤەمبەر رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیى دژ بە ژنان، لەلایەن بزووتنەوەى ژنانى کورد لە ئەوروپا (تەژەکە ئەوروپا / TJK-E) پانێلێک بە ناونیشانی "توندوتیژیى دژ  بە ژنان سیاسەتە" لە چوارچێوەى کەمپەینى ساڵانە لە بازلی سویسرا رێکخرا. پانێلکە بە پێشەنگایەتیى بزووتنەوەى ژنانى کورد لە سویسرا لە ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد بە بەشداریى ژمارەیەکى زۆر لە ژنان بەڕێوەچوو.

لە پانێلەکەدا مەدیا سەرهات سیاسەتمەداری کورد وتەیەکى پێشکەشکرد و بە بەرفراوانى باسی لە کەمپەینى تەژەکە ئەوروپا کرد، کە بە ناوی "توندوتیژیى دژ بە ژنان سیاسەتە" رێکخراوە و رایگەیاند، تاوەکو دێت توندوتیژیی دژ بە ژنان لە هەموو ئاستێکى کۆمەڵگەدا بەشێوەیەکى بەهێز هەستى پێدەکرێت و سیستمى باڵادەستیى نێر توندوتیژیى دژ بە ژنانى قورستر دەکات.

سەرهات راشیگەیاند، پێویستە لە دژی توندوتیژیی سەر ژنان لە هەموو ئاست و جومگەکانى کۆمەڵگەدا تێکۆشان ئەنجام بدرێت و  دەبێت لە هەموو خەباتێکیشدا فەلسەفەی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بکەنە رچەشکێنى خۆیان.

وتیشی "دەبێت هەموو ژن و پیاوێک خۆی لە توندوتیژیی سیستمى پیاوسالاری رزگار بکات".

سەرهات سەرنجی خستە سەر گرنگیى کەمپەینەکەى تەژەکە ئەوروپا، لە سەرتاسەری ئەوروپادا و رایگەیاند، دەبێت کەمپەینەکە لە هەموو ئاستێکى ژیاندا بەڕێوەبچێت و تێکۆشان بۆ دژایەتیکردنى توندوتیژیى دژ بە ژنان گەشتر و بەهێزتر بکرێت.

ر.م