لە تاریکییەوە بۆ ئازادی

خەولە عیسا حەمود وتەبێژی ئەنجوومەنى ژنان لە رەقا باسی لە کارەکانى خۆبەڕێکخستن کردن، سەرلەنوێ بونیاتنانەوەى رەقا، رۆڵی ژنان، ئازادیى ژن، ئازارەکانى ژن، ژن لە سەردەمی داعش و ژن لە سەردەمى دواى رزگارکردنى رەقا لەلایەن شەڕڤاناى قەسەدەوە کرد.

 خەولە عیسا حەمود وتەبێژی ئەنجوومەنى ژنانە لە رەقا. پێش ئەوەى داعش رەقا داگیر بکات خەولە خوێندکاری بەشی یاسا بووە لە زانکۆ. خەولە دەڵێت، هەر لەو کاتەوە ئەو چەتانە کە ناوی خۆیان نابوو سوپاى ئازاد و هاتن بۆ رەقا ئیتر چوونە دەرەوە لە ماڵەوە لە ژنان قەدەغەکرا.

خەولە دەشڵێت، تەنانەت خوێندنەکەشى، واتە یاسا وەک خوێندنى "یاسای کافرەکان" ناوى دەبرا. لەبەر ئەوەش خۆی فێری درومان کردووە و ئیتر دەستى لە خوێندنی یاسا شۆردووە. تاوەکو ئەو کاتەى هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) دەستیان بە هەڵمەتى رزگارکردنى رەقا کرد.

خەولە بە رۆژنامەى یەنی ئۆزگیور پۆلیتیکای راگەیاندووە "سەپاندنى چارشێوی رەش و رووپۆش خۆی لە خۆیدا کێشەیەکى گەورەی سەردەمى داگیرکەرییەکى داعش نەبوو، بەڵکو کێشەکە لەوەدا بوو هەر رۆژە یاسایەکیان بۆ جلوبەرگی ئێمە دەردەکرد. هەموو ساڵێک یاساکانیان لەبارەى جلوبەرگی ئێمەوە دەگۆڕی. دواى ئەوە چوونە دەرەوەى ژنان لە ماڵەوە بە تەواوی قەدەغە کرا و دەبوایە هیچ کەسێکیش ورتەى لێوە نەیەت. ئەگەر ژنان بچوونایەتە شەقامەکان سزای پارەیان بەسەردا دەسەپێنرا. لەبەر ئەو شتانەش کە بەپێى یاساکەى خۆیان بۆ جلوبەرگی ژنان دایانابوو، بۆ هەر کەموکوڕییەک، یان نەبوونى پارچەیەکى بچووکیش لەو جلوبەرگەى کە ئەوان سەپاندبوویان، دیسانەوە سزاى پارەى تر بەسەر ژناند دەسەپێنرا. بەو پاساوانە پارەیەکى زۆریان لە ژنان دەسەند. جلوبەرگ خۆی لە خۆیدا کێشە نەبوو، بەڵکو کێشەکە ئەو گوشارانە بوو کە لە بنەماڵەکانمان دەکرا. ئەو گوشارانە دەبوونە هۆی ئەوە، کە گوشارەکانى سەر ئێمە زۆر قورستر ببن. ئەوان بوونە هۆی جیابوونەوەى ژمارەیەکی زۆر ژن و پیاو لە یەکتر. ئەوان وانەیان بە پیاوان دەوتەوە و پیاوانیش لە ماڵەوە وانەکانیان بەسەر ژنەکانیاندا جێبەجێ دەکرد. ئەوان دەیانخواست بە پاساوی شەریعەتی ئیسلام ژنان لە هەموو شتێک بێبەش بکەن".

لەسەر دەست و هێزی ژنانى کورد ئازاد بووین

بە رزگارکردنى شاری رەقا ئومێدیان بۆ گەڕایەوە و خەولە لەوبارەیەوە دەڵێت "ئێمە لەسەر دەستى ژنان ئازاد بووین. ٥ مانگ پێش رزگارکردنمان رەقا گەمارۆدرابوو، بەڵام لە ئەنجامدا بەهێزى ژنانى کورد رزگار کراین. یەکەمین باوەش کە بە رووماندا کرایەوە، باوەشی ژنانى کورد بوو. دەستیان گرتین و ئێمەیان لە دۆخی بندەستەیى بەرەو ئازادی برد. لەو شوێنەدا کە چوونە دەرەوە لە ژنان قەدەغە بوو، هاتین بۆ شوێنێک کە ژن لە بەرەکانى پێشووەى شەڕ، بەبێ ترس شەڕ دەکات و رۆحی خۆی فیدای ئازادیى ژنانى بندەست دەکات".

ئەوەشى وت "دواى رزگاربوونمان ئێمە نەماندەزانى دەبێت مرۆڤەکان چۆن خۆیان بە رێکخستن بکەن، بەڵام ئێمە هێدی هێدی فێربووین و دەستمان بە بونیاتنانى کۆمون و ئەنجوومەنى گشتیى ژنان کرد. من سەرەتا دەموت، باشە ئێمە بۆ لە ناو خەباتی گشتیداین. دواتر لە هەموو شتەکان تێگەیشتین. من لە ناو کۆمونی ژناندا دەستم بە کار کرد. بە ژنمان وت، رێکخستن چییە، کۆمون چییە. ئێمە لەوە تێگەیشتین ئازاری ژنان لە هەموو شوێنێکدا وەک یەکە. چ لە رەقا بێت، یان لە دێرەزۆر و تەبقا و منبج دا بێت، کێشەکانى ژنان هەر یەک کێشەن. ئەو ژنانەى زوڵمی داعشیان بینیوە داوایان بۆ ئازادی و کار زیاترە".

ئومێد سەرلەنوێ بونیاتنرایەوە

خەولە ئاماژەى بەوەکرد، هێزى خۆپاراستنى ژن بۆ ئەوان شتێکى نوێ بوو. ناڕەزایەتیى بنەماڵەکانیش نەما کاتێک بینییان ژن تا چ رادەیەکى بەرز ئەخلاقی خۆی دەپارێزێت. ئەوەش بووە هۆی ئەوەى هێزێکى گەورە و کاریگەر دروست بکرێت.

خەولە وتیشی "ئێمە لە بونیاتنانی کۆمون، ئەنجوومەن و بەڕێوەبەریى ژنانەوە دەستمان پێکرد. بۆ ئەوەى ژنان هۆشیار بکرێنەوە ئاکادیمیای پەروەردەمان دروستکرد. ئەوانە بۆ ژنانی رەقا نوێ بوون، چونکە ئێمە لەناو کۆمەڵگەیەکی دیلکراودا گەورە بوو بووین. رۆڵی ژن تەنها لە ناو ماڵدا بوو و ژنان هیچ ئومێدیان بەوە نەمابوو لە ماڵ بچنە دەرەوە و دونیا بە چاوی خۆیان ببینن. بەڵام ئەمڕۆ ئەوە هاتەدی و منیش نمونەیەکم لەوە. من هاتم بۆ دونیایەکى تر و ژنان لە سەرتاسەری جیهانەوە لە دەوری یەک کۆبوونەوە. باسیان لە ئەزموونەکانى خۆیان کرد. لەم کۆنفرانسەدا، کۆنفرانسى نێونەتەوەیى ژنان ئەنجامى گرنگم بەدەستهێنا. ئەویش ئەوەیە، ژنان لە هەموو شوێنێکى ئەم دونیایەدا بن کێشەکانیان، هەستەکانیان و ئازارەکانیان وەک یەکە".

ژن بە یەکگرتوویى ژنان ئازاد دەکەن

خەولە لەبارەیى رۆڵی خۆی لە ئەنجوومەنى ژناندا وتی "ساڵێک دەبێت بەشداری خەباتى ژنان بووم. ماوەى ٦ مانگیشە لە دادگادا کار بۆ پارێزگاری لە مافەکانى ژنان دەکەم. هەروەها بۆ پرۆژەى ژنیش دووبارە گەڕانەوە بۆی لاى ئێمە و بۆچوونى ئێمەیان وەرگرت. ئەو رۆڵەی کە بەڕێوەبەرێتیى ژن لەم بوارەدا ئەنجامیداوە زۆر گرنگ و کاریگەرە".

 خەولە وتیشی "بە یاسا هاوسەرگیریى کچانی منداڵمان بە تەواوی قەدەغە کردووە. هەر ژنێکیش سەردانى ئەنجوومەنەکەمان بکات خاوەنداریى لێدەکەین و داکۆکی لە مافەکانى دەکەین. ئامانجمان ئەوەیە قەناعەت بۆ کۆمەڵگە دروست بکەین، کە هاوسەرگیرى لە تەمەنی منداڵیدا نەک هەر راست نییە، بەڵکو مەترسییە و زیانى زۆرە".

خەولە عیسا حەمود وتەبێژى ئەنجوومەنی ژنانى رەقا لەبارەى گۆڕانکاریى رۆڵی ژنان لە ناو کۆمەڵگەى رەقا رایگەیاند "ئیتر ئێستا ژنان لە هەموو ئاستەکان و تەنانەت بەرەکانى پێشووى شەڕدان. ئومێد و بڕوام بە هێزی ژنان زۆرە. هیومان ئەوەیە ژن بتوانێت بە یەکگرتوویى خۆی و بە ئیرادەى خۆی روو لە ئازادی بکەن و بۆ ئازادی تێبکۆشن".

ر.م