لە ستۆکهۆلم سیمینارێک لەسەر کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و ژنۆلۆژی بەڕێوەچوو

لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد سیمینارێک لەسەر کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک و پێگەی ژن لەو سیستمەدا و ژنۆلۆژی وەک زانستێک بۆ گۆڕانکاری زهنی بەڕێوەچوو. سیمینارەکە ٤ سەعات و نیوی خایەند و لەلایەن ڕێکخراوی ڕووناکەوە ڕێكخرابوو.

لە سیمینارەکەدا ٤٠ کەس ئامادەی بوون و نووسەر و ئەندامی ناوەندیی ژنۆلۆژی لە ئەوروپا نەجیبە قەرەداغی بابەتەکەی پێشکەشکرد.

لە سیمینارەکەدا باس لە سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک کرا وەک دەروازییەک بۆ دەرچوون لە قەیرانی دووبارەبووەی سیستم، نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکو وەک مۆدێل و زێهنیەتێک لە سەرتاسەری جیهان و بۆ وەڵامدانەوەی پرسی نەتەوەیی، چینی و ڕەگەزی و ئەو ناکۆکییانەی کە هەزاران ساڵە بە درێژایی مێژوو بەسەریەدا کەڵەکەبوون.

هەروەها لە سیمینارەکەدا باس لە پاشخانی مێژوویی سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک کرا. باس لە هۆکارەی چەقبەستوویی پرسی ڕەگەزی و پرسی ئازادی لە کەسایەتیی ژن و پیاودا کرا. ئاماژە بەو فاکتەرانە کرا، کە بووەتە هۆکاری شکاندنی پێگەی ژن و سەروەربوونی زێهنیەتی پیاوسالاری لە ناو تاک، کۆمەڵگە و هەموو دەزگاکاندا.

وەک چارەسەری و زەمینەسازی بۆ گۆڕانکاری ڕیشەییش جەخت لەسەر زانستی ژنناسی – ژنۆلۆژی کرایەوە، پەردە لەسەر مێژووی کۆیلایەتی هەڵدەداتەوە و کار لەسەر سەرلەنوێ نووسینەوەی مێژووی ئازادی، بەرپاکردنی شۆڕشی گوند، كشتوکاڵ و شۆڕشی ژن دەکات و هانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و دیموکراتییەکان دەدات، کە هاوپەیمانی کۆمەڵایەتیی نوێ داڕێژنەوە و دید و پرەنسیپی دیموکراسیی رادیکاڵ و راستەوخۆ، ژینگەیی و ئازادیی ڕەگەزی پێشدەخات.

بە نمونەی مێژوویی  و رۆژانەیی بابەتەکە زیاتر ڕوون کرایەوە و ئامادەبوون بە پرسیار و بۆچوونەکانیان لە ڕوانگەی جیاواز و هاوشێوەوە گرنگی بابەتەیان خستەڕوو و ئاماژەیان بەوەش کرد کە قسەکردن لەسەر کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی و ژنۆلۆژی زیاتر پەرەی پێبدرێت.

ر.م