لە سەر دەستگیرکردنی زارا موحەمەدی (PEN) کورد هاتە دەنگ

کۆمیتەی مافی زمان و وەرگێر ناوەندی (PEN)ی کورد دەستگیرکردنی زارا موحەمەدی مامۆستای خۆبەخشی زمانی دایک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرکۆنە دەکات.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆمیتەی مافی زمان و وەرگێر ناوەندی (PEN)ی کورد کە بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF)ی ناردووە تێیدا ڕایگەیاندووە: "زارا موحەممه‌دی، مامۆستای خۆبه‌خشی زمانی كوردی، به‌هۆی ئەوەی كه‌ منداڵانی کوردی فێری خوێندن و نووسین بە زمانی دایک کردووە لەگەڵ دووهاوکاری دیکەی به ناوی (ئیدریس مینبەری و ڕێبوار مینبەری)، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ دەستگیرکراون. به‌ پێی هه‌واڵه‌كان، ڕۆژی شەممە هەردوو هاوکاری خاتوو زارا ئازاد کراون، بەڵام تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە خودی ئه‌و مامۆستایه‌ نییە".

تەواوی ڕاگەیەدراوەکەی کۆمیتەی مافی زمان و وەرگێر ناوەندی (PEN)ی کورد:

پەروەردە و خوێندن بە زمانی دایک، لە چەندین جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤدا ئاماژەیان پێکراوە و بە یەکێک لە مافە هەرە گرنگ و سەرەکییەکان پێناسه‌ كراوه‌. ئەمە جگە لەوەی کە له‌ جاڕنامەی جیهانی زمانی دایكیشدا كه‌ لە ساڵی ١٩٩٦ و لە ٥٢ مادەدا پێکهاتووە، زۆر به‌ وردی باسی پشتیوانی له‌‌ زمانی کەمینەکان كراوه‌ و ئەرکی دەوڵەت لەو ڕووەوە ده‌ستنیشان کراوە. هەروەها لە مانفیستۆی جیرۆنای رێکخراوی (PEN)ی نێونەتەوەییدا، کە لە ساڵی ٢٠١٣ له‌ ١٠ خاڵدا دەرچووە، ئەو مافە بۆ هەموو گەلێک بە ڕەوا و پێویست زانراوە. بۆیه‌ وه‌ك ئه‌ركێك ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانی ناوەندی (PEN)ی نێونەتەوەی و هەموو ناوەندەکانی بەرگریكردن له مافه‌ كولتوورییه‌كان و زمان كه‌ پارێزگاری لێ بكه‌ن. کەچی ئێستا لە ئێران ژنە مامۆستایەکی خۆبەخشی زمانی دایک، له‌ ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووه‌وه‌ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستبەسەر کراوە و چەندین ڕۆژە بێسەروشوێنە.

زارا محەممەدی سەرەواڵە، تەمەنی ٢٩ ساڵە، دانیشتووی شاری سنەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان/ ئێران، بڕاونامەی ماستەری لە بەشی جیۆپۆلەتیکی زانکۆی بیرجەند لە ئێران وەرگرتووە. زارا بە مامۆستای فێرگەکانی زمانی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان ناسراوە. ئەو خاتوونە بە هاوکاری ئەنجوومەنی نۆژین لە ناو شاری سنە و شارۆچکە و گوندەکانی دەوربەری ئەو پارێزگایە سەدان منداڵی کوردی فێری خوێندن و نووسین بە زمانی دایک-  کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی جاڕنامە گەردوونییەکان ئەمە ئەرکی حکومەتە نەک تاک.
لە بەندەکانی ٣ و ٤ی مادەی چوارەمی جاڕنامەی گەردوونی مافی کەمینە نەتەوەیی و ئاینیی و زمانییەکاندا هاتووە:
٣. دەولەتەکان بەپێی توانا پێویستە ڕێوشوێنە پێویستەکان بگرنە به‌ر و هەل بڕەخسێنن بۆ ئەندامەکانیان بۆ فێربوونی زمانی دایک.
3. States should take appropriate measures, wherever possible, so that persons belonging to minorities have adequate opportunities to learn their mother tongue. 

٤. دەولەتەکان پێویستە لە بواری خوێندندا بەپێی توانا هەنگاو بنێن بۆ هاندان و پێدانی زانیاری مێژوویی، نەریت، زمان و فەرهەنگى ئەو کەمینانەى لەناو سنوورەکانیدا دەژین. 
4. States should, where appropriate, take measures in the field of education, in order to encourage knowledge of the history, traditions, language and culture of the minorities existing within their territory.

پێویستە ئەوە بڵێین کە خوێندن بە زمانی دایک یەکێکە لە مافە سەرەکییەکانی هەر مرۆڤێک و ناکرێت په‌روه‌رده‌ی  بۆ هیچ کاتێکی دیکە دوابخرێت. هەر مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە کە بەو زمانە بخوێنێت کە به‌ زمانی زگماكی ده‌ناسرێ و قسه‌ی پێ ده‌كا. دەروونناسان بڕوایان وایە کە بە شێوەی سروشتی زمانی دایک زمانێکە کە تاک پەیوەندییەکی سۆزداریی بەهێزتری لەگەڵی دا هه‌یه‌ و لەڕووی پەروەردەییەوە باشتر دەتوانێ هه‌ستی خۆی پێ دەربڕێ.

 

هـ.هـ