لە مانگى حوزەیراندا لە تورکیا ٣٩ ژن کوژراون

پلاتفۆرمى "ئێمە تاوانەکانى دژ بە ژنان رادەگرین" راپۆرتی مانگى حوزەیرانی لەبارەى پێشێلکردنى مافەکانى ژنان و منداڵان لە تورکیا بڵاوکردەوە. بەپێى راپۆرتەکە لە مانگى حوزەیراندا ٣٩ ژن کوژراون و ٢٤ منداڵیش دەستدرێژییان کراوەتەسەر.

پلاتفۆرمی "ئێمە تاوانەکانى دژ بە ژنان رادەگرین" راپۆرتی مانگى حوزەیرانى لەبارەى پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ژنان و منداڵان لە تورکیا بڵاوکردەوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، توندوتیژى و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و منداڵان لە تورکیا درێژەى هەیە و لە مانگى حوزەیراندا ٣٩ ژن لە تورکیا کوژراون و دەستدرێژیش کراوەتە سەر ٢٢ ژنى تر.

ئاماژە بەوەشکراوە "هیچ رێوشوێنێک بۆ پێشگرتن لە توندوتیژیى دژ بە ژنان ناگیرێتەبەر و تاوەکو دێت توندوتیژیى دژ بە ژنان زیاتر دەکات. تا ئێستا هۆکارى کوژرانی ١٨ ژن لە مانگى حوزەیراندا لە تورکیا روون نەکراوەتەوە و دۆسیەى کوژرانی ١٤ ژنیش ون کراوە. هۆکاری دیارنەمانى دۆسیەى ژنە کوژراوەکان و هەروەها ئاشکرا نەکردنى هۆکارى کوژرانى ژنان بۆ ئەوەیە، کە تاوانباران بشاردرێنەوە لێکۆڵینەوەیان بەرامبەر ئەنجام نەدرێت".

پلاتفۆرمی "ئێمە تاوانەکانى دژ بە ژنان رادەگرین" لە رپۆرتەکەیدا بابەتى خەساندنى خستووەتەوە بەر باس و رایگەیاندووە "خەساندن و لەسێدارەدان دژى مافى ژیانى مرۆڤەکانە. گرتنەبەری شێوازی دژ بە مافەکانى مرۆڤ کێشەکان چارەسەر ناکات. چارەسەری ئەوەیە، کە کار بە یاسا پەسەندکراوەکان بکرێت و تاوانباران بەپێى ئەو یاسایانە سزا بدرێن".

راشیگەیاندووە، بە بەراورد بە مانگى ئایار، توندوتیژی لە مانگى حوزەیراندا رووی لە زیادبوون کردووە و لە مانگى حوزەیراندا ٣٩ ژن کوژراون. ٩ ژنیش بە شێوەى گوماناویى گیانیان لەدەستداوە و هۆکارى کوژرانى ١٨ ژنیش روون نەکراوەتەوە.

پلاتفۆرمی "ئێمە تاوانەکانى دژ بە ژنان رابگرین" ئەوەشى خستووەتەڕوو، لەگەڵ بەرزبوونەوەى رێژەى تاوانەکان و سزا نەدانى تاوانباران، تاوەکو دێت تاوان روو لە زیادبوون دەکات.

هەروەها لە مانگى حوزەیراندا ٢٢ ژن دەستدرێژییان کراوەتە سەر. بەپێى ئەو هەواڵانەى لە میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە، دەستدرێژیش کراوەتە سەر ٢٤ منداڵ و تاوەکو دێت تاوانەکانى دژ بە منداڵان روو لە زیادبوون دەکات.

ر.م