لە پەرلەمانى عێراق فراکسیۆنى ژنان دامەزرا

پەرلەمانتارانى ژن لە پەرلەمانى عێراق فراکسیۆنى ژنانى دامەزراند، کە ئەندامانى فراکسیۆنەکە لە باوەڕی و ئیتنیکە جیاوازەکانی عێراق پێکهاتووە.

پەرلەمانتارانى ژن لە پەرلەمانى عێراق "فراکسیۆنى ژنان"یان دامەزراند. پەرلەمانتارانى ژن داوایانکرد دووبارە وەزارەتى ژنان دابمەزرێنرێتەوە بەپێى پێوەرى کۆتای ٢٥ لە سەد، ژنان بەشدارییان لە حکومەتدا پێ بکرێت.

"بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان و دیاریکردنى ئەرکەکانیان لە حکومەتدا"

ئارەزوو مەحمود ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بە ئاژانسى هەواڵی رۆژنیوزی راگەیاندووە، فراکسیۆنى ژنان لە باوەڕی و ئیتنیکە جۆراجۆرەکانى عێراق پێکهاتووە، کە پەرلەمانتاری کورد، عەرەب، تورکمەن، سوننە، شیعە و مەسیحی-یان لە ناودایە.

ئارەزوو مەحمود راشیگەیاندووە،  ئامانجی فراکسیۆنى ژنان ئەوەیە بەرگری لە مافەکانى ژنان بکەن و رۆڵ و ئەرک ومافی ژنان لە ناو حکومەت و کۆمەڵگەدا دیاری بکەن.

ئەو ژنە پەرلەمانتارە ئاماژەى بەوەشکرد، بەپێى ڕێژەى سەدا ٢٥ لە سیستمى کۆتا پێویستە رێژەى سەدا ٢٥ی ئەرک و پۆستەکانى حکومەت بە ژنان بدرێت. لە سەردەمی حەیدەر عەبادی دا وەزارەتى ژنان هەڵوەشێنرایەوە و داوا دەکەن دووبارە ئەو وەزارەتە دابمەزرێنرێتەوە.

"تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامکیان نەدراوەتەوە"

ئارەزوو مەحمود باسی ئەوەشیکرد، ئەوان داواکانیان پێشکەشی هەر ٣ سەرۆکایەتیى، سەرۆکایەتیى پەرلەمان، سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیران و سەرۆکایەتیى کۆمار کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی وەڵامیان نەدراوەتەوە و تەنها پێیان راگەیاندراوە، کە گفتوگۆ لەبارەى پێشنیازەکانیانەوە دەکەن.

ر.م