مانیفیستۆی مافی کورتاژ لەلایەن سەدان ژنی ئەوروپییەوە بڵاوکرایەوە

لە وڵاتانى ئەوروپی سیاسەتمەدارانى نەژادپەرست و دژ بە ژن هاتوونەتە پێشەوە. سەدان ژنیش بۆ پاراستنى مافی کورتاژ (لەباربردنی کۆرپەڵە) مانیفیستۆیەکیان بڵاوکردەوە.

تاوەکو دێت لە ئەوروپا حیزبە نەژادپەرستەکان و دوژمنایەتى ژنان دەبنە دەسەڵاتدار. لەم ساڵانەى دوایدا ئەو حیزبانە پێگەیان بەهێزتر بووە.

ئەو حیزبانە بە رادەیەکى زۆر موحافیزکار و کۆنەپارێزن و هەوڵ دەدن کار و ژیانى ژنان لە چوارچێوەى ماڵەکاندا سنووردار بکەن. مافی کورتاژی ژنان تاوەکو دێت زیاتر مشتومڕی لەسەر دەکرێت.  

بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەو حیزبە نەژداپەرست و دژ بە ژنانە و پاراستنى مافی کورتاژ بۆ ژنان، ٣٤٨ ژنی داکۆکیکاری مافەکانى مرۆڤ، ئاکادیمسیەن و رووناکبیر لە ٢٨ وڵاتى ئەوروپییەوە لە رۆژنامەی نوڤێل ئۆبزەرڤاتۆر (Nouvel Observateur)ی فەرەنسی مانیفیستۆیەکیان بڵاوکردەوە.

مانیفیستۆکە بە ناونیشانی "جەستەى من، بڕیار من" بڵاوکراوەتەوە و هۆشدارییان داوە لەبارەى دروستکردنى گرفت و رێگریکردن لە مافەکانى کورتاژ لە ئەوروپا.

لە مانیفیستۆکەدا نووسراوە "سەرباری ئەوەى لە وڵاتانى ئەوروپیدا مافی کورتاژ بەشێوەى بنەڕەتی و لە دەستووردا و لە سایەى خەبات و تێکۆشانێکى گەوررەوە بەدەستهێنراوە، بەلام ئێستاش لە گەلێک لە وڵاتاندا ژنانی مافی ئەوەیان نییە بڕیار لەسەر جەستەى خۆیان بدەن، بۆیە ئێمە لەم رێگەیەوە رایدەگەیەنین، لە بەرامبەر گوشارەکانی دژ بە ژنان لە ئوروپادا مل دانانەوێنین".

لە مانیفیستۆکەدا ناڕەزایەتى بەرامبەر بە وتەکانى پاپا فرانسیس سەرۆکی کڵێسەى کاسۆلییەکانى جیهان خراوەتەڕوو. پاپا فرانسیس رایگەیاندبوو، ئەوانەی کورتاژ دەکەن وەک "بکوژێکن، کە بە بێ پارە کوشتن ئەنجام دەدەن".

ر.م