ماوەی بەندیخانەی لەیلا گیوڤەن درێژکرایەوە

ماوەی ڕاگرتنی لەیلا گیوڤەن، هاوسەرۆکی کەجەدە و پەرلەمانتاری جولەمێرگ لە زیندان درێژکرایەوە.


دادگای سزای قورسی ئامەد، کە پێشتر بڕیاری ئازادکردنی لەیلا گیوڤەن، هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکرات- کەجەدە و پەرلەمانتاری هەدەپە-ی دابوو، بڕیارەکەی گۆڕی و ماوەی مانەوەی لە زیندانی درێژکردەوە.

گالیپ ئاکپینار، سەرۆکی دادگای سزای قورسی ئامەد کە بڕیاری ئازادکردنی لەیلا گوڤەنی دابوو، لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگادا ئامادەنەبوو، دەوترێت کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ مۆڵەتی کارنەکردنی وەرگرتووە.

شیمانە دەکرێت، بۆ ئەوەی فشاری لەسەر بووە کە ماوەی مانەوەی لەیلا گیوڤەن لە زینداندا درێژبکاتەوە، لە دانیشتنی دادگادا ئامادەنەبووە.

لەیلا گیوڤەن بەهۆی هەڵوێست نیشاندان لە دژی هێرشی  دەوڵەتی تورکیا بۆ سەرعەفرین ، لە ڕۆژی ٢٢ی کانوونی دووەمی/٢ی ڕەشەمە ئەمساڵ دەستگیرکرا و پاش نۆ ڕۆژ بڕیاری زیندانییکردنی دەرکرا.

لەلیلا گیوڤەن لەکاتی دەستگیرکردنییدا هاوسەرۆکی کەجەدە بوو، پاش ئەوەی دەستگیرکرا، ناوی خۆی لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی گەلان- (هەدەپە) لە پارێزگای جولەمێرگ-ی باکوری کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا تۆمارکرد، لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەدا وەک یەکێک لە پەرلەمانتارەکانی ئەو پارێزگایە هەڵبژێردرا و دادگا ناچارە کە ناوبراو ئازاد بکات.

بڕیاری ئازادکردنی لەیلا گیوڤەن ناڕەزایەتی توندی دەسەڵاتی ئاکەپەی لێ کەوتەوە.