نووسەرێکی کورد خەڵاتی هۆهەنەمسی وەرگرت

خەڵاتی وێژه‌یی هۆهەنەمس كه‌ پێشکەشی ئەو نووسەرە په‌نابه‌رانه‌ دەکرێت کە زمانی دایکییان ئەڵمانی نییە بەڵام بە ئەڵمانی دەنووسن، ئەمجارە پێشکەشی نووسەری کورد کارۆش تەها کرا.

ده‌زگه‌ی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆهەنەمس لە وڵاتی نەمسا لە ساڵی ٢٠٠٩وە ساڵانه‌ خەڵاتی وێژه‌یی هۆهەنەمس دەدات بەو نووسەره‌ په‌نابه‌رانه‌ی زمانی دایكییان ئەڵمانی نییه‌، بەڵام به‌ زمانی ئەڵمانی ده‌نووسن.

نه‌ك هه‌ر لە نەمسا، بەڵکوو لە ئەڵمانیا و سویسراش نووسەران بەشداری له‌و پێشبڕکێیەدا ده‌كه‌ن. بۆ وەرگرتنی خه‌ڵاتی ئه‌مساڵ ١١١ نووسەری په‌نابه‌ر بەشدارییان له‌ پێشبڕکێیەکەدا كرد. لیژنه‌ی بەخشینی خەڵاتەکە نووسەری کورد کارۆش تەهای بە شایانی ئەو خەڵاتە زانی.

لیژنه‌كه‌ ڕایگەیاند، کارۆش كه‌ خەڵکی شارۆچکەی زاخۆی باشووری کوردستانە لە تەمەنی ٩ ساڵییەوە لەگەڵ خانه‌واده‌كه‌ی بەناچاری كۆچی كردووه‌ بۆ ئەڵمانیا. بەهۆی قەڵەمە بە بڕشتەکەی كه‌ فره‌زمان و فره‌كولتووره‌ شایه‌نی ئه‌و خه‌ڵاته‌یه‌.

کارۆش ته‌ها دوای ئەوەی خەڵاتەکەی وەرگرت بۆ میدیاکانی نەمسا قسەی کرد و گوتی، بەهۆی ئەوەی له‌نێو خێزانەکەیدا بە ئەڵمانی و کوردی قسە دەکه‌ن، بەرهەمەکانی ڕه‌نگینن. گوتیشی، «دوای چەندین ساڵ گەڕاینەوە کوردستان، دایکم نەیدەزانی بە کام زمان قسەم لەگەڵ بکات. بۆ ئەوەی فێر ببێت ده‌یویست بە ئەڵمانی قسە بکات، بۆ ئەوەی منیش کوردی لەبیر نەکەم، دەبوایە بە کوردیش قسەم لەگەڵ بکات.»

کارۆش ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، ئیدی خەونەکانیشی بە ئه‌ڵمانی و کوردین. گوتیشی، لە بەرانبەر وه‌رگرتنی خەڵاتی هۆهەنەمس سه‌ری سووڕماوه‌.

ڕۆمانی «Beschreibung einer Krabbenwanderung - گێڕانه‌وه‌ی مه‌شی قڕژاڵێك»ی کارۆش تەها ساڵی ٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە. ڕۆمانه‌كه‌ لە هەرێمی «ڕاین - وێستفالیای باكوور NRW»ی ئه‌ڵمانیاش خه‌ڵاتێكی وێژه‌یی پێدرابوو.

s.m