هێزل: ژن تیڤی شێوازی باوی میدیای ئێستا دەگۆڕێت

بەرفین هێزل ئەندامی دەستەی پەخشی ژن تیڤی وتی "دەمانەوێت پەیوەندیی نێوان ژن و ژیان، کە لەیەکتر دابڕێندراون، سەرلەنوێ بونیاد بنێینەوە و تۆڕی جیهانی ژنان بەهێزتر بکەین". هێزل وتیشی، کەناڵەکەیان دەبێتە کەناڵی بەیەکگەیشتن و دەستکەوتی هاوبەشی ژنان.

ڕۆژی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ / ١٩ى بەفرانبار ژن تیڤی ڕاگەیەندرا و لە ٨ی مارسی ئەمساڵیشدا دەستی بە پەخشی ئەزموونی کرد. ڕۆژی٣٠ی حوزەیران بە دروشمی 'دەنگی ژن، ڕووی ژیانە'، لەسەر شەپۆلی مانگی دەستکردی هۆتبێرد دەستی بە پەخشی ئاسایى کرد.

ژن تیڤی بە چەندین زمان و بەرنامەی دەوڵەمەند دەستی بە پەخش کرد. هاوکات لەگەڵ بەرنامە دەربارەی ژیانی کۆمەڵایەتى،  کلتووریی، ڕۆژانە، وەرزش، تەندروستی، سینەما و زانستی، چەندین پرۆژەی تریشیان هەیە، کە لە ئێستادا ئامادەکارییان بۆ دەکرێت.

پەخشەکەى بەپێى ژیان و کاتى ژنان رێکخراوە

تەلەفزیۆنی ژن بە گەرمی پیشوازیی لێکرا و دەیەوێت ئەو ڕەنگە باوەى ئێستاى میدیا کە هەیە، بگۆڕێت. بۆ نموونە، بە پێچەوانەی پەخشی ستانداردی باوی کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی ترەوە، کە بەگوێرەی ژیانی پیاوان رێکخراون، ژن تیڤی پەخشی خۆی بەگوێرەی ژیانی ژنان رێکخستووە.

هەموو خەباتکارەکانى ژنن

پرۆژەی کەناڵی ژن تیڤی لەلایەن وەقفی نەوای ژنانەوە ئامادەکراوە. تەلەفزیۆنێکی ژنانە، کە تەنانەت بەڕێوەبەر و سەرنووسەر، پێشکەشکار، ئەندامانی دەستەی پەخش، کارمەندانی دەنگ، دەرهێنەر، ڕوناکی، دۆبلاژ، کامێرا، پەیامنێران، تکنیک کاران و کارمەندانی سەر پەخش، هەموویان ژنن.

پەخشی ژن تیڤی بە گوێرەی کاتی ئەوروپا لە کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانییەوە دەست بە پەخش دەکات و هەتا کاتژمێر ٥ی ئێوارەوە پەخش دەکات. ئەو بەرنامانەی کە لەو ٨ کاتژمێر پەخشەدا بڵاودەکرێنەوە، لە کاتژمێر ٥ی ئێوارەوە هەتا کاتژمێر ١٠ی شەو دووبارە دەبنەوە.

بەرنامەکانى ئێستای ژن تیڤی

 بەرفین هێزل ئەندامی دەستەی پەخشی ژن تیڤی دەربارەی ناوەڕۆکی پەخشی کەناڵەکە زانیاریی دا و وتی "لە ئیستادا ئەم بەرنامانەمان هەیە: سیبەر (Sîber) ، دووربین (Dûrbîn) ، رەنگین (Rengîn) ، جا بە جا (Ca bi Ca) ، ژنبێژ (Jinbê) ، زەند و بەند (Zend û Bend) ، خاکی زێڕین (Xaka Zêrîn) ، پرسیارگەی ژن (Pirsyargeyî Jin) ، دەستکار (Destkar) ، تێشەیا وێژەیی (Têşeya Wêjeyê) ، هەوارگەی ژەنی (Hawargeyî Jenî) ، بیرەوەریی (Bîrewerî) ، ئیسیان (İsyan) ، تاکیپ تەییز (Takipteyiz) ، کۆنوشا کۆنوشا (Konuşa Konuşa) ، ئەشیت سەنات (Eşit Sanat) ، هەر دایم هەرەکەت (Her Daim Hareket).

جگە لەو بەرنامانەش، دۆسیەی تایبەت لەسەر ژیانی ژنان و منداڵان و بەرنامەی دیکۆمێنتاریی پەخش دەکرێن.

هێزل وتیشی "پاش ئەوەی هەندێک کەموکوڕیی تەکنیکی چارەسەر بکرێن و بنەمایەکی پێویستی بۆ ئامادە بکرێت، دەست بە پەخشی هەواڵی ڕۆژانەش دەکەین. ئەوەش لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجام، دەدریت. لە سەرەتادا بە زاراوەکانی کوردی و زمانەکانی عەرەبی و تورکی، هەواڵ و بەرنامەکان پەخش دەکەین و پاشانیش کە کاتی خۆی هات، بە چەندین زمانی تریش بەرنامەکان پەخش دەکەین.

ئەو پەیوەندییانەی دابڕێندراون، سەرلەنوێ دەیانخوڵقێننەوە

بەرفین هێزڵ جەختی لەوەش کردەوە، بە بەرنامەکانیان سەرنج ڕادەکێشنە سەر دەنگی ژنان، ڕەنجی ژنان، ڕاپەڕینی ژنان، هونەری ژنان و کێشە و ژیانی ناوخۆیی ژنان و وتیشی "وەک ژن تیڤی، ئێمە دەمانەوێت پەیوەندیی ژن و ژیان، کە لەیەکتر دابڕێندراون، سەرلەنوێ دروست بکەینەوە و تۆڕی جیهانی ژنان بەهێزتر بکەین".

لە بەردەوامی قسەکانیدا بەرفین هێزل ئەوەشى وت، تەلەفزیۆنێک لەسەر بنەمای ژن و ژیان، پێویستییەکی کۆمەڵایەتیی بوو. بە وتەی "ژن تیڤی دەتوانێت پێش لە نکۆڵیکردن و لەناوبردنی ژنان و کۆمەڵگا و ژینگە بگرێت"، ئاماژەی بە ئامانجی تەلەفزیۆنەکەیان کرد.

بەرفین هێزل جەختی لەوە کردەوە، کەناڵەکەیان دیارییەکە بۆ ژنانی بەرخۆدێر و دەستنیشانیشی کرد، لەهەموو لایەن و بوارێکەوە، کەناڵەکەیان بە ڕەنجی ژنان دروست بووە.

ئەندامی دەستەی پەخشی ژن تیڤی بەرفین هێزل ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە هەندێک پێوەری تەکنیکی نەبێت، پەخشێکی وەها دەکەن کە لەدەرەوەی چوارچێوەی ئەو ڕاگەیاندنەوە بێت کە ئێستا لە جیهاندا هەیە و وتیشی "لە هەڵبژاردنی هەواڵەوە هەتا نووسین و ئامادەکردن و پێشکەشکردنەوە، سنووری ستاندارد و ئەو شێوازەی پەخش کە هەیە دەگۆڕین. ژن تیڤی گرنگی دەدات بە هەموو ڕووداو و چالاکییەکانی ژنان لە سەرانسەری دنیادا. بە تێپەڕبوونی کات کەناڵەکەمان دەبێتە خاڵی بەیەکگەیشتنی هاوبەش و دەستکەوت و بیر و هۆشی ژنان".

هەر بەرنامەیەک خاوەنی ڕۆڵێکی گرنگە

بەرفین هێزل وتیشی "هەر بەرنامەیەکی کەناڵەکەمان خاوەنی ڕۆڵێکی گرنگە و کاتژمێرەکانی پەخشیشمان بەگوێرەی کاتژمێرەکانی ژنان ئامادە کردووە".

لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەندامی دەستەی پەخشی ژن تیڤی بەرفین هێزڵ، بە وتەی 'ژن تیڤی کەناڵی هەموانە' پێناسەی ژن تیڤیی کرد و جەختی لەوەش کردەوە، کە دەیانەوێت گرنگی بە هەموان بدەن. بانگەوازی لە هەموانیش کرد، کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، هەواڵ و دیمەن بۆ کەناڵەکەیان بنێرن و با هەر ژنێک ببێتە پەیامنێرێک بۆ کەناڵەکەی خۆیان.

ر.م