پارێزوانی ژن و منداڵان؛ تێرێزا كاچیندامۆتۆ

تێرێزا كاچیندامۆتۆ سه‌رۆكی هه‌رێمێكه‌ له‌ وه‌ڵاتی مالاوی كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌فریقا و به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ له‌ دژی تووندوتیژیی زایه‌ندی و هاوسه‌رگیریی منداڵان تێده‌كۆشێت.

له‌ هه‌موو لایه‌كی جیهان كێشه‌كانی ژنان له‌یه‌كده‌چن. تێرێزا كاچیندامۆتۆ كه‌ له‌ وه‌ڵاتی مالاویی ئه‌فریقا له‌پێناو ژیانێكی باش بۆ ژن و منداڵان تێده‌كۆشێت، ئێستا له‌ ئاستی جیهاندا ناسراوه‌. ساڵی ٢٠٠٣ ئه‌و به‌ هه‌ڵبژاردن بوو به‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی دیدزا كه‌ نزیكه‌ی ملیۆنێك دانیشتووی هه‌یه‌.

تێرزا كاچیندامۆتۆ له‌ دوای بوونی به‌ سه‌رۆكی هه‌رێمه‌كه‌، ده‌ستی به‌ ڕیفۆرمی په‌روه‌رده‌یی كرد و له‌ دژی تووندوتیژی زایه‌ندی و هاوسه‌رگیریی منداڵان وه‌ستایه‌وه‌. ساڵی ٢٠١٦ له‌ ئیسته‌نبووڵ هه‌شته‌مین خه‌ڵاتی نێونه‌ته‌وه‌یی هرانت دینك-ی پێدرا. ئه‌مساڵیش به‌شداری كرد له‌ مه‌ڕاسیمی دابه‌شكردنی هه‌مان خه‌ڵات و له‌و میانه‌یه‌دا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) دوا.

له‌ ده‌ستپێكی قسه‌كانیدا تێرێزا سه‌نجی خسته‌ سه‌ر گرینگی په‌روه‌رده‌ و گوتی، «له‌ ڕووی په‌روه‌رده‌وه‌ ژنان له‌دواوه‌ ماونه‌ته‌وه‌ و پیاو له‌پێشن. من فێرگه‌م ته‌واو كرد، ده‌ستم به‌كار كرد و ٢٧ ساڵه‌ سكرتێری كۆلێژێكم. ده‌زانم، ئه‌گه‌ر نه‌چووبوام بۆ فێرگه‌ نه‌مده‌توانی ئه‌م كاره‌ بكه‌م.»

تێرێزا كاچیندامۆتۆ له‌ لێدوانه‌كه‌یدا باسی ورده‌كاری بوونه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمه‌كه‌ی كرد و گوتی: «كاتێك منیان وه‌ك سه‌رۆك هه‌ڵبژارد، سه‌ره‌تا قبووڵم نه‌ده‌كرد. من ده‌مزانی له‌ ناوچه‌كه‌مان كاره‌با نییه‌، خۆم له‌وێ له‌دایكبووم. گوتم: له‌ ناوچه‌كه‌ كاره‌با نییه‌، من چی بكه‌م له‌وێ؟. به‌ هاوژینه‌كه‌م گوت نابێت، بۆ كاره‌كه‌م پێویستیم به‌ كاره‌با هه‌یه‌. منداڵه‌كانیشم نه‌یانده‌ویست بچین. دواتر خانه‌واده‌ی سه‌رۆكی وه‌ڵات هاتنه‌ ماڵه‌كه‌م و گوتیان هه‌تا قبووڵی نه‌كه‌ی و نه‌گه‌ڕێیه‌وه‌ وه‌ڵاتی خۆت، له‌ ماڵه‌كه‌ت ناچینه‌ ده‌ره‌وه‌.»

«هاوژینه‌كه‌م گوتی، [به‌ تێڕوانینی من ئیدی كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ بچین. ئه‌م كه‌سانه‌ ٣ جاره‌ دێن و داوات لێ ده‌كه‌ن. با ده‌ست له‌ هه‌موو شتێك به‌رده‌ین و بچین.] ٢٧ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٠٣ ده‌ربازی ئه‌وێ بووین. سه‌رۆكی ئه‌و كاته‌ش له‌وێ بوو. ئاسایی، سه‌ره‌تا مرۆڤ ده‌بێته‌ كاربه‌ده‌ست، دواتر ده‌بێته‌ حكومڕانی نه‌ریتی و پاشانیش ده‌بێته‌ حكومڕانێكی پایه‌به‌رز. به‌ڵام سه‌رۆك به‌ منی گوت، [نا، ئێمه‌ یه‌كسه‌ر تۆ ده‌كه‌ینه‌ حكومڕانی پایه‌به‌رز.]»

«منداڵانی ١٣-١٤ ساڵی بووبوونه‌ دایك و باوك»

تێرێزا درێژه‌ی‌ به‌م باسه‌ دا و گوتی: «دواتر من ویستم له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی سه‌رۆكی وه‌ڵات له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێك قسه‌ بكه‌م. ئه‌و شوێنه‌ی لێی ده‌ژیم، دوور بوو. كاتێك چووم بۆ لایان، كچێكی بچووكم بینی له‌ گۆڕه‌پانی تۆپی پێ یاری ده‌كرد. دواتر منداڵێكی ساوا ده‌ستی به‌ گریان كرد و كچه‌كه‌ ڕای كرد بۆ لای، كۆرپه‌كه‌ی خسته‌ باوه‌شی و شیری پێدا. من سه‌رم سوڕما، چوومه‌ لای كچه‌كه‌ و لێم پرسی ئه‌و ساوایه‌ هی ئه‌وه‌ یان نا. گوتی [به‌ڵێ، كۆرپه‌ی منه‌]. پێی گوتم هه‌فته‌ی داهاتوو ته‌مه‌نی ده‌بێته‌ ١٣ ساڵان. دواتر بانگی باوكی ساواكه‌مان كرد. ئه‌ویش گوتی، هه‌فته‌ی داهاتوو ته‌مه‌نی ده‌بێته‌ ١٤ ساڵان. من زۆر به‌مه‌ ئێشام.»

«ئه‌و شته‌ی سه‌ره‌تا له‌ بنه‌ماڵه‌ی سه‌رۆكی وه‌ڵاتم پرسی ئه‌مه‌ بوو: ئێوه‌ له‌به‌ر ئه‌مه‌ منتان وه‌ك سه‌رۆك هه‌ڵبژارد؟ بۆ ئه‌وه‌ی بێمه‌ ئێره‌ و ئه‌مه‌ ببینم؟ گوتیان [به‌ڵێ، بۆ ئه‌مه‌ تۆمان هه‌ڵبژارد. ئێمه‌ ده‌زانین تۆ په‌روه‌رده‌ت بینیوه‌. تۆ ئێستا سه‌رۆكی، خۆت بڕیار ده‌ده‌ی چی ده‌كه‌ی. هه‌ر چی ده‌ته‌وێ بیكه‌.] منیش گوتم باشه‌.»

كاچیندامۆتۆ ده‌ستنیشانی كرد، له‌ دوای ئه‌و ڕۆژه‌وه‌ بانگی هه‌موو سه‌رۆكی گونده‌كان و ژنانی كردووه‌. له‌وباره‌یه‌وه‌ گوتی، «ته‌نیا سه‌رۆكی ٢ گوند ژن بوون، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ بنه‌ماڵه‌ی سه‌رۆكی بگێڕمه‌وه‌، چیم له‌ده‌ست هات، كردم. ده‌یانگوت [له‌ كولتووری ئێوه‌دا ژن به‌ كه‌ڵكی هیچ شتێك نایه‌ت. ئه‌مه‌ له‌بیر نه‌كه‌ن]. به‌ڵام ئێستا هه‌رێمه‌كه‌مان نزیكه‌ی ٣٠٠ سه‌رۆكی ژنی تێدایه‌.

«بانگی به‌رپرسی هه‌موو گرووپه‌كان و گونده‌كان، ئه‌ركدارانی ده‌وڵه‌ت، ئاییندار و به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانی پۆلیسی هه‌رێمه‌كه‌مانم كرد. قسه‌م بۆ كردن. گوتیان هیچ یه‌كێك له‌وان تا ئێستا نه‌چوونه‌ته‌ فێرگه‌. منیش گوتم له‌ ئه‌مڕۆ به‌دواوه‌ ده‌مه‌وێ هه‌موو مرۆڤه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌مان په‌روه‌رده‌كراو بن. له‌ لاوانی تازه‌پێگه‌یشتوو ده‌ستپێده‌كه‌ین. بیانه‌وێ و نه‌یانه‌وێ ده‌بێ هه‌ر بچن بۆ فێرگه‌. من به‌ به‌رپرسه‌كانم گوت كه‌ منداڵانی خوار ته‌مه‌ن ١٨ ساڵان نابێ هاوسه‌رگیرییان پێبكرێ و مۆڵه‌تی ئه‌مه‌ نه‌ده‌ن.»

هه‌وڵدان بۆ یه‌كسانیی ژن و پیاو

تێرێزا كاچیندامۆتۆ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌و له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌ندامی كۆمیته‌ی زایه‌ندپارێزیی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و گوتی، «له‌پێناو ئه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمه‌كه‌مان پیاو له‌ هاوژینه‌كه‌ی نه‌دات، زۆر هه‌وڵ ده‌ده‌م. هه‌روه‌ها هه‌وڵی زۆر ده‌ده‌م كه‌ له‌ كاتی دووگیانیدا ژن بچێته‌ نه‌خۆشخانه‌. ناچارن جاری یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ هاوژینه‌كانیان سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ بكه‌ن، چونكه‌ له سه‌ردانی‌ ده‌ستپێكدا پشكنینی HIVیش ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر پاك بێت، هیچ كێشه‌یه‌ك نییه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌رێنی بێ، ئینجا هه‌مان پشكنین بۆ پیاوه‌كه‌ش ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت، كاتێك ژن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ مشتومڕ ده‌ستپێده‌كات.»

«كاتێك ژن پێشه‌نگی كارێك بن، ئه‌و كاره‌ سه‌رده‌خه‌ن»

كاچیندامۆتۆ له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌ هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردن له‌ لایه‌ن ژنانه‌وه‌ كرد و گوتی: «ده‌توانم بڵێم كاتێك كه‌ ژنێك له‌ ئاستی به‌رزدا ئه‌ركدار بێت، كاری زۆر باش و جوان ده‌كات. كاتێك ژنێك ده‌بێته‌ په‌رله‌مانتار، وه‌زیر یان سه‌رۆك، مرۆڤ ده‌زانێت كاتێك بچێته‌ لای كاره‌كه‌ی بۆ جێبه‌جێ ده‌كات. خه‌ڵك ئیدی چاوی كردووه‌ته‌وه‌. ده‌بینن و ده‌زانن كه‌ ژنان ده‌توانن چی بكه‌ن. ژنان ئه‌و شته‌ی له‌ ده‌ستیان بێ ده‌یكه‌ن و ده‌ستكاری ئه‌م سیسته‌مه‌ ده‌كه‌ن و چاكی ده‌كه‌ن‌.»

s.m