پاژک: بەرخۆدێران تێکۆشانی ئێمەیان بۆ ئازادى لە زیندانەوە گەیاندە چیا

دەستەى بەڕێوەبەریى پاژک رایگەیاند، بەو بەرخۆدانەی کەمال پیر، محەمەد خەیری دورموش، عاکف یڵماز و عەلی چیچەک، پێشەنگایەتیان کرد، تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد سەرکەوتنی خۆی ڕاگەیاندووە.

دەستەی بەڕێوەبەریى پارتى ئازادیى ژنانى کوردستان (پاژک – PAJK) بەبۆنەی ٣٧هەمین ساڵیادی بەرخۆدانی ڕۆژووی مردنی گەورەی ١٤ی تەمووز، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "ئەو ئاگری نەورۆزە، کە لە لایەن مەزلوم دۆغانەوە هەڵکرا، بە ئاگری چوار کەس گەشایەوە و بە چالاکیی هاوڕێیانمان، کە جەستەی خۆیان دایە بەر برسیبوون، تێکۆشانی ئێمەیان بۆ ئازادی لە زیندانەوە گەیاندە چیا".

لە ڕاگەیاندراوەکەی پاژکدا هاتووە، "لە ٣٧هەمین ساڵوەگەڕی بەرخۆدانی ڕۆژووی مردنی گەورەی ١٤ی تەمووزدا، لە کەسایەتیی کەمال پیر، خەیری دورموش، عەلی چیچەک و عاکف یڵمازدا، سڵاو بۆ شەهیدە نەمرەکانمان دەنێرین و سەری ڕێز و نەوازشیان بۆ دادەنەوێنین، سڵاو لەو چالاکییەیان دەکەین، کە بە بەرخۆدان ڕێگەی سەرکەوتنیان نیشان داین.

لەناو هەلومەرجی فاشیزم و کودەتادا خۆبەدەستەوەدان و نۆکەری دەسەپێندرا، لە دۆخێکدا ناپاکی بەسەر بەهای شۆڕشگێڕی و تێکۆشان دا دەسەپێنرا، بەرخۆدانی ڕۆژووی مردن وەڵامێکی گەورەیە، کە بە بڕیارێکی گەورە و بەرپرسیارییەکی مێژوویی سەلمێنرا. چالاکییەکە بە ئیرادەی کەسەکان دەستنیشانکرا و ئاستی ڕاستەقینەی شۆڕشگێڕیی تیادا سەلمێنرا. بەرخۆدانی ١٤ی تەمموز سەرکەوتنی گیانبازییە، سەرکەوتنی دڵسۆزییە بۆ دۆزەکە و سەرکەوتنی ئەو هێڵەیە، کە دەڵێت 'لەسەر گۆڕەکەم بنووسن قەرزارە' بە بەرپرسیارێتیی گەلە. ئاگری نەورۆز لەلایەن مەزلوم دۆغانەوە هەڵگیرسێنرا، بە ئاگری چوار کەسی دیکە گەشایەوە و بە چالاکیی هاوڕێیانمان کە جەستەی خۆیان دایە بەر برسیبوون، تێکۆشانە مەزنەکەمانیان لە زیندانەوە گەیاندە چیا. بەو بەرخۆدانەی کەمال پیر، محەمەد خەیری دورموش، عاکف یڵماز و عەلی چیچەک، پێشەنگایەتیان کرد، تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد سەرکەوتنی خۆی ڕاگەیاندووە.

تێکۆشانەکەمان کە لە میانەی ٣٧ ساڵدا گەورە بوو، بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا تەشەنەی کرد، بە پێشەنگایەتیی هێڵی بەرخۆدانی ڕۆژووی مردنی گەورەی ١٤ی تەمموز پێشکەوت. ئەو هێڵەی گیانبازی، ئەو هێڵەیە، کە لە چیاکانی کوردستان تێکۆشانی گەریلا، شەڕی ئازادی ژن و هزری نەتەوەی دیموکراتیکی خوڵقاند. هێڵی بەرخۆدان کە لە ڕێبازی کەمالەکاندا بە لەیلا گیوڤەن بەردەوام بوو، لەدژی هەمان دکۆماری تورکیای فاشیست، قڕکەر، نکۆڵیکەر و بکوژ بە چالاکیی مانگرتن سەرکەوتنی ئیرادەی ڕاگەیاند. ئەو ئیرادە ئەو ئیرادەیەیە، کە ئازادیی ڕێبەرمان مسۆگەر دەکات، فاشیزم تێکدەشکێنێت و ژیانی ئازاد دەخوڵقێنێت. تێکۆشانی بەرخۆدان، کە مۆری خۆی لە ساڵی ٢٠١٩ دا، سەلماندی ڕۆحی پەکەکە بۆ کوردایەتى و ژیانى ئازاد بەو ئەندازەیە، کە لە پێناویدا خۆی بۆ بەخت دەکات، بە دڵنیاییەوە لە سەریدەخات.

تێکۆشانانمان بۆ ئازادی نزیکەی نیو سەدەیە بەردەوامە و لە سەردەمێکی زۆر سەخت دایە. بزووتنەوەکەمان لە ناوەندی شەڕی جیهانیی سێیەمدایە و خاوەن ئەڵتەرناتیڤێکە و لە ئامانجی سیستمی داگیرکەر، قڕکەرەکانی نێودەوڵەتییدایە. لەم قۆناغەدا گەلی کورد بەها، دەرفەت، سیستمی ئازادی و تێکۆشانی کۆمەڵگەیی خۆی خولقاندووە، هەموو شێوازەکانی هێرشی داگیرکاریی ئەو بکوژانەی، کە لە دەرەوە دێن و کوشتار ئەنجام دەدەن ناچارن تێکبشکێن. ئەو هێڵە بەرخۆدانە، کە بە ڕۆحی ١٤ی تەمموز هاتوەتە گۆڕ، ڕاستیی گەلێکی شۆڕشگێڕ و ملیتانی ئافراندووە، کە دەتوانن لە دژی هەموو هێرش و کۆنسێپتێک بوەستنەوە.

سوپای کۆماری تورکیا فاشیست، کە بە داگیرکردنی باشووری کوردستان هێرشی سەر یەکێتی و هەبوونی نەتەوەیی کورد دەکات و شۆڕشگێڕ و پێشەنگ و قارەمانی ئەو گەلە هاوڕێ هەڵمەتی شەهید کرد، ناچاری ئەوە دەکرێت، کە لە چیاکانی باشووری کوردستان تێکبشکێت. پێش هەمووشیان ئێمەی ژنانی کورد لە باشووری کوردستان بانگەواز بۆ ژنانی ئازادیخواز لە چوارپارچەی کوردستان دەکەین، کە تێدەکۆشن بۆ ئەوەی یەکێتیی نەتەوەیی ژنانی کورد بخوڵقێنن، لە دژی هێزە داگیرکەرەکان هەموو شوێنێک بکەنە گۆرەپانی بەرخۆدان. بانگەواز دەکەین بۆ پێکهێنانی پێشەنگایەتیی یەکێتیی نەتەوەیی کورد. بانگەواز بۆ هێزە وڵاتپارێز، شۆڕشگێڕ و دیموکراتیکەکانیش دەکەین کە لە دژی فاشیزم بە تێکۆشانێکی ڕادیکاڵتر و بە ڕۆحی ١٤ی تەمووز لە هەموو شوێنێک بەرخۆدان بکەن.

گەلەکەمان و ژنانی خاوەن بڕیاری سەرکەوتن لە هێڵی بەرخۆدان و تێکۆشانی ئازادی دا، دەبێت بە ڕۆحی ١٤ی تەمموزەوە هەستنە سەر پێ، لە باشووری کوردستان لە دژی داگیرکاری، لە باکوری کوردستان و گشت کوردستان لە دژی قڕکردن و کردەوە پیاوسالارییەکان ڕاپەڕن. کات کاتی ئازادی و ژنە. ئازادیی ژن بە هێڵی بەرخۆدانی ڕۆحی پەکەکە - پاژکەوە خوڵقاوە و بەدی دێت. سڵاو لە شەهیدە مەزنەکانمان دەکەین و سەری ڕێز و نەوازشیان بۆ دادەنوێنین. ڕایدەگەیەنین بۆ یادکردنەوەیان و بەرز راگرتنى یادیان، بە دڵنیاییەو ئازادیی ڕێبەرمان و شۆڕشی ژن دەخولقێنین".

ر.م