پاژک: دەبینە بازنەى دەوری ئەم بەرخودانە مێژوییە

کۆمیتەى زیندانى پارتى ئازادیى ژنانى کوردستان (پاژک - PAJK) داوایکرد، پێویستە هەمووان ببنە بازنەی دەوری ئەم بەرخودانە مێژووییە و تێکۆشان گەش بکەن.

کۆمیتەى زیندانى پارتى ئازادیى ژنانى کوردستان (پاژک - PAJK) لەبارەى چالاکیى مانگرتن لە خواردن بۆ نەهێشتنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى پاژک دا هاتووە:

"تێکۆشانى ئێمە بۆ سەلماندنى بوونمان لە دژی فاشیزم ماوەى ٤٠ ساڵە بەردەوامە و گەیشتووەتە ئاستێکى گەردوونی و بووەتە تێکۆشانی پاراستنى کەرامەت و شکۆى مرۆڤایەتى. پرۆژەى کوردستانى ئازاد و رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى دیموکراتیک، کە رێبەرایەتیمان پێشیخستووە، هێزی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیستى ترساندووە. هەوڵ دەدرێت بە گۆشەگیریى سەر رێبەرایەتیمان دەست بەسەر ئومێد و ئیرادەى گەلان دا بگیرێت. وەک دەزانرێت حەز و تامەزرۆیى بۆ ئازادی کە رێبەراتیمان لە دڵی مرۆڤەکاندا چاندوێتى ئەمڕۆ لە دڵی گەلانى عەرەب، سوریانی و گەلانى تردا رەگی داکوتاوە. لەبەر ئەوەش هێزەکانى دژ بە ئازادی بە پیلانگێڕیى نێودەوڵەتى رێبەراتیمان و ئەو نرخ و بەهایانەى بونیاتى نابوون، کردە ئامانج.

داگیرکردنی عەفرین، هێرشەکانى سەر رۆژئاوا، مەخمور و شەنگال و بڕیارەکەى ئەمریکا لە دژی ٣ پێشەنگی بزووتنەوەى ئازادیمان و زیندانیکردنى پەرلەمانتارانى هەدەپە بەردەوامیى پیلانگێڕیى هێزە نێودەوڵەتییەکانە.

٢٠ ساڵە رێبەرایەتیمان لە دژی قورسترین گۆشەگیری لە بەرامبەر هێزە پیلانگێڕەکاندا بەرخودان دەکات و هەوڵ دەدات رۆڵی مێژوویى خۆی بگێڕێت. تەنها رێبەرایەتیمان دەتوانێت حساباتى ئەو شەڕە چەپەڵە تێکوپێک بدات. ئەمڕۆش لە زیندادا زیندانیانى دۆزی پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) و پارتی ئازادیى ژنانى کوردستان (پاژک) رایانگەیاند، لە دژی هێرشەکان بێدەنگ نابن و جەستەى خۆیان دەکەنە قوربانی.

لەبەر ئەوەش دەبێت تێگەیشتنێکى باش و دروست لە داواکەى لەیلا گیوڤەن بێتە ئاراوە. ئەو چالاکییە کە لەیلا گیوڤەن دەستیپێکردووە، چالاکیى هەڵوەشاندنەوەى گۆشەگیریى سەر رێبەرایەتیمانە و ئەو چالاکییە چالاکییەکى مێژووییە.  

بڕیارە گەورەکەى ٣٠ زیندانیى سیاسى، کە دەستیان بە چالاکیى مانگرتن لە خواردنى بێسنوور کردووە، کاریگەریى بەرخودانى رێبەرایەتیمانە لەسەر زیندانییان. لە هەمان کاتدا چالاکییەکانى مانگرتن لە خواردن لە کوردستان و ئەوروپا دەرخەری ئەوەن، کە هەرگیز گۆشەگیریى سەر رێبەرایەتیمان قبوڵ ناکرێت.

لەسەر ئەو بنەمایەش، ئێمە هەموومان سڵاو لە بەرخودانى زیندانەکان دەکەین، کە لە دەوری رێبەرایەتیمان بوونەتە بازنە. داوا لە هەموو لایەنە دیموکراتیکەکان دەکەین، کە لە دەوری ئەو بەرخودانە مێژووییەدا دەنگ هەڵبڕن و تێکۆشان گەش بکەن".

ر.م