پەیامی زەینەب جەلالیان بۆ رۆژی جیهانى ژنان

"وەرن پێکەوە دەست لە دەستى یەکتر بنێنین و هاواری هەقخوازانەمان بە هەموو دونیا بگەیەنین. ئەم کۆت و زنجیرە کە ستەمکاران لە دەست و قاچیان بەستوین تێکبشکێنین و لەگەڵ هاواری ئازادیى جیهاندا ببینە یەک".

"وەرن پێکەوە دەست لە دەستى یەکتر بنێنین و هاواری هەقخوازانەمان بە هەموو دونیا بگەیەنین. ئەم کۆت و زنجیرە کە ستەمکاران لە دەست و قاچیان بەستوین تێکبشکێنین و لەگەڵ هاواری ئازادیى جیهاندا ببینە یەک. دان بەخۆداگرتن، لێبوردەیى، خۆسوتاندن و خۆکوشتن بکەینە هاواری هەقخوازانەمان".

زەینەب جەلالیان زیندانیى سیاسی کورد لە زیندانى خۆی لە پارێزگاى ورمێ بە بۆنەى ٨ی مارس رۆژی جیهانیى ژنانەوە پەیامێکى بڵاوکردەوە.

زەینەب لەلایەن رژێمى ئێرانەوە بە تۆمەتى هاوکاریکردنى پارتى ژیانى ئازادی کوردستان (پەژاک) سزای زیندانیى هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە و ماوەى ١١ ساڵە لە زیندانەکانى رژێمى ئێراندایە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، زەینەب جەلالیان لە پەیامەکەیدا لە دواى پیرۆزبایکردنى رۆژی ٨ی مارس لە هەموو ژنانى جیهان، داواى لە هەموو ژنانى ئێران کردووە کە ئیدی لە بەرامبەر زوڵم و ستەم دا سەردانەنەوێنن و هاواری ئازادیخوازى بەرز بکەنەوە.

هەروەها زەینەب جەلالیان داواى لە هەموو ژنان کردووە تاوەکو  دەست لە نێو دەستى یەکتر بنێنن و دەنگی خۆیان بە جیهانیان بگەیەنن و لە ئێستاش بە دواوە، دان بەخۆدا گرتن، لێبوردەیى، خۆکوشتن و خۆسوتاندن بکەنە هاواری هەقخوازانە.

دەقی پەیامەکەى زەینەب جەلالیان

بە دڵ و بە گیان رۆژی ٨ی مارس لە هەموو ژنانى جیهان پیرۆز دەکەم.

ئەى گوڵاڵە سوورە و رەنگاورەنگەکانى نیشتمانەکەم بۆ لە بەرامبەر زوڵم و زۆردا سەرتان نەوی کردووە؟!

گوڵاڵە چەماوەکان سەرە نازدارەکانتان بەرز بکەنەوە و سەیری چاوە رەشە پڕ لە ئەسرینەکانتان بکەن، کە سۆی چاوەکانتانى داهێناوە و لە بەرامبەر ئەو ناهەقییە کە بۆ ماف و هەقتان و مرۆڤایەتى بەرامبەرتان ئەنجام دەدرێت، ئەو توڕەییە پەنگخواردووەی چەندین ساڵەی دەروونتان بکەنە هاواری ئازادی.

ئایا ئیدی شینگێڕان بۆ خۆشەویستان و ئازیزانمان و ئازادی، کە دەستمان داوە بەسە؟! ئەی گوڵاڵە زیندانیکراوەکان، من ١١ ساڵە شاهیدی بێدەنگییە کوشەندەکەتانم، بەرامبەر ئەو زوڵمەی، کە بەرامبەرتان ئەنجام دەدریت، ئەوە گەورەترین ئازارە، کە بە درێژایى تەمەنم ئەزموونم کردووە.

وەرن پێکەوە دەست لە دەستى یەکتر بنێنین و هاواری هەقخوازانەمان بە هەموو دونیا بگەیەنین. ئەم کۆت و زنجیرە کە ستەمکاران لە دەست و قاچیان بەستوین تێکبشکێنین و لەگەڵ هاواری ئازادیى جیهاندا ببینە یەک و دان بەخۆداگرتن، لێبوردەیى، خۆسوتاندن و خۆکوشتن بکەینە هاواری هەقخوازانەمان.

ئەی هاوزیندانییە نازدارەکانم، گوێ لەم گۆرانییە دڵنیشنە بگرن، کە ئەم گۆرانییە بە خوێنی هاورەگەزەکانى ئێمە خوڵقاوە.

بەڵێ خۆشەویستان و ئازیزان، باڵاى بەرز و رێک و خەنەیتان بەرز بکەنەوە، سەری دانەواوتان بەرز بکەنەوە، چاوە پڕ لە ئەسرینەکانتان بە ئاوی ژیانى ٨ی مارس بشۆرن و توڕەى پەنگخواردوی هەزاران ساڵەتان تێکبشکێنن. بێنە پاڵ ئەم گۆرانییە گەورەییە تاوەکو هیچ ستەمکارێک نەتوانێت ستەم لە ژن بکات.

من لە پشت دیوارە بەرزەکانى زیندانەوە بەو ئومێدە دەژیم، کە رۆژێک بە باوەشێکى پڕ لە گوڵی یاسەمینەوە بەرەو لاتان بێم و سەری نەوازشتان بۆ دابنەوێنم و بە دڵە مێهرەبان و بەسۆزەکانتان گوڵێکى یاسەمین پێشکەش بکەم.

زەینەب جەلالیان

زیندانى خۆی

٨ی مارسی ٢٠١٩

ر.م