ژنانی چالاكوانان لە شاری كەركوك داوای دروستکردنی ماڵی داڵدەدان دەکەن

نەبوونی ماڵ بۆ داڵدەدانی ژنان لە کەرکوک ژنانی بێ پەناگە کردووە بەرامبەر ئەو توندوتیژییەی دژیان دەکرێت.

لە شاری كەركوك تا ئێستا ماڵی داڵدەدان (شێڵتەر)ی ژنان بوونی نییە. ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی هەڕەشەی كوشتن و توندوتیژی و دەستدرێژی دەبنەوە ڕەوانەی شێڵتەرەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێن. نەبوونی شێڵتەر ترسی لای ڕێكخراوەكانیش دروستكردووە،  چونكە زۆر جار ڕێكخراوەكان ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە بەهۆی داڵدەدانی ژنانەوە."

شۆخان عومەر توێژەری كۆمەڵاتی و چالاكوانی مافی ژنان دەربارەی پێویستی شاری کەرکوک بۆ شێڵتەر بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "نەبوونی شێڵتەر کێشەیەکی زۆری بۆ ئێمە دروست کردووە وەکو چالاکوانی مافی ژنان کاتێک کە ئەم ژنانەی کێشەیان هەیە یان لە ترسی کوشتنیان لەسەرە پەنا بۆ ئێمە دەبەن ئێمە نازانین لە کوێ دایانبنێین، چونکە ئەگەر لای ئێمە بمێننەوە ئەوە ئێمە لەلایەن یاساوە سەزا دەدرێین، چونکە مۆڵەتمان نییە بۆ ئەم کارە".

هەروەها شۆخان عومەر ڕایگەیاند: "کاتێک کە ژنان کێشەیەکیان تووش دەبێت بەهۆی نەبوونی شێڵتەر لە شاری کەرکوک ناچارین رەوانەی شێڵتەرەکانی هەرێمی کوردستانیان بکەین، لە هەرێمی کوردستانیش ژمارەی ئەو کەسانەی وەر دەگیرێن لە شێڵتەرەکان دیاری کراوە و ئەمەش کێشەیەکی دیکەی دروست کردووە بۆ ژنان."

سرود ئەحمەد بەپرسی لقی كەركوكی كۆمەڵەی هیوای عێراقی لەوبارەیەوە رایگەیاند: "ئێمە پێش ٧ساڵ لە سەردەمی دکتۆر نەجمەدین پارێزگاری پێشووی کەرکوک بەڵێنمان پێدرابوو کە دوو شەڵتەر لەم شارە دروست بکرێت، بەڵام دروست نەکرا. بەداخەوە لەم شارە ڕۆژ بە ڕۆژ حاڵەتی كوشتن و خوكوشتن و توندوتیژی دژی ژنان روو لە زیادبوونە، هەروەها شێوازی لێدان و ئەشكەنجەی ژنان بەهەمان شێوە ڕوو لە زیادبوونە، ئێمە ناتوانین داڵدەی ئەو ژنانە بدەین کە توندوتیژی بەرامبەریان ئەنجامدراوە، چونكە شوێنمان نییە و یاساش قبوڵ ناکات ئەم ژنانە لە خۆبگرین."

سرود ئەحمەد دەربارەی ئەو هەڕەشانەی رووبەروویان دەبێتەوە کاتێک داڵدەی ژنان دەدەن راشیگەیاند: "ئێمە زۆر جار لە بەر ئەو حاڵەتانە تووشی مەترسی دەبین، چونكە ئەگەر هەیە بە چەكەوە بێنە سەر ناوەندەكەمان بەهۆی ئەوەی شارەكە هەمووی چەكدارە، بەهۆی نەبوونی یاسا بۆ پاراستنی شێڵتەر حكومەت و لایەنی ئەمنیش ڕۆڵیان نییە لە پاراستنی ئەو ژنانە، بۆیە ئەگەر ئێمە شێڵتەرمان هەبێت حاڵەتی كوشتن كەم دەبێتەوە و توندوتیژی دژی ژنان کەم دەبێتەوە، چونكە شێڵتەر دەتوانێت ئەو ژنانە بپارێزێت كە ڕووبەڕووی توندتیژی و هەڕەشەی كوشتن دەبنەوە."

چیمەن ئەحمەد  پارێزەر و چالاكوانی بواری ژنانە لە كەركوك لەسەر کێشەی نەبوونی شەڵتەر پێى وتین: "بوونی شێڵتەر لە شاری کەرکوک زۆر گرنگە بۆ پاراستنی ژنان، بەڵام ئێمە ناتوانین ئەو ژنانە بپارێزین، کە تووشی توندوتیژی و هەڕەشەی کوشتن دەبنەوە بەهۆی ئەوەی قەیرانێکی یاسایمان هەیە، چونكە تاوەكو ئێستا لە عێراق ئەو بابەتە بە یاسایی نەكراوە و لە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش شێڵتەر بوونی نییە، چونکە دانانی شێڵتەر بە یاسا دەبێت لە ژێر چاودێریی بەشی توندوتیژی خێزانیدا بێـ وەکو ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە."

هەروەها چیمەن ئەحمەد ووتیشی: "ئێمە وەکو چالاکوانی مەدنی چەندین جار لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار باسمان لە گرنگیی دروستکردنی شێڵتەر کردووە و داوامان کردووە شێڵتەرمان بۆ دروست بکەن لە شارەکە."

ژ.ت