چیرۆکی بەرخۆدانی دایکێک لەدژی ڕژێمی ئێران

ڕوناک ڕۆژهەڵات کە ئەندامی ڕێکخراوەی کەژارە لە ئەورووپا ودایکی دوو منداڵە ولە بەندیخانەکانی ئێرانەوە هەتا ئەوروپا خەباتی کردووە. بە بڕیاررەوە سوورە لەسەر تێکۆشان وسەرنج ڕادەکێشێتە سەربابەتی ناسینی داگیرکاریی.

ڕوناک ڕۆژهەڵات کە لەناو خەباتی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار - KJAR) دایە، لەسەر ژیان و تێکۆشانی خۆی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوا.

ڕوناک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاری سنە لەدایک بووە. لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە هاوسەرگیری دەکات.

لەدژی هێرشەکانی ڕژێمی ئێران بۆسەر گەلی کورد، تێکۆشانێکی گەورە دەکات. خۆی و هاوژینەکەی ڕووبەڕووی هێرشی گەورە دەبنەوە. بەشداری شۆڕشی گەلانی ئێران دەکەن لە ساڵی ١٩٧٩. لەڕێگەی هاوژینەکەیەوە تێکۆشان دەناسێت. بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە هەتا ئەمڕۆش لە تێکۆشان بەردەوامە.

کاتی یەکتر ناسین

ڕوناک باسی سەرەتای تێکۆشانەکەی دەکات لەدژی ڕژێمی ئێران: "سەرەتا هیچ پەیوەندییەکمان بە سیاسەتەوە نەبوو. لەڕێگەی هاوژینەکەمەوە تێکۆشانم ناسی. هاوژینەکەم چەپڕەوێکی ڕادیکال بوو. ئەندامی کۆمەڵە بوو. لە سەردەمی شای ئێرانەوە دەستی بە تێکۆشان کردبوو. ئەو کاتە شەش مانگ زیندانی کرا. ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی زۆر ببوەوە. بەردەوام باسی ئەو کاتانەی بۆ من دەکرد. بۆچی گیراوە ..هتد. دواتر منی بۆ کتێب خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە هان دا. لەسایەی ئەوەوە من زانیم کە وڵاتەکەم داگیر کراوە. دوای ئەوە من لە لێکۆڵینەوە بەردەوام بووم. من و هاوژینەکەم بەشداری خەباتی دیکە دەبووین. بە شێوەیەکی چالاک بەشداری شۆڕشی ١٩٧٩ی گەلانی ئێران بووین. ئەو ساتانە بۆ من بە جۆش و خرۆش بوون. ژیانی ماڵ بۆ من زۆر گرنگ نەبوو. هەموو ژیانم بۆ تێکۆشان، ئازادی، خاک و وڵات بوو".

لە منداڵەکەم گرنگتر بوو

ڕوناک دایکی دوو منداڵە، وەکو دایکێک سەختییەکانی بەشداریکردنی خەبات بەو شێوەیە باس دەکات: "ساڵی یەکەم من دووگیان بووم، کوڕێکم بوو. کاتێک شۆڕش دەستیپێکرد کوڕەکەم تەمەنی یەک ساڵ بوو. خومەینی دەسەڵاتی گرتە دەست، هێرشی گەورە کرانە سەر کوردستان. بەهۆی هێرشە قورسەکانەوە ناچار بووین چوینە دەرەوەی شار. شۆڕشی گەل هەڵگەڕایەوە بۆ دژە شۆڕش بەرژەوەندییەکانی گەل خرانە ژێر پێوە. کوردستانیش پشکی شێری لەوە بەرکەوت. ٢٤ ڕۆژی بەردەوام ئێمە لەناو شەڕدا ماینەوە. کوڕەکەم بۆ من گرنگ بوو، بەڵام وڵاتەکەم گرنگتر بوو. ئەوم لای دایکم دادەنا و دەچوومە چالاکییەکان. کاتێک هێرشم لەدژی گەل دەبینی، نەدەکرا بێدەنگ بم و بوەستم. ٢٠ ڕۆژ هاوژینەکەممم نەبینی. نەدەکرا بیر لەخۆمان بکەینەوە. بەتایبەتی گەلی کورد ڕووبەڕووی سەختییەکی زۆر دەبوونەوە".

لەگەڵ کوڕەکەی زیندانیی کرا

ڕوناک لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەستگیر دەکرێت، لەگەڵ کوڕەکەی ڕەوانەی زیندان دەکرێت. ڕوناک بەمشێوەیە باسی ئەو کاتانە دەگێڕێتەوە: "چالاکیمان دەکرد، خەباتمان دەکرد، هەربۆیە هێرشمان دەکرایە سەر. خۆم و کوڕەکەمیان گرت، شەش مانگ لە زیندان ماینەوە، قۆناغی زیندان بۆ من زۆر سەخت بوو، سێ ڕۆژ هەر نەنووستم، چونکە شوێنێکیش نەبوو لێی بخەوین، عەرزێکی ڕووتی چیمەنتۆ بوو. بۆ ئەوەی کوڕەکەم لەسەر چیمەنتۆکە بەرنەبێتەوە، بەردەوام چاوم پێیەوە بوو. ساتێک چاوم کەوتنە سەر یەک، کوڕەکەم کەوت، قیژاندم، دواتر پاسدار هاتن و ئێمەیان بردە نەخۆشخانەی گەڕۆک. لەوێ دکتۆرێکی خەڵکی مهابادی لێ بوو، کوڕەکەمی چارەسەر کرد، ئەوکاتە پاسداریش لەگەڵمان هاتنە ژووری دکتۆرەکە، بەڵام پزیشەکەکە بەزۆر پاسدارەکانی لە ژوورەکەی دەرکرد. ئاماژەی بە پەنجەرەکە کرد، ویستی هەڵبێم، هیچ کات ئەو ساتە لەبیر ناکەم، بەڕاستیش ئەو کوردێکی ڕاست و وڵاتپارێزێکی ڕاستەقینە بوو، ئەگەر من هەڵاتبام پزیشکەکە تووشی لێپرسینەوە دەبوو، بۆیە من هەڵنەهاتم. دیسان گەڕاینەوە زیندان، دوای ٩ مانگ ئازاد کراین".

دوای زیندان بە عەشقێکی گەورەترەوە ...

ڕوناک لە بەردەوامی قسەکای خۆیدا وتی: "دوای ئەوەی کە لە زیندان دەرچووم، ڕق و کینەم ئەستوورتر بوو و بە عەشقێکی گەورەترەوە کەوتمەوە ناو خەبات". ڕوناک بەو شێوەیە بەردەوام بوو: "دوای ئەوەی لە زیندان ئازاد کرام، بە عەشقێکی گەورەوە بەشداری خەباتم کرد. ئەوکاتە ڕووداوێک ڕوویدا دەمەوێت باسی بکەم؛ ئەوکاتە پاسدار هێرشی کردبووە سەر مەریوان و خەڵکی مەریوانیان لە شارەکە دەرکردبوو. بۆ ئەوەش، ئێمەی خەڵکی سنە هەتا مەریوان ڕێپێوانمان کرد و پاسدارەکانمان لەشارەکە دەرکرد، خەڵکی مەریوان جارێی دیکە گەڕانەوە ماڵەکانیان. بەڕاستیش فوئاد مستەفا سوڵتانی کە ئەو کاتە ئەندامی کۆمەڵە بوو، ڕۆڵێکی کاریگەری گێڕا و زۆریش یارمەتی ئێمەی دا. شۆڕشگێڕێک بوو لە هەموو لایەنێکدا واتادار بوو".

بەڵێنم بە هاوژینەکەم دا

هاوژینەکەی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە شەهید دەکرێت، دوای شەهیدبوونی هاوژینەکەی ڕووبەڕووی سەختی زۆر دەبێتەوە، لەباریەشەوە وتی: "هاوژینەکەم بۆ ئازادی گەلەکەم خەباتی دەکرد. ڕۆژێکیان کە دەچووە سەر کارکەکەی، لەلایەن جاشێکەوە سیخوڕی لێ کرا، بە تاوانی ئەوەی کە خەریکی کاری ڕێکخستنە دەستگیر کرا، ئەو کاتە تەمەنی ٣١ ساڵ بوو، شەهید کرا. بۆ ئەوەی من گرێدراوی بیرەوەرییەکانی بم، بەڵێنی بەردەوامبوونم لە تێکۆشان پێدا، هەتا ئێستاش وازم لە تێکۆشان نەهێناوە".

ڕوناک جارێکی دیکە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەستگیر دەکرێت، دوای ١٨ مانگ جارێکی دیکە ئازاد دەکرێت، دواتر دەرفەتی کارکردنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش نامێنێت، دەچێتە باشوری کوردستان و دواتریش دەچێتە ئەوروپا. دوای ماوەیەک تێکەڵی فەلسەفەی ئاپۆیی دەبێت، ڕوناک بەم شێوەیە باسی ئەو کاتانەش دەکات: "کاتێ چوومە ئەوروپا فەلسەفەی ڕێبەرایەتیم ناسی، کتێبەکانیم خوێندەوە، فەلسەفەی سەرۆکایەتیم ناسی، لەو کاتەوە لە خەباتی ئازادی کوردستاندا لە تێکۆشان بەردەوامم".

لە کۆتاییدا ڕوناک بانگەوازیی بۆ گەلی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و رایگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی دوو منداڵم هەبوو، ڕژێمی ئێران گوشاری زۆری دەخستە سەرم، تەواوی هەبوونی خۆمم فیداکرد. بانگەوازی بۆ گەلی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم، بە تایبەتیش بۆ گەنجان، دەبێت بەشداری تێکۆشانی ئازادی کوردستان بکەن، لەدژی هێرشەکانی ڕژێم بێدەنگ نەبن، تاکە شتێک کە ڕزگارمان دەکات، تێکۆشانە دژی داگیرکاریی".

ک-ش