ڕه‌ژاك داوا له‌ ژنانی باشووری كوردستان ده‌كات خۆیان ڕێكخه‌ن

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕه‌ژاک) ڕاگەیەنراوێکی ده‌رباره‌ی زیادبوونی کوشتنی ژنان لە ھەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. ڕه‌ژاك داوا دەکات ژنان خۆیان ڕێكخه‌ن.

ئەمڕۆ ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕه‌ژاك) ڕاگەیەنراوێکی ده‌رباره‌ی زیادبوونی تووندوتیژییەکانی به‌رانبه‌ر ژنان و کوشتنی ژنان بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووه‌: یەکێک لە ھۆکارەکانی زیادبوونی تووندوتیژییەکان به‌رانبه‌ر ژنان، ئەو داگیرکارییانەیە کە دەوڵەتی تورکیا بە ھاوکاری ھێزە پاوانخوازەکانی ھەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدات لە باشووری کوردستاندا. بۆ ئەوەش ڕه‌ژاك نموونەی ئەو تووندوتیژی و ھێرشانە دەھێنێته‌وه‌ کە لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا به‌رانبه‌ر دانیشتوانی کورد و ژنانی کورد لە ناوچەدابڕاوەکان، بەتایبەت دانیشتووانی شارۆچکەی خورماتوو ئەنجامدرا و دەستدرێژی كرانه‌ سه‌ر ژنان. ڕه‌ژاک ھۆکاری ئەو تووندوتیژییانە بۆ ھاندانی ڕق و کینەی نەتەوەکانی ئەو ناوچانە دەگەڕێنێتەوە به‌رانبه‌ر یەک، لە لایەن دەوڵەتی تورکیا و دەوڵەتانی دیکەوە.

ڕه‌ژاك ڕایگه‌یاند: «ھەموو ڕۆژێک لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان، ھەواڵی کوشتنی ژنان دەبیسترێت، بە گوێره‌ی ئامارێک کە لە لایەن ئاژانسی ھەواڵی ڕۆژ نیووز، بڵاوکراوەتەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە  ٢٣٨ کەس کە زۆربەیان ژنن کوژراون یان خۆیان کوشتووە. ئەقڵییەتی داگیرکاری، شەڕخواز و چەوسێنەری پیاوسالاری لە کۆمەڵگه‌دا ژنانی کردووەتە ئامانجی شەڕی دەسەڵاتخوازی خۆیان. بەم ڕێگه‌یەدا دەیەوێت ھێزی ژنانی ئازادیخواز نەبێتە ئیرادە.»

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕه‌ژاك)، تیشکی خستووەتە سەر کاریگەری ئەو شەڕ و ناکۆکییانەی کە لە ڕۆژھەڵاتی ناوڕاستدا ھەیە لەسەر ژنان و ده‌ستنیشانی كردووه‌: «ئەو داگیرکارییانە وایانکردووە کە تووندوتیژییەکان لە به‌رانبه‌ر ژناندا تەنھا لە لایەنی فیزیکییەوە ئەنجام نەدرێت، بەڵکو سەریکێشاوە بۆ تووندوتیژی کولتووری و کۆمەڵایەتی. بەشێوەیەک دەستدرێژی بۆ سەر خاک لە ھەندێک جێگه‌دا گۆڕدراوە بۆ دەستدرێژی بۆ سەر ژنان.»

ڕه‌ژاك داوا له‌ ژنان ده‌كات لە به‌رانبه‌ر ئەو تووندوتیژیانەی به‌رانبه‌ریان دەکرێن خۆیان ڕێكخه‌ن.

«گرنگە وەکو ژنانی کورد، به‌رانبه‌ر بەم ھێزە داگیرکارانە کە دەستدرێژییان كردووه‌ته‌ سه‌ر خاک و جەستەمان، لە ئاستی کوردستان و عێراقدا خاوەن ھەڵوێستێکی ھاوبەش بین. بەتایبەت لەم قۆناغەدا کە کوردستان بە دۆخێکی زۆر ھەستیاردا تێدەپەڕێت، ناکرێت بێدەنگ بین و تەنیا چاوەڕوان بین. بۆیە داوا دەکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵکوژکردنی ژنان و کۆی گشتی گەلی کورد، با چالاکی و ھەڵوێستی ھاوبەشمان ھەبێت.»

s.m