ڕژاک: بۆ ژیانێکی ئازاد پێویستی بە تێکۆشانی هاوبەش هەیە

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک بە بۆنەی نزیکبوونەوەی ٨ی ئادار ڕایگەیاند: "ڕۆحیەتی ٨ی ئادارەوە بەشێوازی هاوبەش و زانستی تێکۆشان، پەروەردە و ڕێکخستن و یەکێتی ڕەگەزییمان پێشبخەین".

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک بە بۆنەی نزیکبوونەوەی لە ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنان بە دروشمی 'تێکۆشانی ژنان، ئازادیی مسوگەر دەکات'، ڕاگەیەندراوێکی بۆ ڕای گشتی داوە کە تێیدا هاتووە: 

بە ڕۆحیەتی ۸ ئادار تێدەکۆشین

٨ی ئادار بە ڕۆحیەتی بەرخۆدان و یەکگرتن و سەرکەوتنی ژنانی جیهان لە تەواوی ژنانی باشووری کوردستان پیرۆز دەکەین، ئێمەی ژنان ئەم ڕۆژەمان بە تێکۆشان و بەرخۆدان بە دەستخستووە، ئەگەرچی بۆ ئێمە خاوەنی واتایەکی تایبەتە، بەڵام گرنگ ئەوەیە تێبکۆشین بۆ ئەوەی نەک تەنیا لە ناو ساڵێکدا ڕۆژێک، بەڵکوو هەموو ڕۆژێک بکەینە ڕۆژی ژنانی ئازاد، بەم بۆنەشەوە لەم ڕۆژەدا ئەو ژنانەی کەوا بوونەتە قوربانی دەسەڵاتداریەتی پیاوسالاری، بە بیریان دێنینەوە و پەیمان دەدەین بە تێکۆشانمان تۆڵەیان بکەینەوە.

ئازادبوونی ژنان ئازادبوونی کۆمەڵگایە

ئەمڕۆ لە سەرتاسەری جیهان کوشتنی ژنان، دەستدرێژی، بە شوودان لە منداڵیەتیدا، خەتەنە و سونەتکردن، لێدان، کۆچبەرکردن، هەژاریی، فرەژنی و بێکاریی بە دەستی سیستەمی پیاوسالاریدا بەسەر ژناندا دەسەپێندرێت، بە تایبەتیش لە باشووری کوردستان قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئابووری، کەلتووری و حقوقی کەوا تیایدا دەژین، زۆرینەی ژنان بەم قەیرانانەوە کاریگەر دەبن، مسۆگەر کوشتنی ژنان کوشتنی ژیانە و تێکچوونی ویژدانی مرۆڤایەتیە، بە پێچەوانەوە ئازادبوونی ژنان ئازادبوونی کۆمەڵگایە.

بە تێکۆشان تۆڵە ژنانی قوربانی دەکەینەوە 

بۆ ئێمەی ژنان بەڕێوەبردنی تێکۆشان و بەرخۆدان و یەکگرتن دەرفەتێکی زۆر گرنگە، پێویستە بۆچوون و تێڕوانینمان لە بواری کۆمەڵایەتی، کەلتوور و سیاسی جیاواز بێت، بەڵام لە بەرامبەر پێکهاتەی سیستەمی پیاوسالاری ئێمە لە هەموو شوێن و هەموو کاتێکدا هەمان ئازار دەکێشین، بۆ ژیانێکی ئازاد و هاوسەنگ لە جیهاندا ئاوا بێت، پێویستە ئێمە شان بە شانی یەکدی تێکۆشان و بەرخۆدان بگەیەنینە یەک، ئەو کات دەتوانین بڵێین ئەگەر ژن ئازاد و سەربەست بوو بێگومان ئەوا کۆمەڵگا ئازاد دەبێت.

ژنان پێویستیان بە تێکۆشانێکی زانستی و هاوبەش هەیە

سیستەمی پیاوسالاری بۆ قڕکردنی ئیرادەی ئازادیی ژنان هەموو جۆرە هێرشێک پێکدێنێت، بۆیە ئێمەی ژن پێویستیمان بە تێکۆشانێکی زانستی و هاوبەش  هەیە تا هەموو ڕۆژێک بە ڕۆحی ٨ی ئادارەوە پەروەردە و ڕێکخستن یەکێتی ڕەگەزیمان پێشبخەین، هەتاوەکو پیاو ناچاری گۆڕانکاریی بکەین و بە جۆش و خرۆش و بە ئازادیی بژین و ژیانی ئازاد ئاوا بکەین.

هـ.هـ