ژن ئیدی زۆرتر بەهێز و بە رێکخستنە

بەهار کاراکاش ئولوگ هاووتەبێژی داکەپە رایگەیاند، لە دژی توندوتیژیی دژ بە ژنان رۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر دەڕژێنە سەر شەقامەکان. راشیگەیاند، ژنان ئیدی زۆرتر بەهێز و بە رێکخستنن.

ملیونەها ژن لە زۆربەى وڵاتان خۆیان ئامادە دەکەن بە بۆنەى ٢٥ی تشرینى دووەم (نۆڤەمبەر)، رۆژی بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژی لە دژی ژنان بڕژێنە سەر شەقامەکان. بەهار کاراکاش ئولوگ هاووتەبێژی پلاتفۆرمی ژنانی دیجلەى ئامەد (داکەپە - DAKP) رایگەیاند، لە دژی هەموو جۆرە نایەکسانییەکى رەگەزی، نەژادپەرستی و نایەکسانی لە بەها رەگەزییەکانى کۆمەڵگەدا تێدەکۆشن.

ئولوگ راشیگەیاند، ژنان ئیتر زۆر بەهێز و بە رێکخستنن. ملیونەها ژن لە دژی نایەکسانیى رەگەزیى ناو کۆمەڵگە، میلیتاریزم، نەژادپەرستی و باوکسالاری تێدەکۆشن.

ئولوگ ئەوەشی وت، ژن هێز لە پشتیوانیى نێونەتەوەیى ژنان و جەوهەری خۆی وەردەگرێت. ژن لە هەموو سەردەمە مێژووییەکاندا لە دژی دەوڵەت و باوکسالاری بووە و لە بەرامبەریاندا خۆڕاگریى کردووە. لە ٢٥ی نۆڤەمبەردا دەڕژێنە سەر شەقامەکان و وەک ١٠٠ ساڵ پێش ئێستا ژن لە شەقامەکان و گۆڕەپانەکانەدا بەردەوام دەبێت لە بەرخودانەکەی.

"ژنان لە ئاستى نێونەتەوەیدا پێکەوە خۆڕاگری دەکەن"

ئولوگ باسی ئەوەشیکرد، بناغەى دروستبوونی سیستمى دەوڵەت توندوتیژیی لە دژی ژنان تیادایە و لەوبارەیەوە وتی "هەمیشە لە نێوان دەوڵەتەکاندا رێککەوتنێک لە دژی ژن هەبووە. ئەو رێککەوتنە لە دژی ژن بەشێوەیەکى شاراوە و هەندێکجاریش بە ئاشکرا کاری پێکراوە".

وتیشی "بەرخودانى ژن لە دژی توندوتیژی و زوڵمی دەوڵەت لە ئەمریکا دەستیپێکرد و بووە یەکەم شەپۆلی فێمێنیزم. لە تورکیا لە دوای کودەتای ١٩٨٠دا لە پارکی یۆگیورتچویى چالاکیى ژنان خۆی لە لاپەڕەکانى مێژوودا تۆمار کرد".

ئەوەشی وت "لە هەر شوێنێک توندوتیژیى دەوڵەت و پیاو بوونی هەبوو بێت ژن لەوێ خۆڕاگریى کردووە. تێکۆشانی ژنان پێشتر لە بازنەیەکى بچووکدا بوو، بەڵام ئێستا لە ئاستی نێونەتەوەیدا بە بەهێزی و بە رێکخستنکراو بەردەوامە. ئەو بەرخودانە بووەتە بەرخودانى ملیۆنەها ژن. بەو بۆنەیە من داوا لە ژنانى ئامەد دەکەم بەشداری لە پلاتفۆرمی ژنانى دیجلەى ئامەد دا بکەن".

ر.م