ژنان لە وان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد

چالاکوانى بزووتنەوەى ژنانى ئازاد و دایکانى ئاشتى لە دژی گۆشەگیری و بۆ پشتیوانیکردن لە لەیلا گیوڤەن لە وان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد.

 لەیلا گیوڤەن پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە لە دژی سیاسەتى گۆشەگیرکردن ماوەی ٣٣ رۆژە لە چالاکیى مانگرتن لە خواردندایە. رۆژ لە دواى رۆژ پشتیوانییەکان لە لەیلا گیوڤەن و چالاکییەکەى روو لە زیادبوون دەکات.

چالاکوانانى بزووتنەوەى ژنانی ئازاد (تەژەئا - TJA) و دایکانى ئاشتی لە شاری وان دەستیان بە چالاکیى مانگرتن بۆ پشتیوانیکردن لە لەیلا گیوڤەن و چالاکییەکەى کرد و مانگرتنەکەش ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت.

یادیشەن کارابولاک هاوسەرۆکى هەدەپە لە وان، ئالای تارهان هاوسەرۆکى دەبەپە لە وان، بەدیعە ئۆزگۆکچە پەرلەمانتاری هەدەپە لە وان، رۆژبین چەتین هاوسەرۆک شارەوانیى ئارتەمێنت، بەڕێوەبەرانى کۆمەڵەى بنەماڵەى زیندانیان و دەستگیرکراوان (توهای دەر / TUHAY-DER) و نوێنەرانى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە - KCD) لەبارەى هۆکاری دەستکردن بە چالاکیی مانگرتن لە خواردن راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.

"تاوەکو قبوڵکردنى داواکانى گیوڤەن..."

جەزای دومان ئەندامى تەژەئا رایگەیاند "بۆ ئاشتی و دیموکراسی ئێمە پشتیوانى لەیلا گیوڤەنین و داواکانى ئەویش داوای ئێمەن. تێکۆشانی بەڕێز گیوڤەن لە دژی توندوتیژی لە دڵ و مێشکى ئێمەدایە. بۆ ئەوەى پشتیوانى لە بەرخودانەکەى بەڕێز گیوڤەن بکەین دەستمان بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن بۆ ماوەی ٣ رۆژ کردووە. ئێمە سڵاو لە بەرخودانەکەی گیوڤەن دەکەین. تاوەکو داواکانى گیوڤەن قبوڵ نەکرێن چالاکییەکانمان بەردەوام دەبن".

ر.م