ژنانی ئێران بە گوێی ڕژێم ناکەن

ڕژێمی ئیسلامی ئێران ماوەی ٤٠ ساڵە فشار لە ژنان دەکات. دەوترێت لە پرسی فشار دروستکردن لەسەر ژنان بۆ نەپۆشینى جلوبەرگێک کە ئەو رژێمە بە جلوبەرگی نائیسلامیانەی دەزانێت، سەرکەوتوو نەبووە.

محەمەد جەعفەر مونتەزری سەرۆکی دەزگاى داواکارى گشتیی ئێران و سەرۆکى دادگاى تایبەت بە پیاوانى ئایینى لە ئێران رایگەیاند، "لە هەوڵەکانیاندا دژ بە جلی ژناندا سەرکەوتوو نەبوون".

مونتەزەری بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران 'ئیرانا' دوا و دەستنیشانی کرد کە لە پرسی جلوبەرگی نائیسلامیانەدا، ئەوان بەرامبەر  دەیان ملیۆن ژن لە ئێراندا، ڕێوشوێنی پۆلیسیی تووندیان گرتووەتە بەر و فشاریان کردووە، بەڵام هێشتا سەرنەکەوتوون.

سەرۆکی دادوەری ئێران، دانی بەوەدا نا، بە هێزی دادگا و پۆلیس، ئەو فشارانەی لە ژنانیان کردووە سەرنەکەوتووە. وتیشی "جگە لە خراپکردنی وێنەی نێونەتەوەیی ئێران، ئەو فشارانە بە کەڵکی شتێکی تر نەهاتوون".

هەروەها وتیشی "زۆربەی ژنان پابەند نین بە ئاینەوە و باوەڕ بە جلوبەرگی ئیسلامیی ناکەن، بەکارهێنانی تووندوتیژییش لە دژی ئەوە، ئەنجامێکی ئەرێنی ناهێنێتە ئاراوە و پێشمان ناخات".

لە ئێران، بە گوێرەی یاساکانی شەریعە، کچانی منداڵ، پاش ئەوەی تەمەنیان بوو بە ٩ ساڵ و ژنان، لەو شوێنانەی کە جەماوەریان تێدایە و لە شوێنە گشتیەکان و دەرەوەی ماڵەکانیاندا، ناچار دەکرێن کە حیجاب بکەن و نابێت بهێڵن جەستەیان ببینرێت. ئەو ژنانەشی کە دژ بەو کۆت و بەندە یاساییانە ڕادەپەڕن، بە 'گوناهکار' تاوانبار دەکرێن.

ر.م