ژنانی باشوور بە ژنۆلۆژی ژیان سەرلەنوێ پێناسە دەکەنەوە

لە زنجیرە سیمینار و خولی پەروەردە و لێکۆڵینەوەی مەیدانی لە چوارچێوەی شیکاریی کۆمەڵناسی کە تا ئێستا لە شار و شارۆچکەکانی سلێمانی، خانەقین، کەلار، دەربەندیخان و هەڵەبجە ئەنجام درا.

لەو سمینارانەدا باس لە چەمکی زانستی ژن-ژنۆلۆژی و بوارەکانی ئابوری، پەروەردە، تا سیاسەت و دیمۆگرافی ، هەر لە ئەکۆلۆژی و تەندروستی تا ئەخلاق و جوانناسی هەموو بوارەکانی تری ژیان کرا.

جگە لەو شارانە لە شار و شارۆچکەکانی تری وەک شارەزوو، رانیە و هەولێر درێژە بە زنجیرە سیمینار و پانێل دەدرێت ئامادەکارییەکان بەردەوامن.

 لە هەمان کات دا نامیلکەیەک ئامادەکراوە بە زاراوەی کرمانجیی ناوین –سۆرانی و لە ژێر چاپ دایە. هاوکات کاروباری نوسینی شیکاری سۆسیۆلۆژی لەسەر باشوری کوردستان لە لایەن گروپێک لە ژنانەوە دەستیپێکردووە لە ژێر چەتری کاروبارەکانی ژنۆلۆژی لە باشوری کوردستان.

 لەکۆبونەوە و خولەکانی پەروەردەدا گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی کۆمەلایەتی و شیکاری کۆمەڵناسی بەرێوەدەبرێت.

لە چوارچێوەی ئەو کارانەدا روونکردنەوە لەسەر کارەکانی ژنۆلۆژی لە رۆژئاڤا، باکور، تورکیا، رۆژهەڵات ، ئەوروپا و ئەمەریکای لاتین درا لەسەر کارەکانیش سینەڤزیۆن نیشان درا.

ئاماژە بەوەش کرا کە ژنۆلۆژی لە ساڵی ٢٠٠٨ ەوە لە رۆژەڤی ژنانی کوردستان و جیهان دایە لەو ساڵەدا لە لایەن عەبدوڵا ئۆجالانەوە لە پەرتوکی سێیەمی زنجیرە شارەکانی مانیفیستۆی شارستانی دیموکراتی بەناوی " سۆسیۆلۆژیای ئازادی" پێشنیارکرا. جەخت لەسەر ئەوەش کرایەوە ژنۆلۆژی لە هەمات کات دا بەرهەمی چەمکسازی، تیۆریسازی و  بواری کردەیی ٤٠ ساڵەی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد و هەروەها بەرهەمی تێکۆشانی ژنانە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی کە سەرچاوەی خۆی سەرەتا لە میزپۆتامیا و لە کۆمەڵگەکانی تردا دەگرێت.

وەک پێناسە و شیکردنەوە ژنۆلۆژی وەک زانستی ژن، ژیان، کۆمەڵگە، هاوژیانی ئازاد و شارستانی دیموکراتیە و لە زانستی ژن دا نەک تەنیا ژن بەڵکو هەموو کۆمەڵگە دەگرێتەوە. بە زانستەکانی ئۆنتۆلۆژی، ئەبستمۆلۆژی، ئەرکۆلۆژی و ئەتیمۆلۆژی لێکۆڵینەوە لەسەر هەبوونی ژن، پێناسە چەواشەکراوەکانی ژن دەکرێت و راستیە ئاوەژووکراوەکان ئاشکرا دەکرێن، ئەوەش روون دەکرێتەوە کە بۆ ئەو زانستەی لە دەوری ژن گەشە بکات هەنگاوێکە بەرەو سیۆسیۆلۆژییەکی راستەقینە.

سەرنج بۆ سەر ئەوە رادەکێشێت کە فۆرمیلی ژنۆلۆژی کە ژن، ژیان، ئازادییە لە دروشمێک واوەتر، بەڵکو فۆرمێلێکی تەحەدایی و رەخنەی ریشەییە لە زانستە کۆمەڵایەتیەکان کە خاوەن دیدی ناوەندگەرێتی ئەوروپا و رۆژهەڵاتگەرێتیە و بە خزمەتی سیاسەتی قازانج و سەرمایە فۆرمیلەی کۆیلایەتی، مردن و سێکس دەسەپێنێت و پشت بە ژیانی وەهمی، بەرخۆری و و دونیای لاسایی کردنەوە دەبەستێت. بەو فۆرمیلەی کە ژنۆلۆژی پەرەی پێدەدات واتا ژن، ژیان ، ئازادی ، پەرە بە شرۆڤەی واتا دەدات و توانستی حەقیقەت دێنێتە ئاراوە و دەیخاتە گفتوگۆ لە لێگەڕینی حەقیقەتیش دا بە دوای عەشقی راستەقینەوەییە، عەشقی راستەقینەش لە ئازادی و ئازادیش لە تێکۆشان دا دەبینێتەوە.

ئاماژەش بەوە کرا کە لە زانستە کۆمەڵایەتیەکان دا لە پێناسەیەکی راستی ژیان دوور کەوتۆتەوە، ئەرکی سەرەکی ژنۆلۆژییە کە سەرلەنوێ ژیان پێناسە بکاتەوە بە تایبەتی لە باشوری کوردستان دا ژیان لە واتای راستەقینەی خۆی دوورخراوەتەوە و چەواشەکراوە، لە چوارچێوەی ئازادییەکی ئاوەژووکراودا پێناسە دەکرێت.

 لە گفتوگۆکان دا پەرۆشێکی زۆر هەیە بۆ زانینی زیاتر لە سەر ژنۆلۆژی بە تایبەتی لە دەست نیشانکردنی سەرچاوەی کێشەکان و دیدی چارەسەری کە رۆڵی سەرەکی ببینێت لە گۆرانکاری زهنیەت و هێنائارای وزەی شاراوەی ژنان و لە ژنانیش دا کۆمەڵگە.

ر.م