ژنانی باشوور سه‌ردانی چالاكانی قه‌ڵغانی مرۆییان كرد

گرووپێكی ژنانی باشووری كوردستان سه‌ردانی بناری قه‌ندیلیان كرد و پشتیوانیی خۆیان بۆ چالاكیی قه‌ڵغانی مرۆیی ڕاگه‌یاند. ژنان ناڕه‌زایه‌تییان پیشان دا له‌ به‌رانبه‌ر داگیركاریی توركیا.

به‌مه‌به‌ستی ئیدانه‌كردنی داگیركاریی ده‌وڵه‌تی تورك له‌ باشووری كوردستان گرووپێك له‌ ژنانی باشوور سه‌ردانی چالاكانی قه‌ڵغانی مرۆییان كرد و پشتیوانیی خۆیان ڕاگه‌یاند.

ئه‌سمه‌ر ڕه‌سووڵ به‌ناوی ژنانی باشووره‌وه‌ گوته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و گوتی، «پیرۆزبایی ئه‌م چالاكییه‌ له‌ چالاكانی قه‌ڵغانی مرۆیی ده‌كه‌ین. ئێمه‌ پشتگیرییان ده‌كه‌ین له‌ دژی داگیركاریی ده‌وڵه‌تی تورك.»

دایه‌ ئه‌سمه‌ر ده‌رباره‌ی داگیركاریی ده‌وڵه‌تی تورك گوتی، «ئه‌وان داگیركه‌رن و ده‌یانه‌وێت زمان، خاك و گه‌لی كورد داگیر بكه‌ن و له‌ناوی ببه‌ن. بانگی هه‌موو ژنانی باشووری كوردستان ده‌كه‌م كه‌ پشتیوانی له‌ گه‌نجه‌كانمان بكه‌ن و له‌ به‌رانبه‌ر داگیركه‌ران بوه‌ستنه‌وه‌. با دوژمنیش بزانێت ئێمه‌ هه‌رگیز ده‌ست له‌ وه‌ڵاتی خۆمان به‌رناده‌ین. هه‌تا كوردێك مابێت به‌رخۆدان ده‌كه‌ین.»

دایه‌ ئه‌سمه‌ر ناڕه‌زایه‌تی پیشان دا ده‌رباره‌ی بێده‌نگیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق. گوتی، ئه‌و بێده‌نگییه‌ قبووڵ ناكرێت، به‌تووندی ئیدانه‌ی ده‌كه‌ین.

ئامه‌د ده‌نیز كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ به‌شدارانی چالاكیی قه‌ڵغانی مرۆیی به‌خێرهاتنی ژنانی كرد و گوتی، «له‌ دژی سیاسه‌تی چه‌په‌ڵ، ئێمه‌ وه‌ك گه‌نجانی وه‌ڵاتپارێز هه‌تا یه‌ك داگیركه‌ر له‌ وه‌ڵاته‌كه‌مان مابێت، تێده‌كۆشین. به‌ڵێن به‌ شه‌هیده‌كانمان ده‌ده‌ین كه‌ شه‌ڕ بكه‌ین و نه‌هێڵین داگیركه‌ران بێنه‌ سه‌ر خاكه‌كه‌مان.»

دواتر ژنانی باشوور سه‌ردانی شوێنی كۆمه‌ڵكوژیی كورته‌كیان كرد. له‌ شوێنی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ په‌یامی ڕێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان (ڕه‌ژاك) خوێنرایه‌وه‌ كه‌ تیایدا هاتبوو، «به‌ ڕۆحی شه‌هید زیلان شكست به‌ داگیركاری دێنین. له‌ ٢٧ی حوزه‌یراندا ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر به‌ هێرشی ئاسمانی كۆمه‌ڵكوژییه‌كی له‌ كورته‌ك كرد و له‌ ئه‌نجامدا ٣ هاوڵاتی به‌ ناوه‌كانی عه‌بدوڵا عه‌لی مینه‌، كوردستان عه‌بدوڵا و هه‌ریاد عه‌بدوڵا شه‌هید بوون و ٤ هاوڵاتیش بریندار بوون. له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م كۆمه‌ڵكوژییه‌ حكوومه‌تی باشوور و عێراق بێده‌نگن. ئه‌مه‌ش به‌ واتای پشتیوانی كردنه‌ له‌ داگیركاری.»

له‌ درێژه‌ی په‌یامه‌كه‌دا هاتبوو، «به‌ ناوی ڕه‌ژاك درێژه‌ به‌ چالاكییه‌كانمان له‌ دژی داگیركاری ده‌ده‌ین و بانگی هه‌ر كه‌س ده‌كه‌ین بێده‌نگیی خۆیان بشكێنن. هه‌روه‌ها بانگی هه‌موو ژنان ده‌كه‌ین ئه‌ركی خۆیان له‌ به‌رانبه‌ر داگیركاری جێبه‌جێ بكه‌ن و هه‌موو پێكه‌وه‌ بڵێن، [نا بۆ داگیركاری، نابۆ ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر ژن و منداڵان، نا بۆ نۆكه‌ری و ته‌سلیمبوون].»

s.m