ژنێک به‌ به‌رچاوی هاوژینه‌كه‌یه‌وه‌ خۆی سووتاند

بەڕێوه‌بەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگه‌یاند، لە شارۆچکەی قەڵادزێی باشووری كوردستان «ژنێک خۆی سووتاندووە و لەسەر ڕووداوەکەش هاوژینه‌كه‌ی دەستگیر کراوە.»

بەگوێرەی ڕاگه‌یه‌نراوی بەڕێوه‌بەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین، كاتژمێر ١١ی شەوی ڕابردوو ژنێک به‌ ناوی «گ. ر. ح.» له‌دایكبووی ساڵی ١٩٩٥ - پیشه‌ی ژنی ماڵ كه‌ دانیشتووی شارۆچکەی قەڵادزێیه‌ بەسووتاوی گه‌یه‌نراوه‌ته‌ نەخۆشخانەی قەڵادزێ.

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌، «ژنەسووتاوەکە گوته‌ی لێ وەرگیراوە و گوتویه‌تی، نەوتی بەخۆیدا كردووه‌ و ئاگری لەخۆی بەرداوە. به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتی سه‌ره‌تایی نه‌خۆشخانه‌كه‌ش ڕێژه‌ی سووتاوییه‌كه‌ی له‌ ٨٠% بۆ سه‌ره‌وه‌یه‌ و به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌ی ڕه‌وانه‌ی سلێمانی كراوه‌.»

پۆلیس ڕایگه‌یاند، لە کاتی ڕووداوەکەدا هاوژینی قوربانییەکە لە ماڵەوە بووە و بە پۆلیسی گوتووە، کە گوایە كاتێك هاوژینه‌كه‌ی ئاگری له‌ خۆی به‌رداوه‌، ئه‌و هه‌وڵی كوژاندنه‌وه‌ی داوه‌ و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ هه‌ردوو ده‌ستی به‌سووكی سووتاون.

له‌ درێژه‌ی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌، به‌ بڕیاری دادوه‌ر و به‌ مادده‌ی ٤٠٨ له‌ قانوونی تووندوتیژی هاوژینی ژنه‌كه‌ ڕاگیراوه‌‌ و پەڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ ڕووداوه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ش به‌رده‌وامه‌.

تووندوتیژییەکانی دژبه‌ ژنان لە باشووری کوردستان بەشێوەیەکی ترسناک ڕوو لە زیادبوون دەکه‌ن. تەنیا لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا بێجگە لەم حاڵەتە، لە دهۆک، هەولێر، ڕاپەڕین، شەنگال، دیالە و کەرکووک چوار کچی خوار تەمەن ١٦ ساڵان و ٣ ژن کوژراون یان بەشێوەی گوماناوی گیانیان لەدەست داوە. ژنێکیش لەلایەن ئەفسەرێکی پلەبەرزەوە دەستدرێژیی کراوەتە سەر.

s.m