ژنە زیندانییەکى سیاسیى کورد رەوانەى نەخۆشخانە کرا

فاتمە تۆکماک ژنە زیندانیى سیاسیى کورد بەهۆی خراپیى باری تەندروستییەوە لە زیندانى باکرکۆیى ئیستەنبول ڕەوانەى نەخۆشخانە کرا.

فاتمە تۆکماک ژنە زیندانیى سیاسیى کورد شەوی رابردوو بەهۆی تێکچوونى باری تەندروستییەوە لە زیندانى باکرکۆی ئیستەنبول رەوانەى نەخۆشخانەى توێژینەوە و پەروەردەى سادی کۆنوک کرا.

ئەرەن کەسکین پارێزەری فاتمە تۆکماک لەوبارەیەوە رایگەیاند "فاتمە تۆکماک لەگەڵ ئازاد-ی کوڕی تەمەن ٢ ساڵ نیودا بە قورسی ئەشکەنجەکرا و دوابەدوای ئەو ئەشکەنجەکردنە قورسە زیندانیان کردن. فاتمە لەلایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەتەوە بڕیارى زیندانیکردنى بۆ دەرکرا".

کەسکین راشیگەیاند "فاتمە بەهۆی تۆمەتێکەوە دەستگیرکراوە کە هەرگیز ئەنجامى نەداوە. فاتمە نەخۆشی دڵی هەیە و بەهۆی خراپیى تەندروستییەوە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ راپۆرتێکى لەسەر ئامادە کرد و لە راپۆرتەکەدا هاتووە 'ناتوانێت لە زینداندا بمێنێتەوە'، بەڵام سەرباری ئەوەش پزیشکیى داد رایگەیاندووە 'دەتوانێت لە زینداندا بمێنێتەوە'. ئێستاش باری تەندروستیى زۆر بە خراپی تێکچووە و ژیانى لە مەترسیدایە".

کەسکین ئەوەشى وت، تۆکماک نەخۆشیى دڵی هەیە و تەنها بنەماڵەکەى دەتوانن چاوپێکەوتنى لەگەڵ ئەنجام بدەن و رێگری لە چاوپێکەوتنى داکۆکیکارانى مافەکانى مرۆڤی لێدەکرێت. ماوەى چەند رۆژێکیشە پارێزەرەکان لە هەوڵدان سەردانى فاتمە تۆکماک بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن بەرپرسانى زیندان و دەوڵەتەوە رێگا نەدراوە چاویان پێى بکەوێت.

ر.م