«ژنەسووتێنراوهكه»ی چەمچەماڵ گیانی لەدەست دا
دوای ٧ ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، «ژنەسووتێنراوەکە»ی چەمچەماڵ ئه‌مڕۆ گیانی لەدەست دا.
دوای ٧ ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، «ژنەسووتێنراوەکە»ی چەمچەماڵ ئه‌مڕۆ گیانی لەدەست دا.
سێوان قادر نووری (ته‌مه‌ن ٢٣ ساڵان)، کە له‌گه‌ڵ سێ منداڵه‌كه‌ی له‌نێو ماڵه‌كه‌یاندا له چه‌مچه‌ماڵ «سوتێنران»، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی گیانی لەدەست دا.
ڕۆژی ١٦ی كانوونی یه‌كه‌م\٢٥ی سه‌رماوه‌ز له گه‌ڕه‌كی ئاسووده‌ی شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ-ی سەر بە پارێزگه‌ی سلێمانی دایكێكی تەمەن (٢٣ ساڵان) بە ناوی سێوان قادر و هەر سێ منداڵەکەی ده‌روون (١ ساڵان)، لارین (٢ ساڵان) و دارین (٥ ساڵان) به‌هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه لە ماڵەکەی خۆیاندا سووتان. به‌هۆی ڕووداوه‌كه هه‌رسێ منداڵه‌كە ڕاستەوخۆ گیانیان له‌ده‌ست دا و دایکەکەش بەڕێژەی ٩٠٪ سووتا و ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سوتاوی لە شاری سلێمانی کرا.
بە گوتەی خودی سێوان و دایك و باوكی، هاوژینی سێوان له‌پشت ئه‌م كاره‌وه‌یه و ئاگری له ماڵه‌كه به‌رداوه به‌مه‌به‌ستی سوتاندنی هاوژین و منداڵەکانی. ئه‌م ڕووداوه كاردانه‌وه‌ی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا و هاوڵاتییان به كارێكی دڕندانه و نامرۆڤانه ناوی ده‌به‌ن. ڕێکخراوەکانی ژنانیش دژ بەو کارە دوێنێ گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان لە بەردەم نەخۆشخانەی فریاکەوتن ئەنجام دا. داواكاریی هه‌موان ئه‌وه‌یه دادگه سزای تووندی تۆمه‌تباران بدات.
ڕۆژی ١٧ی كانوونی یه‌كه‌م\٢٦ی سه‌رماوه‌ز واته ڕۆژێك دوای ڕووداوه‌كه، هاوژینی سێوان (دیار مه‌جید) به بڕیاری دادوه‌ر به گوێره‌ی ماده‌ی ٤٠٥ له یاسای سزادانی عێراقی ده‌ستبه‌سه‌ر كرا.
بەهۆی به‌سستی بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەکان لە دادگه‌ی چەمچەماڵ، کەسوکاری سێوان داوایان کردووە دۆسیه‌كه بگوازرێتەوە بۆ دادگه‌ی سلیمانی، بڕیاره دادگه‌ی سلێمانی له‌بری دادگه‌ی چه‌مچه‌ماڵ لێكۆڵینه‌وه له دۆسیه‌كه بكات.
s.m