کچێکی ١٣ ساڵان له‌ ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین کوژرا

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی ڕاپه‌ڕین ڕایگه‌یاند، شه‌وی ڕابردوو كچێكی ته‌مه‌ن ١٣ ساڵان له‌ گوندی قه‌مته‌ران-ی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی چوارقوڕنه‌ كوژراوه‌.

به‌ گوێره‌ی ڕاگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین، شەوی ڕابردوو تەرمی کچێکی تەمەن ۱۳ ساڵان بەناوی هـ. د  به‌ پیشه‌ خوێندكار دانیشتووی گوندی قەمتەرانی سەر به‌ شارۆچكه‌ی چوارقوڕنە له‌ سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، براوەتە نەخۆشخانەی گشتیی ڕانیە و شوێنەواری فیشه‌كێك بەسەر جەستەیەوە بووە.

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووە، ته‌رمه‌كه‌ گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەریی ڕانیە و دوای ئەنجامدانی توێکاری، ڕادەستی کەسوکاری کراوه‌ته‌وه‌.

پۆلیس به‌ پشتبه‌ستن بە قسەی کەسوکاری كچه‌كه‌ ڕایگه‌یاندووه‌، «ڕووداوەکە لە کاتێکدا بووە کە براکەی بەناوی م. د (تەمەن ۱۰ ساڵان) لە ماڵی خۆیان دەستکاریی چەکی جۆری EM4ی کردووە. لەو کاتەشدا فیشەکێک لە چەکەکە دەرچووە و بەر خوشکەکەی کەوتووە و بەم هۆیەوە گیانی لە دەستداوە.»

پۆلیسی ڕاپەڕین ڕاشیگەیاند، دۆسیه‌ی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوه‌ته‌وه‌ و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.
s.m