کۆدار: ژن لە تێکۆشاندا هیچ لە دەست نادات و دەستکەوت بەدەست دەهێنێت

کۆدار سەرنجی خستە سەر کردارەکانى رژێمى ئێران لە دژی ژنان و رایگەیاند، رژێمی ئێران لە پێشەنگایەتیى ژنان دەترسێت و بۆ ئەوەش هێرشی تایبەت دەکاتە سەر ژنان. کۆدار سڵاوی لە پێشەنگایەتیى ژنانى کورد لە تێکۆشانی ئازادیى ژنان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دا کرد.

هاوسەرۆکایەتیى کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتى کوردستان (کۆدار - KODAR) بە بۆنەى ٢٥ی نۆڤەمبەر رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە دژی ژنان راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

کۆدار رایگەیاندووە، لە کەسایەتیى هەر سێ خوشکی میرابێل دا بە رێزەوە یادی هەموو ئەو ژنانە دەکەینەوە، کە لە تێکۆشاندا لە دژی زوڵم و زۆرداری و هۆشمەندیى پیاو، ژیانیان لە دەستداوە.

کۆدار راشیگەیاندووە، تێکۆشانی ژنان بە پێشەنگایەتیى ژنانى کورد گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و "لە رووی زانستییەوە رێبەر ئاپۆ ژنۆلۆژیى پێشکەشی هەموو ژنانى جیهان کردووە. بە خەبات و پێداگریى رێبەر ئاپۆ ژنانى کورد ئەمڕۆ خاوەنی ئایدۆلۆژی، رێکخستن و سیستمى بەرگری و خۆپاراستنن. هەزاران سیمبول و قارەمانی ژنی فیدایى کورد وەک زیلان، بێریتان، ڤیان، شیرین عەلەم هولی، ئارین میرکان و زیلان سەردەشت لە دژی زوڵم، زۆرداری، ناهەقی و کۆیلەیەتى سەپێنراو بەسەر ژناندا خۆیان کردە ئاگر و بۆمب و رێگایان بە ڕووی ژیانێکى ئازاد دا کردەوە".

لە راگەیاندراوەکەى کۆدار ئەوەش هاتووە، ئاستى تێکۆشانی ژنان بە چ رادەیەک بەرز بێت بەو رادەیەش پلان و هێرشی زایەندپارێزەکان لە دژی ژنان قورس و بێسنوور دەبێت.

کردارە توندەکانى رژێمى ئێران لە دژی ژنان

کۆدار لە راگەیاندراوەکەیدا باسی ئەوەشیکردووە، دەوڵەتى فاشیستیی ئێران کردارەکانى خۆی گەیاندووەتە بەرزترین ئاستى دژواری لە دژی ژنان و کۆمەڵگە. رۆژ نییە لە وڵاتى ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان ژنان خۆیان نەکوژن. رژێمى ئێران بۆ ئەوەى ژنان لە بەرامبەر ژیان و پێشەرۆژدا بێ ئومێد بکات، هاوسەرگیریى لە تەمەنی منداڵیدا کردووەتە یاسا. هاوکات ژن کاتێک لە دژی پەلاماردان و دەستدرێژی خۆی دەپارێزێت، تاوانبار دەکرێت و لە سێدارە دەدرێت. لەمدواییانەدا و تەنها چەند رۆژ بەرلە ٢٥ی نۆڤەمبەر دەوڵەتى ئێران یاسایەکى دەرکرد و رایگەیاند، ژن بە بێ هاوسەر، باوک و برای خۆی ناتوانێت گەشت بکات. دەوڵەتى ئێران دەیەوێت ژنان بە تەواوی لە ناو ماڵەکاندا بکاتە کۆیلە و لە ماڵدا زیندانیان بکات".

پێشەنگایەتیى ژنان رژێمى ترساندووە

لە بەردەوامیى راگەیاندراوەکەى کۆداردا ئاماژە بە سەرهەڵدان و خۆپیشاندانەکانى ئەمدواییەى ٢٠١٧ لە دژی رژێمى فاشیست و زایەندپەرستى ئێران کراوە و تیادا هاتووە، خاڵی زۆر سەرنجڕاکێشی ئەو خۆپیشاندانانە پێشەنگایەتى و ئازایەتیى ژنان بوو.

کۆدار ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو تێکۆشانەى ئازادیى ژنان دەوڵەتی ترساندووە و دەوڵەتى ترساوى ئێرانیش بۆ ئەوەى پێش لە  بزاوت و خۆپیشاندانی ژنان بگرێت دەیان ژنى دەستگیرکرد و بە سیناریۆی بێ بنەما لەسێدارەى دان و لە هەموو هێرشە جۆراجۆرەکانیدا ژنانى کردە ئامانج.

ژن نەک هیچ لە دەست نادات، بەڵکو دەستکەوتیش بە دەست دەهێنێت

  لە راگەیاندراوەکەى کۆداردا ئەوەش خراوەتەڕوو، هیچ شتێک ناتوانێت بەر بە رۆح و ئیرادەى ئازادی بگرێت و ئەوەشیان خستووەتەڕوو "لە تێکۆشانى ژناندا، ژن هیچ لە دەست نادات، بەڵکو بە پێچەوانەوە قازانج دەکات و دەستکەوت بەدەست دەهێنێت. بێبەشبوون لە تێکۆشان بۆ ژنان، بە مانای کۆیلەتى و لەناوبردنە".

لە کۆتایى راگەیاندراوەکەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتى کوردستان (کۆدار - KODAR)، بە ناوی کۆدارەوە سڵاو لە پێشەنگایەتیى ژنانى کورد لە تێکۆشانی ئازادیى ژنان لە ئێران و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دا کراوە و رایانگەیاندووە "ئێمە لەو بڕوایەداین تاوەکو ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد و دیموکراتیک نابێت. ئێمە پشتیوانى لە هەموو بزووتنەوەکانى ژنان دەکەین، کە بۆ ئازادی تێدەکۆشن. هاوکات بەڵێنى بەرزکردنەوە و بەرێکخستنکردنی تێکۆشانى ئازادیى ژنان دەدەین".

ر.م