کەژار: مێژووی ئازادیى ژنی کورد بە دەستى ژنانى تێکۆشەری وەک نیناکان دەنووسرێت

"میژووی ئازادیی ژنی کورد بە دەستی ژنانی وەکوو نیناکان دەنووسرێ، کە خەبات و تيکۆشان بۆ کورد و کوردستان بەشێک لە ژیانیان بووە".

کوردیناسیۆنی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) بە بۆنەى کۆچی دوایى نینا (ناهید ئەحمەدی) راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیاندراوەکەى کەژار

" سەرەتا ئیمە وەکوو کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، پرسە و سەرخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری ژنە تێکۆشەر نینا ئەحمەدی دەکەین و بەڵێنی ئەوە دەدەین، کە ڕێگای تێکۆشەرانی ئازادی بەردەوام بکەین.

ژنە تێکۆشەر نینا ئەحمەدی یەکێک لەو ژنانە بوو، کە چرکە بە چرکەی ژیانی، دڵی بۆ ئازادی لێیدەدا و لەو پێناوەش دا خەبات و تێکۆشانی کرد. وەکوو ژنێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن ناسنامەیەکی درەوشاوە لە لێگەڕین بۆ گەیشتن بە ئازادی بوو، هەر بەم ئامانجەش بێوچان خەباتی کرد، شوێنی پەنجەکانی لە شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە.

 هەروەها یەک لەو ژنانە بوو کە زیندانەکانی ئێران نەیتوانی ورەی بشکێنێ و بە تێکۆشانی خۆی زیندانی کرد بە سەنگەری خۆڕاگری. لە دوای  گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی دژ بە ڕێبەرئاپۆ لە ساڵی 99 وەکوو کەسایەتییەکی ئاپۆیی لێگەڕینی لە سەر فکر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ قووڵتر کردوە وهەتا دوا چرکەی ژیانی لێگەڕوانی ئازادی وحەقیقەت بوو و بۆ دۆزی ڕەوای کورد خەباتی کرد.

 میژووی ئازادیی ژنی کورد بە دەستی ژنانێک وەکوو نینایان دەنووسرێ کە خەبات و تێکۆشان بۆ کورد و کوردستان بەشێک لە ژیانیان بوو. هەر بۆیە بەردەوامی ڕێگایان ئەرکی سەر شانی هەموو ژنێکە. بە تایبەت ژنانی ڕۆژهەڵات پێویستە بە خاوەنداری لە ژنە تێکۆشەر نینا ئەحمەدی، ئەوە بە ڕژێمی دژە ژنی ئێران بسەلمێنن کە تەنانەت سنوورەکانیش ناتوانن بەربەست بن بۆ تێکۆشانمان و لە هەرکوێ بێ ئێمەی ژن خاوەنداری لە هەبوونی خۆمان و وڵاتەکەمان دەکەین.

 بەڵێنی ئەوە ئەدەین کە بۆ بەرز کردنی تیکۆشانی ئازادی ژن لە ڕۆژهەڵات و ئێران، هیوای ژنانێک وەکوو تیکۆشەر نینا بە حەقێقەت بگەیەنین و تا گەیشتن بە ئازادی بێوچان خەبات بکەین."

ر.م