کەژەکە: با بەشداری کۆبوونەوەی ئامادەکاری ۳هەمین کۆنگرەی ژنان بین

کۆردیناسیۆنی کەژەکە لە بانگەوازیەکدا ڕایگەیاند: "دەبێت ۳هەمین کۆنگرەی ژنانی کورد ببەستین و ببینە پێشەنگی پێکهێنانی یەکێتی و کۆنگرەیی نەتەوەیی کوردستان و لەو چوارچێوەیەشدا بانگی بەشداری لە ژنانی کورد دەکەین لە کۆنگرەکەدا.

کۆردیناسیۆنی کۆما ژنانی کوردستان - کەژەکە پەیوەست بە بەستنی ۳هەمین کۆنگرەی ژنانی کورد بانگەوازیەکی ئاڕاستەی سەرجەم پارت و ڕێکخراو و کەسایەتیەکانی ژنانی کوردستان کرد کە تێیدا هاتووە:

"مێژووی ئازادی ژنان سەرلەنوێ دەژیێتەوە"

مێژووی ئازادی ژنان، بە بەرخودانی مەزنی ژنان لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین سەرلەنوێ دەژیێتەوە، هەر بۆیە لە سەروویانەوە سیستەمی مۆدێرنیتەی گڵوباڵ، هێزە هەژەموونگەرا هەرێمی و جیهانییەکان لە هێزی دیمۆکراسی و ئازادی و بەرخۆدانی ژنان زۆر دەسترسن و نیگەرانن. یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتیەکان کە هێرش و پیلانگێڕی و توندتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەرامبەر بە گەلی کورد دەکرێت، کۆبوونەوەی ژنانی کورد، گەلانی هەرێمەکە بە کوردەوە لە دەوری هێزە دیمۆکراسیخوازە و ئازادیخوازەکان و کاریگەی بەهێزی پارادیگمای ڕێبەری ئاپۆیە لە سەر ڕەوتی پێشهات و ڕووداوەکان.

"ڕێککەوتنی ئەمەریکا و تورکیا پیلانگێڕییە لە دژی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین" 

ڕێککەوتنی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و تورکیا و بەهۆیەوە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سنورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، نەک تەنها پیلانێک بوو دژ بە ڕۆژئاوای کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەڵکو پیلانەکە لەوە بەرفروانترە و پیلانگێڕییە لە دژی تەواوی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی و ژنان و گەلی کوردە بە تایبەتی. ئەگەر لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکور و ڕۆ‌ژهەڵاتی سوریا بەرخودانی گەلان، قەسەدە، یەپەگە، یەپەژە و بەرخودانی سەرێکانی نەبوایە، ئەگەر هاوکات ناڕەزایەتی ڕایگشتی ئەمەریکی و جیهانی لە بەرامبەر بڕیارەکانی دۆناڵد تڕەمپ نەبوایە، ئەوا گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە تەواوی کۆچبەر و قڕ بکرانایە و هەتا دوایی ڕێگاکانی شەڕ و داگیرکاری لە بەردەم ئەردۆغان بکرانایەتەوە.

"ئیدارەی تڕەمپ دەیەوێت ئەردۆغان بکاتە ڕێبەری فاشستی جیهانی"

لە باشوری کوردستانیش بە هێندەی ئەوەی زانراوە 15 هەزار سەربازی ڕژێمی تورکیا بوونیان هەیە. بەڵام بەدڵنیایەوە ڕێژەکە لەوە زیاترە. هەڵبەتە لەوەش زۆر زیاتر لە ژێر ناوی کەسانی مەدەنی و ئەندامی دەستگاکانی هەواڵگری و سیخوڕی جۆراوجۆر هیزی دیکەی هەن. هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا لە هەرێمەکانی خواکورک و هەفتانین ئۆپەراسیۆنی سەربازی سوپای تورکیا درێژەی هەیە. بە کورتی ئەردۆغانی فاشیست دەیەوێت لە پاش ڕۆژئاوای کوردستان هەژەموون و باڵادەستی تەواوی خۆی بە سەر موسڵ، کەرکوک و باشوری کوردستاندا بسەپێنێت. پیلانی ئیدارەی تڕەمپ ئەوەیە بە ڕادەستکردنی داعش بە تورکیا ئەردۆغان بکاتە ڕێبەری فاشستی گڵوباڵ. هەڵبەتە خودی ئەردۆغانی وەها شتێکی دەوێت. بەو شێوەیە دەیانەوت ڕۆژهەڵاتی ناوین بخەنە نێو دۆخێکی ئالۆز و تاریکەوە. ئەوەش بەو مانایە دێت کە ژنان کۆمەڵکوژ دەکرێن و سیستەمی کۆیلایەتی و دەستدرێژیکردن بەسەریاندا دەسەپێنرێت. دەیانەوێت لە ڕەگەوە ئازادی ژن لە ڕۆژهەڵاتی ناوی و جیهان هەڵکێشن و لەناوی بەرن.

"دەبێت دەوڵەتی تورکیا لە ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان وڵاتبەدەر بکرێت"

دەبێت دەوڵەتی تورکیا لە ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان وڵاتبەدەر بکرێت. دەبێت هێزە ئازادیخوازەکان لەو پێناوەدا تێبکۆشن. بوونی هێزەکانی تورکیا نەک بۆ ڕۆژئاوا و باشور بەڵکو مەترسی مەزنیشە لە سەر تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوین. دەبێت ئیتر حکومەتی باشوری کوردستان لەو ڕاستییە تێبگات و خۆی لەوە زیاتر نەخەڵەتێنێت و پێویستە کار بۆ یەکێتی نەتەوەیی کورد بکات.

"با هەموو ژنان بەشداری کۆبوونەوەی ئامادەکاری بەستنی ۳هەمین کۆنگرەی ژنانی کورد ببن"

لەم بارودۆخە زۆر هەستیارەدا وەک کۆردیناسیۆنی کەژەکە بانگەوازی دەکەین تا سەرجەم ژنان و پارت و رێکخراو و کەسایەتیەکانی ژنانی کورد بەشداری بەستنی ۳هەمین کۆنگرەی ژنانی کورد ببن و بەو شێوەش ببنە پێشەنگ و سەرکێشی پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی و کۆنگرەی بەرفراوانی نەتەوەیی کوردستان.

هـ.هـ