کەژەکە: شۆڕشى ١٩ى تەموز بووە بە شۆڕشى ژن

کەژەکە شۆڕشى ١٩ى تەمووز لە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد و شەهیدانى کوردستان پیرۆز کرد و رایگەیاند "شۆڕشى ١٩ى تەموز بووە بە شۆڕشى ژن".

دەستەى بەڕێوەبەریى کۆمەڵێن ژنێن کوردستان (کەژەکە) بە بۆنەى ١٩ى تەمووز ساڵڕۆژى شۆڕشى رۆژئاوا راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

کەژەکە لە راگەیاندراوەکەیدا، شۆڕشى ١٩ى تەمووزی لە رۆژئاوا – باکووری سوریا پیرۆز کرد. کەژەکە راشیگەیاند "بە ١٩ى تەمووز، ئیرادە و کەرامەتى گەلان جارێکتیر ژیاییەوە و مرۆڤایەتى سات بە سات بەشێوەیەکى زانستى دەستیکردەوە بە خاوەنداریکردن لە بەهاکانی".

کەژەکە ئەوەشى خستووەتەڕوو "بە خاوەنداریکردن لەو بەهایانە، سیستمى دایکایەتیى کە ماوەى هەزاران ساڵ بوو دەستیبەسەردا گیرابوو، لە رۆژئاواى کوردستان بە شێوەیەکى بەرچاو خۆى دەرخستووەتەوە".

کەژەکە باسى لە هەڵوێست و پێگەی ژنان لە شۆرشى ١٩ى تەمووزدا کردووە و لەوبارەیەوە رایگەیاندووە "شۆڕشى ١٩ى تەمووز بووە بە شۆڕشى ژنان و بووە بە ناسنامەی ئەو کەسانەى کە عەوداڵى گەڕانن بە دواى ئازادیدا و خۆیانى تیادا دەبیینەوە. ئێستاش شۆڕشی رۆژئاوا بووەتە شۆڕشێک کە هەموو کەس ئیلهامى لێوەردەگرێت".