کەژەکە: لەسەر ڕێبازی دایکانی خۆڕاگر و بەرخۆدێرین
کەژەکە رایگەیاند: "ئێمە دێین دەستی پیرۆزی هەموو ئەو دایکانە ماچ دەکەین کە بە بەرخۆدانەکەیان ژیان دەپارێزن و دەڵێین؛ لەسەر ڕێبازەکەیان تا دوا هەناسە تێدەکۆشین و پەرە بە تێکۆشان دەدەین".
کەژەکە رایگەیاند: "ئێمە دێین دەستی پیرۆزی هەموو ئەو دایکانە ماچ دەکەین کە بە بەرخۆدانەکەیان ژیان دەپارێزن و دەڵێین؛ لەسەر ڕێبازەکەیان تا دوا هەناسە تێدەکۆشین و پەرە بە تێکۆشان دەدەین".
دەستەى بەڕێوەبەریى کۆمەڵەکانى ژنانی کوردستان (کەژەکە - KJK) بەبۆنەی ڕۆژی دایکان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیاندراوەکەی کەژەکەدا کەلتووری دایکایەتی وەکو کەلتوری ڕەنج و ئەفراندن ناوزەد کراوە و رایانگەیاندووە: "ئەو کەلتورەی، کە بە پێشەنگایەتیی دایکان خوڵقاوە ڕووی ڕووناکیی مرۆڤایەتییە، خوڵقاندنی هۆشمەندیی دەستپێکە، پێشکەوتنی هەرەوەزیی فیکر و ئیرادەیە و هێزی گۆڕانکاریى خۆی تا ئەم سەردەمەش پاراستووە. ژن - دایک وەکو هێزێکی بەکۆمەڵ بۆ ڕێکخستنی ژیان و دیاریکردنی شێوە و شکلی کۆمەڵگە، بوونی هاوبەشی نرخ و بەها باشەکان، جوان و ڕاست و دروستە، کە بە کەڵکی هەمووان دێ. ئەو کەلتوورە لە دژی هەموو شێوازەکانى هێرش بۆ سەری بوونی خۆی تا ئێستا پاراستووە. کۆبوونەوەی ئەو بەها دیموکراتیکیانە لە دەوری دایک، پەیوەندیی بە و دۆخ و ئەرکی پێشەنگایەتیی دایک - ژنەوە هەیە.
کەلتوری دایکایەتی، کە بەها دیموکراتیکەکان بۆ کۆمەڵگەیەکی یەکسان، ئازاد و کاری بە کۆمەڵ و پێکەوەیى دەپارێزێت، لەناو سیستمە سەردەست و دەوڵەتپەرستەکاندا بووەتە ئامانجی هێرشەکان. مێژووی شارستانیەت و کارەکتەری دەسەڵاتدارێتیی کۆمەڵگەی چینایەتی لەبەر ئەوەى بۆ تێکشکاندنی کۆمەڵگەیی دروستبووە، بە قورسی هێرشی کردووەتە سەر کەلتوری دایکایەتی، کە پێشەنگ و هێزی پاراستنی بەهاکانی کۆمەڵگەیە. لەدژی ئەوانە و بە هەستی پاراستنی ئەو بەهایانە، ژن - دایکی گۆریوە بۆ کارەکتەرێکی بنەڕەتی، چونکە دایک – ژن چاودێر، پارێزەر، بەرهەمهێنەر و هۆشی بەکۆمەڵ و دەستەجەمعیى کۆمەڵگەیە، کە لە دژی هەموو شێوەکانی هێرش بوونی خۆی هەتا ئێستا پاراستووە".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە تورکیا بە سەرکێشییەکانی ئاکەپە - ئەردۆغان، دایکایەتی و کەلتوری دایکایەتی وەک دامەزراوەیەک کە خزمەت بە دەوڵەت دەکات سەیر دەکەن، لەبەر ئەوەی منداڵ دەخەنەوە و 'دەستی پیرۆزی دەوڵەت' بەسەر کۆمەڵگەوەوە دەهێڵێتەوە. دەبینرێت.
کەژەکە راشیگەیاند، لە ناو ڕژێمی ئەردۆغانی فاشیستدا دایک - ژن بەپێی بەرژەوەندییەکان پارچەپارچە کراون و لە یەکتر جیا کراونەتەوە و ئیرادەیان تێکشکێندراوە کەژەکە ئەوەشی راگەیاند "ئەردۆغان پێشەنگ و بەڕێوەبەری شەڕی تایبەتە ڕووە ڕاستەقینەکەی خۆی لەو مەسەلەیەدا دەشارێتەوە و بە شێوەیەکی پراگماتیک لێی دەڕوانێت. ئەردۆغان دووڕووانە هەڵسوکەوت دەکات لە لایەک دەڵێت؛ بەهەشت لەبن پێی دایکان دایە و دەتوانم بنەپێی دایکم ماچ بکەم، بەڵام لەلایەکی دیکەوە دەڵێت، چ ژن بێت و چ منداڵ بێت هەرچی پێویست بێت دەبێت لە دژیان ئەنجام بدرێت".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا بۆ ئاشکراکردنی ئەو راستییەش چەند نمونەیەک خراونەتەڕوو. ئەوە بەبیر هێنراوەتەوە کە تەرمی دایە تەیبە چەند هەفتە لە ناوەڕاستى کۆڵانێک و لە بەردەم ماڵەکەى خۆیدا بوو و رێگایان نەدا کەس بچێتە سەری و تەرمەکەی هەڵبگرنەوە. ئەو دایکانەی چەندین ساڵە بە دوای رۆڵە ونبووەکانیان دا دەگەڕێن ئازار و ئەشکەنجە دران و بە زەویدا راکێشران. لە کەسایەتی ئوغور کایمازی تەمەن ١٢ ساڵ دا، کە بە ١٣ فیشەک کوژرا دایکان چاوترسێن دەکات و سزایان دەدات. دایکانی تەمەن ٩٠ ساڵ دەستگیر دەکەن، چونکە داوای دادپەروەری و ڕاستیی دەکەن.
درێژەپێدەری رێپێوان و تێکۆشانی دایکانى شەممەین
کەژەکە تیشکی خستە سەر چالاکییەکانی دایکانی شەممە، کە بە شێوەیەکی بێ پسانەوە بەردەوامە و گۆڕاوە بۆ سیمبۆلی ڕۆژی دایکان. چالاکییەکانی دایکانی شەممە وەکو ئاوێنەیەک راستیی فاشیزمە و دڕندەییەکەی نیشان دەدات و سەرباری ڕووی چەپەڵی دەوڵەت و گوشار و زۆردارییەکانیش هەر چالاکییەکانیان بەردەوامە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا سڵاو بۆ ئەو دایکانە نێردراوە، کە بەشداری قۆناغی تێکۆشان دەبن و راگەیاندراوە: "دەمانەوێت بڵێین؛ ئێمە لەسەر ڕێبازی ڕێپێوانی ڕووی ڕووناکی دایکانین".
دایکانی لەچک سپی ترسیان خستووەتە دڵی فاشیزم
کەژەکە ئەو دایکانە، کە بۆ پاراستنی ژیانی رۆڵەکانیان و خاوەنداریکردنی مانگرتن لە دژی ڕژێمی ئاکەپە - ئەردۆغان لە بەرخۆداندان، وەکو ڕووناکبیرانی دەستەبژێر و پێشەنگی لەچک سپی پێناسەکردووە و ڕایگەیاند "دایک ویژدان، ئەخلاق، بیر و پارێزەر - خولقێنەری بەها دیموکراتییەکانن. چالاکیی دایکانمان ئەو دەنگەی دەریدەبڕن و ئەو ڕێگا ڕوونەی کە نیشان دەدەن ترسی خستوەتە دڵی فاشیزمەوە، چونکە فاشیزم وەکو شەمشەمە کوێرەیە و لە دەنگ و رووناکی دەترسێت. دایکان پێشەنکی لە قاودان و ئاشکراکردنى ئەو فاشیزمەن، بۆیە بە زەویدا ڕایاندەکێشن و ئەشکەنجەیان دەدەن و هەولدەدەن شکۆ و ئیرادەیان تێکبشکێنن".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "دایکان تەنها بۆ رۆڵەکانی خۆیان بەرخۆدان ناکەن، بەڵکو ئەوان بیروهۆشی ئازادی و یەکسانیی کۆمەڵگەن. هەربۆیە بۆ ئەم سەردەمە و بۆ پاشەرۆژیش بۆ ساتەکانی ئازادی بەرخۆدان دەکەن و بوونەتە هیوا و مەشخەڵ".
هەرگیز نابێت پشت لە دایکان بکرێت و پشتیوانیان لێ نەکرێت
کەژەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، فیداکاری و ڕەنجی دایکان هیچ کات بەبێ هۆکار نەبووە و لەوبارەیەوە رایگەیاندووە "هەڵوێستەکانیان لەسەر ڕێگەی شارەوانیی دیموکراتیک بەهایەکی بە بەهاکان زیاد کرد و ئەوانیان کردووەتە پێشەنگ. بەرخۆدانی شکۆدار و سەربەرزانەی دایکان تەنها نییە. ئیرادە و هیوای ملیۆنان کەسیان لەپشتە. دایکان پێشەنگی کۆمەڵگەن و بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن. هۆشی کۆمەڵایەتی زیندووە. ئەو بیری کۆمەڵگەیە وەکو دار چنارێک رەگی لە ناو کۆمەڵگە دا داکوتاوە و داوا لە هەموان دەکات لە دەوری ئەو دارە کۆ ببنەوە و هەستنە سەرپێ. کچ و کوڕانی دایکانمان هێزێکی گەورە لەو بەرخۆدانە وەردەگرن، نابێت هیچکات پشت لە دایکان بکرێت و بە تەنها بمێننەوە، بەڵکو دەبێت بەرخودانى کۆمەڵگە گەشەى پێبدرێت".
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "گەورەترین وەڵامى ئێمە بۆ رۆژی دایکان، داڕشتن و هۆنیننەوەی ژیانی ئازاد، گەورەکردنی بەرخۆدان و پتەوکردنی هێزی ڕێکخستنبوونە. دەبێت کلتوری دایکایەتی وەکو بەهایەکی کۆمەڵایەتیی پیرۆز سەیر بکەین، کە بەها و نرخەکانی بە دەوری ژن – دایکی خولقێنەر سەرلەنوێ لەسەر بنەمای یەکسانی و ئازادی بنیات بنێنەوە و بیپارێزن. لەسەر ئەو بنەمایەش ئێمە دێین دەستە پیرۆزەکانی هەموو دایکان، کە بە بەرخۆدان ژیان دەپارێزن ماچ دەکەین و تا دوا هەناسە تێدەکۆشین و پەرە بە تێکۆشان دەدەین".
ر.م