گه‌ریلا سۆزدار ئازاد باسی به‌سه‌رهاتی خۆی ده‌كات
گه‌ریلای یه‌ژا ستار (یه‌كینه‌كانی ژنی ئازاد) سۆزدار ئازاد كه كچی خانه‌واده‌یه‌كی سه‌رحه‌ده، باسی له ڕێبواریی خۆی به‌ره‌و چیا ئازاده‌كان ده‌كات.
گه‌ریلای یه‌ژا ستار (یه‌كینه‌كانی ژنی ئازاد) سۆزدار ئازاد كه كچی خانه‌واده‌یه‌كی سه‌رحه‌ده، باسی له ڕێبواریی خۆی به‌ره‌و چیا ئازاده‌كان ده‌كات.
گه‌ریلای یه‌ژا ستار سۆزدار ئازاد ساڵی ١٩٩٢ له هه‌رێمی سه‌رحه‌د له باكووری كوردستان له‌دایكبووه. باوكی ئه‌و سه‌ره‌تا جاش بووه، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی مامێكی سۆزار له لایه‌ن هێزه‌كانی ده‌وڵه‌ت ده‌كوژرێت، باوكی ده‌ستی له جاشایه‌تی به‌رده‌دات. ناچار ده‌بن كۆچ بكه‌ن، ماوه‌یه‌ك له شاری ئیزمیر ده‌مێننه‌وه، دواتر ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر واری خۆیان. برایه‌كی سۆزدار له ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ده‌وڵه‌ت كه به «ئۆپه‌راسیۆنی كه‌جه‌كه» ناسراوه، ده‌ستگیر ده‌كرێت. چه‌نده فشاره‌كانی ده‌وڵه‌ت زیاد ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ش ئاستی وه‌ڵاتپارێزی له‌نێو ئه‌و خانه‌واده‌یه زیاد ده‌كات.
هاوسه‌رگیری و چوونه ئیسته‌نبووڵ
به گوته‌ی سۆزدار، ئه‌و وه‌ك «كچێكی ئاسایی له‌نێو ماڵێكدا» گه‌وره بووه، هاوسه‌رگیری پێكراوه و چووه‌ته ئیسته‌نبووڵ. دابڕانی له گوند كاریگه‌ری تێكردووه. له هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یدا تووندوتیژی نه‌بینیوه، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه كۆمه‌ڵێك چاوه‌ڕوانی هه‌ن له ژنێكی هاوسه‌ردار. ئه‌و ده‌گاته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه ئه‌مه تووندوتیژییه له به‌رانبه‌ر ڕامانه‌كانی. نه ده‌توانێت به‌ئاسووده‌یی ڕه‌فتار بكات، نه ده‌توانێت بچێته ده‌ره‌وه. ئه‌مه‌ش كاریگه‌رییه‌كی زۆر له دۆخی ده‌روونیی ده‌كات.
شه‌هیدبوونی فه‌راشین
خوشكی ئه‌و كه‌سه‌ی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ كردووه، گه‌ریلایه. ساڵی ٢٠١٢ شه‌هید ده‌بێت. ده‌گوترێت كه نابێ ژن به‌شداری بكه‌ن له مه‌ڕاسیمی به‌خاكسپاردنی شه‌هید فه‌راشین. ئه‌مه ده‌بێته هۆی نیگه‌رانییه‌كی زۆری سۆزدار. دوای شه‌هیدبوونی فه‌راشین، خوشكێكی دیكه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌یه‌وێت بچێته نێو ڕیزه‌كانی گه‌ریلا. له‌گه‌ڵ سۆزدار گفتوگۆ ده‌كه‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن بگه‌نه بڕیارێكی هاوبه‌ش. خوشكی شه‌هید فه‌راشین بۆ چوونه ڕیزی گه‌ریلا ئاماده‌كاری ده‌كات و له سۆزدار ده‌پرسێت تۆش دێی یان نا. ئه‌ویش ده‌ڵێت «منیش دێم» و به‌م شێوه‌یه بڕیارێكی هاوبه‌ش ده‌ده‌ن.
هێز له ژیانی زیلان وه‌رده‌گرێت
به‌ڕێده‌كه‌ون و دوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ده‌گه‌نه هه‌رێمه‌كانی گه‌ریلا. ماوه‌ی سه‌ره‌تا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هاوسه‌رداره شه‌رم ده‌كات. پرسیاری ئه‌وه‌ی لا دروست ده‌بێت بۆچی به‌ر له هاوسه‌رگیری نه‌چووه‌ته چیاكان. دوای ئه‌وه‌ی ده‌زانێت كه زیلان (زه‌ینه‌ب كناجی)یش هاوسه‌رگیری كردووه، قۆناغێكی نوێ ده‌ستپێده‌كات. هێز له زیلان وه‌رده‌گرێت و به‌م هێزه گوزارشت له خۆی ده‌كات، به‌شداری له گفتوگۆكان ده‌كات و به‌ئاسووده‌یی قسه ده‌كات. له چێوه‌ی ئامانجه‌كانیدا زیاتر تواناكانی خۆی پێشده‌خات.
چانسی ئه‌كادیمیا
گه‌ریلای یه‌ژا ستار سۆزدار ئازاد ده‌ڵێت، له‌نێو په‌كه‌كه‌دا گۆڕینی مرۆڤ زۆر گرینگه و ئهكادێمیاش هێزێكی گه‌وره بۆ مرۆڤه‌كان ده‌ئافرێنێت.
«چانسێكی گه‌وره‌یه كه له ئه‌كادێمیای شه‌هید بێریتان (گوڵناز كاراتاش)م. كاتێك له‌نێو سیسته‌م بووم، چانسم نه‌بوو كه خۆم، زایه‌ندی خۆم و بۆچوونی خۆم بناسم. له‌نێو ژیانی په‌كه‌كه‌دا، به‌تایبه‌تی له‌نێو ڕیزه‌كانی ژن‌دا مرۆڤ ده‌بێته خاوه‌نی ئیراده، زانا ده‌بێت و هه‌ست ده‌كات. له‌نێو ئه‌م ژیانه‌دا مرۆڤ هه‌موو شتێك به مێشك و هێزی خۆی ده‌كات. پێویستی به‌وه نییه كه یه‌كێك ڕێی بۆ دابنێت.»
ئه‌و ژنه گه‌ریلایه بانگی ژنان ده‌كات كه ڕوو له چیاكانی كوردستان بكه‌ن و ببنه خاوه‌ن ئیراده و هێز. ده‌ڵێت، «ئێمه به ئیراده‌ی ئازادی خۆمان به‌شداری له‌م ژیانه ده‌كه‌ین. ئه‌مه‌ش به‌و هێزه ده‌كه‌ین كه له ڕێبه‌رایه‌تی وه‌رده‌گرین هه‌روه‌ها به‌و وره‌یه‌ی له شه‌هیدانی كوردستان وه‌ریده‌گرین.»
s.m