گه‌ریلاكانی یه‌ژا ستار: له‌سه‌ر هێڵی بێریتان سه‌رده‌كه‌وین

گه‌ریلاكانی یه‌ژا ستار به‌بۆنه‌ی ٢٦هه‌مین ساڵیادی شه‌هیدبوونی بێریتان  گوتیان، له‌سه‌ر هێڵی بێریتان شه‌ڕ ده‌كه‌ن و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئازاد ده‌ئافرێنن.

یه‌كێك له‌ پێشه‌نگه‌كانی په‌كه‌كه‌ و بزووتنه‌وه‌ی ژنانی كورد گوڵناز كاراتاش (بێریتان)، ٢٥ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٩٢ ته‌سلیمبوونی قبووڵ نه‌كرد و خۆی له‌ كه‌نده‌ڵانێك خسته‌ خواره‌وه‌. گه‌ریلاكانی یه‌ژا ستار له‌ ٢٦هه‌مین ساڵیادی شه‌هیدبوونی بێریتاندا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) دوان و گوتیان، بێریتان هێڵ و سمبولی ئه‌رته‌شبوونی ژن و بزووتنه‌وه‌ی ئازادی ژنه‌.

گه‌ریلای یه‌ژا ستار دیجله‌ ڕووهات سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر گرینگی ٢٥ی تشرینی یه‌كه‌م\٣ی گه‌ڵاڕێزان بۆ ژنان و گوتی، بنه‌ماكانی ئه‌رته‌شبوونی ژن له‌و ڕۆژه‌دا دانران. 

«هه‌ڤاڵ بێریتان له‌ مێژووی تێكۆشانی ئێمه‌دا سمبول و هێڵی ئه‌رته‌شبوونی ژن و بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی ژنه‌. ئێمه‌ له‌ ڕێی ئه‌و ژنانه‌ی بوونه‌ته‌ ئه‌رته‌ش به‌ره‌و ئازادی ده‌چین. پێویسته‌ مرۆڤه‌كان وه‌ك بێریتان ژیانیان خۆشبوێت و وه‌ك ئه‌و بژین. من ده‌مه‌وێ ببمه‌ یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی به‌شوێنپێی هه‌ڤاڵ بێریتاندا ده‌چن، وه‌ك ئه‌و خۆم پێشبخه‌م و شه‌ڕ بكه‌م. ئێمه‌ به‌ وته‌كان و شێوازی شه‌هید بێریتان شه‌ڕ ده‌كه‌ین و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئازاد ده‌ئافرێنین. كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ده‌ئافرێنین كه‌ به‌ ئازادی ڕازێنراوه‌ته‌وه‌.»

«بێریتان هێڵی ئازادیی ئێمه‌یه‌»

سۆرخوین كاندیل گه‌ریلای یه‌ژا ستار ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ بێریتان هێڵی ئازادییه‌. گوتی: «بێریتان بێ ڕاده‌ له‌ شه‌ڕی باشووردا، تێكۆشانی ئێمه‌ی له‌ به‌رانبه‌ر هێڵی نۆكه‌ر و خیانه‌ت پاراستن و به‌ چالاكییه‌كه‌ی خۆی پیشانی دا كه‌ ئازادی ته‌سلیم ناگیرێت. چالاكییه‌كه‌ی ئه‌و ته‌نیا وه‌ڵامێك نه‌بوو بۆ هێرشه‌كان دوژمن، به‌ڵكو وه‌ڵامێكیش بوو بۆ ته‌سلیمیه‌ت. خیانه‌تی قبووڵ نه‌كرد و به‌رخۆدانی ژنی پیشان دا.»

«هه‌ر وه‌ك چۆن به‌سێ و زه‌ریفه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌ونه‌ ده‌ستی دوژمن له‌ كه‌نده‌ڵانه‌كانی دێرسم خۆیان خسته‌ خواره‌وه‌ و بوونه‌ سمبول، بێریتانیش كه‌ له‌سه‌ر ڕێبازی ئه‌وان بوو، خیانه‌تی قبووڵ نه‌كرد و ڕۆحی به‌رخۆدانی ژنی جارێكی دیكه‌ له‌ به‌رزاییه‌كانه‌وه‌ گه‌ش كرد. هه‌زاران هاوڕێبازی ئه‌و ئێستا له‌سه‌ر هێڵی ئازادی شه‌ڕ ده‌كه‌ن. هاوڕێبازه‌كانی هه‌ڤاڵ بێریتان ئێستا له‌ خواكورك گورز له‌ دوژمن ده‌ده‌ن. وه‌ك هاوڕێبازه‌كانی بێریتان ئێمه‌ له‌پێناو ئازادیی ڕێبه‌رایه‌تی و ئازادیی ژنان شه‌ڕ ده‌كه‌ین و سه‌رده‌كه‌وین.»

«ویستم بچمه‌ سه‌ر ڕێبازی بێریتان»

ڕۆژبین جه‌به‌ل گه‌ریلای ئینته‌رناسیۆنالی یه‌ژا ستار ده‌رباره‌ی شه‌هیدبوونی بێریتان (گوڵناز كاراتاش)، هه‌ست و بۆچوونه‌كانی خۆی خسته‌ڕوو. گوتی: «هه‌ڤاڵ بێریتان پێشه‌نگی ژنی كورد و عه‌ره‌به‌. به‌ر له‌وه‌ی بێمه‌ نێو ڕیزه‌كانی گه‌ریلا، هه‌ڤاڵ بێریتانم نه‌ده‌ناسی، دواتر هه‌ڤاڵان باسی ئه‌ویان بۆ كردم. هه‌ڤاڵ بێریتان زیاتر سه‌رنجی منی ڕاكێشا و ویستم له‌ به‌رخۆدانه‌كه‌ی تێبگه‌م. سه‌یری فیلمه‌كه‌ی ئه‌وم كرد، زۆر كاریگه‌ری تێكردم. به‌تایبه‌تی له‌ ڕووی ڕۆحی هه‌ڤاڵه‌تییه‌وه‌. ڕۆحی هه‌ڤاڵه‌تی لای هه‌ڤاڵ بێریتان زۆر به‌هێز بووه‌. بوێری و پێداگرییه‌كه‌ی بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كه‌ی زۆر به‌هێز بووه‌. له‌ كه‌سایه‌تیی خۆیدا ڕۆحی به‌رخۆدانی ئافراندووه‌ و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ تێكۆشاوه‌. من ویستم بچمه‌ سه‌ر ڕێبازی ئه‌و و وه‌ك ئه‌و بم. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و بوو به‌ قاره‌مانی ژنی ئازاد و هێڵی به‌رخۆدانی هه‌ڵبژارد. ڕۆحی خۆبه‌خشی لای ئه‌و زۆر پته‌و بووه‌. هه‌میشه‌ له‌ به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ بووه‌ و قاره‌مانانه‌ شه‌ڕی كردووه‌.»

«له‌سه‌ر هێڵی بێریتان درێژه‌ به‌ تێكۆشانی خۆمان ده‌ده‌ین»

گه‌ریلا جه‌به‌ل له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی: «هه‌ڤاڵ بێریتان كاریگه‌ری له‌ هه‌موو كه‌س كردووه‌. كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له‌ دوژمنیش كردووه‌. دوای چالاكییه‌ به‌هاداره‌كه‌ی، دوژمن ڕه‌ختی هه‌ڤاڵ بێریتانی هه‌ڵگرت و لای خۆی گلی دایه‌وه‌. ناوی كچه‌كه‌ی خۆیشی كرده‌ بێریتان. چونكه‌ زوو به‌ زوو ژنێكی وه‌ك هه‌ڤاڵ بێریتان په‌یدا نابێت. ئه‌و ژنێكی بوێر و تێكۆشه‌ر بوو. ته‌سلیمبوونی قبووڵ نه‌كرد و وه‌ڵامی خیانه‌تی به‌ چالاكییه‌كه‌ی خۆی دایه‌وه‌. دوای شه‌هیدبوونی هه‌ڤاڵ بێریتان، سه‌رۆكایه‌تی ئه‌رته‌شی ژنی دامه‌زراند، بۆ ئه‌وه‌ی درێژه‌ به‌ هێڵی به‌رخۆدان بدرێت و له‌سه‌ر تێكۆشانی ئه‌و به‌رده‌وام بین. بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ گه‌لی بنده‌ستی خۆمان و ژنی كورد هه‌موو ژنانی جیهان بپارێزین، ئه‌وه‌ی بكه‌وێته‌ سه‌ر شانمان بۆ درێژه‌دان به‌ هێڵی هه‌ڤاڵ بێریتان ده‌یكه‌ین و تۆڵه‌ی ده‌كه‌ینه‌وه‌. كه‌سایه‌تیی شه‌هید بێریتان له‌ كه‌سایه‌تیی خۆماندا بونیاد ده‌نێین. له‌به‌رئه‌وه‌ش كاتێك ڕۆژی ٢٥ی تشرینی یه‌كه‌م دێت، ئێمه‌ زیاتر به‌جۆش و خرۆش ده‌بین و من زۆر خۆشحاڵ ده‌بم. چونكه‌ هه‌ڤاڵ بێریتان سه‌ربه‌رزانه‌ گه‌یشته‌ ئاستی شه‌هیدبوون. له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ ئه‌م ڕۆژه‌ ڕۆژی هه‌موو ژنانه‌، من هیوای زۆر له‌م ڕۆژه‌ وه‌رده‌گرم و به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هێڵی خۆبه‌خشی و به‌رخۆدان.»

s.m