گیونەی: دەسەڵات لە ئیرادەى ژنان دەترسێت

عایشە گیونەی وتەبێژی پلاتفۆرمی ژنانی رۆژنامەنووسى میزۆپۆتامیا رایگەیاند "لە ئۆپراسیۆنەکانى دەسەڵاتدا، کە ئامەد کراوەتە ناوەندەکەى، دەستگیرکردنى ژنان بە رێککەوت نییە، بەڵکو دەسەڵات لە ئیرادەى ژنان دەترسێت".

رۆژی ٩ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨ / ١٧ی رەزبەر پۆلیسی تورکیا لە زنجیرە ئۆپراسیۆنێکیدا لە دژی رۆژنامەنووسان و سیاسەتمەداران هەڵیکوتایە سەر ٢٠٠ شوێن و لە کۆی ١٥١ کەس کە بڕیارى دەستگیرکردنیان بۆ دەرکرابوو ١٢٧ کەسیان دەستگیرکرد و ئەو کەسانەى تریش کە دەستگیر نەکراون، لەو شوێنانەدا نەبوون کە پۆلیسی هەڵیکوتابوویە سەریان.

لە ئامەد ٢٣ کەس لە دواى رۆژێک راگرتنیان و وەرگرتنى وتەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشی ئامەددا ئازاد کران. رۆژی دواتر ٢٤ کەس لە دەستگیرکراوەکانیان رەوانەى دادگا کران و ١١ کەسیان بە مەرجی مانەوەیان لە ژێر چادێرى دادگادا ئازاد کران و سزای زیندانیکردنیان بۆ ١٣ کەسی تریان دەرکرد.

یەکێک لەو کەسانە سزای زیندانیکردنى بۆ دەرکراوە کیبرییە ئەڤرەنی رۆژنامەنووسە. رۆژی دواتریش ٢٠ کەسی تر، کە ٣ کەسیان رۆژنامەنووسن رەوانەى دادگا کران. ١٨ کەسیان بە مەرجی مانەوە لە ژێر چاودێریى دادگادا ئازادکران و ٢ کەسی تریشیان لە دواى وەرگرتنى وتەکانیان لەلایەن داواکارى گشتییەوە ئازاد کران.

 

"دەسەڵات لە ئیرادەى ژنان دەترسێت"

عایشە گیونەى وتەبێژی پلاتفۆرمی ژنانى رۆژنامەنووسی میزۆپۆتامیا لەبارەى ئەو دەستگیرکردنانەوە بە ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF)ی راگەیاند "زۆربەی ئەو کەسانەی دەستگیر و زیندانیکراون ژنن. دەستگیرکردنەکان ئەوە دەردەخەن، کە دەسەڵات لە ئیرادە و بڕیارمەندیى ژنان لە هەڵبژاردنى گشتیى ٢٠١٥ەوە ترسی بۆ دروستبووە".

راشیگەیاند "هەڵوێست و بڕیارمەندی و پێداگری و تێکۆشانی ژنان لە هەڵبژاردنى گشتیى ٢٠١٥دا و راگەیاندنى باری نائاسایى ترسی خستووەتە دڵی دەسەڵاتەوە. ئەو دەسەڵاتە دەیەوێت تێکۆشان و ئیرادەى بەهێزى ژنان تێکبشکێنێت، بۆیە دەستیکردووە بە ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنى پاکتاوی سیاسی".

گوشارەکانى پێش هەڵبژاردنى شارەوانییەکان...

گیونەى ئاماژەى بەوەشکرد، ئەو ئۆپەراسیۆنانە و دەستگیرکردنى ژنان پێش هەڵبژاردنى شارەوانییەکان بە رێککەوت نییە و دەسەڵات دەیەوێت کاری هەڵبژاردنى شارەوانییەکان بۆ خۆی خێرا بکات.

گیونەى باسی ئەوەشیکرد "ئۆپراسیۆنە سیاسییەکان و ئەو دەستگیرکردنانە دۆخی ١٦ ساڵ دەسەڵاتى ئاکەپەیە و چۆنیەتیى نزیکبوونەوە و سیاسەتى ئاکەپە بەرامبەر بە گەلی کورد بە روونی دەخاتەڕوو، چونکە ئامانجیان ئەوەیە لە سەرکوتکردن و پاکتاوکردن و سڕینەوەى کورد دا سەر بکەون".

"ئێمە هەرگیز دەستبەرداری نووسین و بڵاوکردنەوەى راستییەکان نابین"

عایشە گیونەى وتەبێژی پلاتفۆرمی ژنانى رۆژنامەنووسی میزۆپۆتامیا وتى، ئاکەپە دەیەوێت میدیا و چاپەمەنی بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و یەکدەستیان بکات، بۆیە میدیاى ئازاد کە بەرامبەر بە سیاسەتى یەکدەستکردنى ئاکەپە بە هەڵوێستە و سازشی لەگەڵ ناکەن، لەلایەن دەسەڵاتى ئاکەپەوە کراونەتە ئامانج و دەیانەوێت دەنگە ئازادەکان لەناو ببەن.

وتەبێژی پلاتفۆرمی ژنانى رۆژنامەنووسی میزۆپۆتامیا ئەوەشى وت "میدیاى ئازاد کراوەتە ئامانجی هێرشەکان. لە ئێستادا میدیاکانى تر لەلایەن دەسەڵاتەوە کۆنترۆڵ کراون و دەسەڵات کردوونى بە میدیاى یەکدەست. میدیاى ئازاد لە دژی میدیاى یەکدەست دەنووسێت و راستییەکان بڵاودەکاەوە هەرگیزیش دەستبەرداری نووسین و بڵاوکردنەوەى راستییەکان نابێت، بۆیە لەلایەن دەسەڵاتەوە کراوەتە ئامانج. دەبێت دەسەڵات بە خێرایى دەست لە ئۆپراسیۆنەکانى لە دژی میدیاکانى کورد هەڵبگرێت. ئەو دەستگیرکردنانە هیچ پەیوەندییەکیان بە یاساوە نییە و پێشێلکردنى یاسان. دەبێت بە خێرایى رۆژنامەنووسان و کارمەندانى میدیاى ئازاد و هەڤاڵەکانى ئێمە ئازاد بکرێن. ئێمە وەک ئەرکدارانى نەریتى میدیاى ئازاد بەردەوام دەبین لە گەڕانماندا بە دواى راستییەکاندا و هەرگیز سازش ناکەین و بە بەردەوامی راستییەکان دەنووسین و بڵاویان دەکەینەوە".

ر.م