یەکێتیی ژنانی کوردستان لە ئەڵمانیا (یەژەکە ئەڵمانیا - YJK-E) راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە "ئێمە ١٤هەمین فێستیڤاڵی ژنانی زیلان بە دروشمی 'پاراستنی عەفرین، پاراستنی شۆڕشی ژنانە'، ڕۆژی ٢٣ی حوزەیران / ٢ى پووشپەڕ و لە شاری دۆرتمۆندی ئەڵمانیا ساز دەکەین. ئێمە لە چاوەڕوانین، کە گەلەکەمان و دۆستانمان لە وڵاتانی ئەڵمانیا، هۆڵەندا و بەلجیکاوە، بەشداریی ئەو فێستیڤاڵە بکەن".
یەژەکە ئەڵمانیا دەستنیشانیشی کردووە، کە تێکۆشانی ئازادیی ژنان لە دژی سیستمی سەرمایەداریی مۆدێرنێتە، وەک سەرهەڵدانی هەرە ڕادیکاڵ و تووند هاتووەتە ئاراوە. جەختیشی کردەوە کە پارادیگمای کۆمەڵگەی دیموکراتیک - ئیکۆلۆژیک - ئازادیپارێزی ژن لە ڕۆژئاوای کوردستان بە پێشەنگیی ژنان پێکهاتووە و بووە بە جێگەی باس و خواس.
لە راگەیاندراوەکەی یەژەکە ئەڵمانیادا هاتووە، هێرشی هێزە باڵادەستخواز و هەژمونگەراکانی جیهان، بەتایبەتیی هێرشەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا، لە چ ئاستێکیشدا بێت، ژنان بەرەو سەردەمێکی نوێی ئازادی هەنگاو دەنێن.
ئەوەشی تیایدا هاتووە "تێکۆشینی ئازادیی ئێمەی ژنان لە ئاستی خۆجێیدا گەورە بووە و خۆی گەیاندووەتە ئاستی گەردوونی. هاوکاریی ئێمەش بە تێکۆشان لەگەڵ ژنانی گەلانی تردا ڕۆژ بە ڕۆژ مەزنتر بووە و مەزنتر و بەرفراوانتریش دەبێت. ژنان بوونەتە خاوەنی هۆشمەندیی، ئیرادە و هێز، کە دەتوانن خۆیانی پێ بپارێزن".
یەژەکە ئەڵمانیا جەختیشی لەوە کردووەتەوە، پارادیگمای کۆمەڵگای دیموکراتیک – ئیکۆلۆژیک - ئازادیپارێزیی ژن، کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئافراندویەتی، بە ئیرادەی بەهێزی ژنانی کورد بووەتە ڕاستییەک و دەڵێت "لەبەر ئەوە ئێمە لە هەر کاتێک باشتر بە بڕیارین، کە لە دژی هێرشەکانی نکۆڵیکردن و ڕەتکردنەوە و فاشیزمدا، ڕێبەری خۆمان ئازاد بکەین، بەرخۆدانی سەردەم بەسەربخەین و ژیانی ئازاد و ئازادی ژن مسۆگەر بکەین".
لە راگەیاندراوەکەى یەژەکە ئەڵمانیادا سەرنجیش خراوەتە سەر هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ ی پووشپەڕ، لە تورکیا باکووری کوردستان و دەستنیشان کراوە، ئەوان لەو باوەڕەدان فاشیزمی ئەردۆغان – ئاکەپە و مەهەپە جارێکی تر لەناو بچێت.
یەژەکە ئەڵمانیا لە بەشێکی تری راگەیاندراوەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بەو بیروباوەڕەوە، ڕۆژی ٢٣ی حوزەیران، لە شاری دۆرتمۆندی ئەڵمانیا، بە دروشمی 'پاراستنی عەفرین پاراستنی شۆڕشی ژنانە'، ١٤هەمین فێستیڤاڵی زیلان ساز دەدەین، بۆیە "ئێمە بانگ لە گەل و دۆستانمان لە وڵاتانی ئەڵمانیا، هۆڵەندا و بەلجیکا دەکەین، کە بەشداری فێستیڤاڵەکە بکەن".
ناونیشانی فێستیڤاڵەکە:
Hoeschpark, Kirchderner Str. 35-43, 44145 Dortmund