٨٧٢ ئاوارە گەڕانەوە بۆ شەنگال و سەلاحەدین

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند ٨٧٢ ئاوارە لە کەمپەکانی سنووری سلێمانییەوە گەڕانەوە بۆ شەنگال و پارێزگای سەڵاحەدین، هەروەها هاوکاریی بەسەردا ئاوارە گەڕاوەکاندا دابەشکردووە.

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، گەڕانەوەی ٨٧٢ ئاوارەی لە کەمپی ئاشتیی سلێمانییەوە بۆ شەنگال و شارەدێی یەسری سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین ڕاگەیاند.

لە لایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانەوە بڕی چوار ملیۆن دینار و چەند کەرەستەیەکی کارەبایی ناوماڵ وەکوو هاوکاریی ئاوارەکان کرا.

بڕیار وایە، تا کۆتایی مانگی تەمووزی ئەمساڵ، سەرجەم کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دابخرێت و هەموو ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ئامادەکاریی تەواوی کردووە و هاوکاریی ماددی ئاوارەکان دەکرێن.