بە بەشداری هەزاران کەس مەراسیمی هەزار دەف لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو
لانی کەم ١٥ هەزار کەس بەشداربوون لە مەراسیمی هەزار دەف لە گوندی دەگاگا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لانی کەم ١٥ هەزار کەس بەشداربوون لە مەراسیمی هەزار دەف لە گوندی دەگاگا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ڕۆژی پێنج شەممە ٤ ی نیسان، مەراسیمی فەرهەنگی-ئایینی هەزار دەف لە گوندی دەگاگا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەکەدا لانی کەم ١٥ هەزار کەس لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرانسەری ئێرانەوە بەشداربوون.
بەشداربووان جلوبەرگی کوردی ڕەنگاوڕەنگیان پۆشی و دیمەنێکی قەشەنگیان بە مەراسیمەکە بەخشی. هەروەها پۆشینی جلوبەرگی کوردی و فەرهەنگی کوردستان سەرنجی میوانانی ناوچە جیاجیاکانی ئێران و نا کوردەکانی ڕاکێشا.
لە چوارچێوەی مەراسیمەکەدا، پێشانگای کاری دەستی و فۆلکلۆری هەورامان و بەرهەم و خۆراکەکانی تایبەت بە ناوچەکە کرایەوە و پیشانی میوانان درا.
هاوکات ژنان جێگەیەکی تایبەتیان تەرخانکرد بۆ دروستکردنی نان و کەلانە و خواردنی خۆماڵی.
لە مەراسیمەکەدا بەگوێرەی بیناسازی هەورامان، دەفژەنان لەسەر خانووی گوندە ڕیزیان بەست و هونەری خۆیان پێشکەش کرد ئەمەش جۆشوخرۆشێکی تایبەتی بە مەراسیمەکە بەخشی.
دەفژەنان بە ژن و پیاو و مناڵەوە بە پۆشینی جلوبەرگی ڕەسەنی کوردییەوە هونەرەکەیان پێشکەش کرد، ژمارەیەکی زۆری دەفژەنان ژنان و کچان بوون.
لە مەراسیمەکەدا شاعیرێکی خەڵکی گوندەکە چووە سەر ستەیج و شیعرەکانی بۆ ئامادەبووان خوێندەوە. هەروەها پرسەکانی ناوچەکە و بەتایبەت پرسی کۆڵبەران خرایە بەرباس و داوای دۆزینەوەی چارەسەر کرا.