بە دروستکردنی وێستگەی هایدرۆئەلکتریک گوندی زیلان چۆڵ دەکرێت

لەگەڵ ئەوەی دادگای راوێژکاری بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دروستکردنی وێستگەی هایدرۆئەلکتریکی لەسەر روباری زیلان لە وان داوە، بەڵام پرۆژەکە بەردەوامە و بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکی ناوچەکە کۆچ بکەن.

لە ناوچەی ئەردیشی وان، حکومەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٤دا لەسەر روباری زیلان دەستی بە دروستکردنی پرۆژەی هایدرۆئەلکتریک کرد. رێکخراوەکانی ژینگەپارێزی و گوندنشینان لەدژی ئەو پرۆژەیە لە ٦مین دادگای راوێژکاری سکاڵایان تۆمار کرد و داوایان کرد پرۆژەکە رابگیرێت. لەگەڵ ئەوەی دادگای راوێژکاری بریاری راگرتنی پرۆژەکەیدا، بەڵام حکومەتی ئاکەپە لەسەر روباری زیلان بەردەوامە لەسەر پرۆژەکە.

وێرانکردنی سروشت و ئەو کارەساتانەی بەهۆی پرۆژەکەوە دروست دەبن، رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندان. بەهۆی ئەوەی دەرچەی بەنداوەکە دادەخرێت، بە کۆمەڵ ماسیەکان دەمرن، هەروەها لە کوێستانەکانیش، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری نەماوە. لەو هەرێمەکە کە لە ساڵی ١٩٣٠دا کۆمەڵکوژی زیلان ئەنجامدراوە، ٣٠ گوند هەیە. پرۆژەکە کاریگەری لەسەر ١٠ گوند دروست کردووە. گوندنشینان بەم هۆیەوە لە دۆخێکی خراپدان و ئابوریان لاواز بووە و لە ناوچەکە کۆچ دەکەن.

کشتوکاڵ و ئاژەڵداری نەماوە

شەهابەدین دەمیر وتەبێژی دەستپێشخەری زیلان بۆ ئاژانی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و رایگەیاند، ئاستی ئاوی روباری زیلان ١٠ سانتیمەتر کەمی کردووە و ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی ماسیەکان بە کۆمەڵ بمرن. بەهۆی ئەوەی سەرچاوەی روبارەکە لە کوێستانەکانەوە دێن، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری نەماوە و وتی، " سکاڵامان لە دادگای راوێژکاریە. لەم دواییانەدا بڕیارێکی دیکە دەدرێت و دواتر دەست بە جووڵە دەکەینەوە. دوایین جار دادگای هەرێمی وان راپۆرتی پسپۆڕانی بە شێوەیەکی لایەنگری ئامادە کرد. ئێمە ئەمە قبوڵ ناکەین. دادگای راویژکاری بە شێوەیەکی ئەرێنی بریارەکەی ئێمەی قبوڵ کرد. ویستمان بە شێوەیەکی پسۆڕی لێکۆلینەوە بکرێت. دەمانەوێت پسۆڕان لێکۆلینەوە لەسەر ئاو بکەن و ئەندازیارانی خاک و کشتوکاڵ لێکۆلینەوە بکەن. لەگەل ئەوەی دادگای ڕاوێژکاری بریاری ئەرێنی لەسەر سکاڵاکەمان داوە، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ ناکرێت."

گوندنشینان کۆچ دەکەن

دەمیر رایگەیاند کە بەهۆی پرۆژەکەوە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری نەماوە و هەردووکیان بۆ گوندنشینانس سەرچاوەی دەرامەت و ژیانن و وتی، " کۆچکردن کە گوندەکان دەستیپێکردووە. لەم دواییانەدا کۆچبەری زۆر زیادی کردووە. خانەوادەکان لە زیلان دەچن. بەپێی بڕیاری راوێژکاری ئێمە سەرلەنوێ دەست بە جووڵە دەکەین و خاک و ئاومان دەپارێزین."

ف.ق