باقرخان: ئەوانەی دوژمنایەتی کوردیان کرد شکستیانهێنا و دۆڕاندیان

هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تونجەر باقرخان، کە بۆ جەژنە پیرۆزە لە دووەم رۆژی جەژندا لە سێرت بوو رایگەیاند، "ئەوانەی دوژمنایەتی کوردیان دەکرد لە هەڵبژاردندا دۆڕاندیان".

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان لە چوارچێوەی بەرنامەی پیرۆزبایی جەژندا لە سێرت بوو، باقرخان لەلایەن هاوسەرۆکانی شارەوانی سێرت سافیا ئالاگاش و محەمەد کایسی پێشوازی لێکرا و وێڕای پیرۆزبایی جەژن بە هۆی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی خۆجێیی لە سێرت پیرۆزبایی لە هاوڵاتیان کرد و لە وتەیەکدا لە ناو بینای شارەوانی روو لە جەماوەر رایگەیاند: "ئێرە ماڵی ئێوەیە، ئێوە گەلێکی ئازاد و شکۆمەندن، سەرباری گوشار و ستەمیش هەڵوێستێکی شکۆمەندانەتان نیشاندا و جارێکی دیکە شارەوانی سێرتتان بەدەست هێنایەوە. ئەو سەرکەوتنە لە یەک بە یەکتان پیرۆز بێت".

ئەوانەی دوژمنایەتی کوردیان کرد، دۆڕاندیان'

باقرخان لە درێژەدا وتی، "ئەوانەی ماڵی ئێوەیان زەوت کرد، ئەوانەی دوو خول شارەوانیان تاڵان کرد، ئەوانەی دزییان کرد، ئەوانەی زمان و کولتوری ئێمەیان پەراوێز خست، بینیان؛ گوشارەکانیان هیچی لێ سەوز نابێت و بێ ئەنجامە. هاوڕێیانمان وەک سامانی خۆیان پارێزگاری لە سامانی ئێوە دەکەن، شارەوانی ئێمە جیاکاری ناکات. دادپەروەرانە مامەڵە دەکەن، چونکە ئێمە نەوەی شێخ سەعید و سەید رەزاین، ئێمە ستەم ناکەین، بە هۆی جیاوازی زمان و ئایینەوە جیاوازی لە نێوان مرۆڤەکاندا ناکەین. خزمەتێکی یەکسان و دادپەروەرانە دەکەین. لە سەرجەم ئەو شارانەی کوردی تێدایە لە ئەنجومەنی شارەکاندا بووینە پارتی یەکەم. ئەوانەی شارەوانی گەلیان بە کۆنکرێت لە گەل دابڕاند، ئەوانەی دوژمنایەتی کوردیان کرد لەم هەڵبژاردنەدا دۆڕاندیان و شکستیان هێنا. ئێوە، ئەوانەی ئاشتی، دادپەروەری و ئازادیان دەوێت سەرکەوتن."

باقرخان دواتر سەردانی شاروانی شارۆچکەی زیارەت و شارەوانی مسرجێی کرد.

هـ . ب