بەبێ بەشداری بەرپرسان ٣٦ەمین ساڵڕۆژی ئەنفال لە گەرمیان بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ هاوکات لەگەڵ ٣٦ەمین ساڵرۆژی ئەنفاڵ، لەگەرمیان بە بێ بەشداربوونی بەرپرسان و کەسانی حزبی مەراسیمێک بەڕێوەچوو، لە هەڵەبجەش بەهەمان مەبەست مەراسیمێک سازکرا.
ئەمڕۆ هاوکات لەگەڵ ٣٦ەمین ساڵرۆژی ئەنفاڵ، لەگەرمیان بە بێ بەشداربوونی بەرپرسان و کەسانی حزبی مەراسیمێک بەڕێوەچوو، لە هەڵەبجەش بەهەمان مەبەست مەراسیمێک سازکرا.
ئەمڕۆ ١٤ی نیسان ٣٦ ساڵ بە سەر دەستپێکردنی پرۆسەی کۆمەڵکوژی گەلی کورد لەسەر دەستی رژێمی بەعس تێپەڕدەبێت کە بە تاوانی ئەنفال ناسراوە و تیایدا زیاتر لە ١٨٠ هەزار کەس شەهید بوون و بۆ ئەو مەبەستە لە گۆڕستانی دێبنە لە شارەدێی ڕزگاریی لە سنووری شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بە ئامادەبوونی کەسوکاری ئەنفال و بەشێک لە هاوڵاتیان یادی ئەو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە کرایەوە و بەهۆی نیگەرانی کەسوکاری ئەنفالکراوانیش لە دەسەڵات ڕێگە نەدرا هیچ بەرپرسێکی حزبی بەشداریی ساڵیادەکە بکەن، جگە لە بەڕێوبەری شارەدێی ڕزگاریی.
جەمال ساڵەح، بەڕێوەبەری شارەدێی ڕزگاری لە لێدوانێکدا بە رۆژنیوزی راگەیاندووە: ئەمڕۆ لەگەڵ کەسوکاری ئەنفال بەشداریی ٣٦ەمین ساڵڕۆژی کارەساتی ئەنفالمان کرد، لەم ساڵیشدا داواکاری کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوانیش ئەوەیە، کە ڕووفاتی کەسەکانیان لە بیابانەکانی خوارووی عێراق بهێنرێتەوە و لە مەراسیمێکدا بە خاکی نیشتمان بسپێردرێن.
وتیشی: لە ڕابردوودا داواکارییەکانیانمان گەیاندووە بە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش، بەڵام هەندێکجار کێشە و ئاستەنگی درووستدەکرێت لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، لەسەر بنەمای چۆنێتی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، خۆشبەختانە لە ماوەی پێشوو بەشێک لەو ڕووفاتانە هێنرانەوە، هیوادارم ئەو هەوڵانە بەردەوام بن بۆ هێنانەوەی تەواوی ڕووفاتی ئەنفالکراوان.
هاوکات هەر ئەمڕۆ لەبەردەم پەیكەری ئەنفال لەناو مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، پارێزگار و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە، بە دانانی تاجەگوڵینە ٣٦ـەمین ساڵیادى تاوانی ئەنفالیان بەرزڕاگرت.
لەوبارەوە ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە لە وتەیەکدا ڕایگەیاند، پێویستە حكومەتی هەرێم داواكاری كەسوكاری ئەنفالكراوان جێبەجێ بكات تا فرمێسكی دایكانی شەهید ساڕێژ ببێت. ئاماژەى بەوەش کرد، پێویستە ئەم كارەساتە لەبیری ڕۆڵەكانی گەلەكەماندا بە زیندووی بمێنێتەوە.
هەروەها كامەران مستەفا بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە وتی، ئێمە هەموو ساڵێك ئەو یادە بەرز ڕادەگرین، هەڵەبجە جگە لە كیمیاباران هەزار و ٢٥٠ ئەنفالكراویشی هەیە، تائێستا هیچ ڕوفاتێكی ئەنفالكراوی شارەكە نەهاتووەتەوە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣٦ ساڵ بەسەر ئەو تاوانە، تائێستا بەشێکی زۆری رووفاتەکانی ئەنفالکراوان نەگەڕێندراونەتەوە و ئەو جاش و موستەشارانەشی لەو تاوانەوە گلاون، بەهۆی داڵدەدانیان لە لایەن دەسەڵاتدارانی باشوورەوە، نەبراونەتە بەردەم دادگا.
هـ . ب