ڕۆژی ١٢/١٠/٢٠١٩ هەڤرین خەلەف، چالاکوانی سوریا و سکرتێری پارتی سوریای داهاتوو لە ڕۆژاوای کوردستان، لەسەر ڕێگای سەرەکی نێوان قامیشلۆ و ڕەققە لە لایەن چەتەکانی سەر ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە شەهیدکرا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی BBC بەریتانی، شەهیدکردنی هەڤرین لەلایەن گروپی میلیشیایی (ئەحرار شەرقییەوە) ئەنجامدراوە کە ڕاستەوخۆ لە لایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە پاڵپشتی دەکرێن، لە کاتێکدا گرووپە میلیشیاکە پێشتر بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی تاوانەکەی ڕەتکردبوویەوە.
ڕاپۆرتەکەی BBC کە هەڤرین خەلەفی تەمەن ٣٤ ساڵی بە دروستکەری ئاشتی لە سوریا وەسف کردووە، باسی لەوە کردووە، ناوبراو هانی یەکسانی داوە لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا بەبێ جیاوازی و لە هەوڵی بەدەستهێنانی یەک هەڵوێستی ئەوان بووە بۆ ڕاگرتنی داگیرکارییە سەربازیەکەی دەوڵەتی تورک "کانی ئاشتی" لە ڕۆژئاوای کوردستان.
BBC ئەوەشی خستووەتەڕوو کە هەڤرین خەلەف تەنها بەرگری لە مافەکانی کورد نەکردووە لە ڕۆژئاوای کوردستان کە خۆی دامەزرێنەری پارتێکی کوردی بووە لە ناوچەکە، بەڵکو هەوڵیداوە کە مەسیحی، کوردو عەرەب پێکەوە ڕووبەڕوی ئاستەنگییەکان ببنەوە و دووبارە وڵاتەکەیان بنیات بنێنەوە.
نەوبەهار مستەفا، هاوڕێی هەڤرین بە BBC ڕاگەیاندووە، لەدەستدانی هەڤرین کۆستێکی گەورە بووە بۆ ڕۆژئاوا و لەماوەی ڕابردووشدا جێدەستی دیاربووە و دەنگێکی ئازاو ئازاد بووە لە نوێنەرایەتیکردنی ژنانی ڕۆژئاوا و کارکردن لە پێناو ئاشتیدا.
ئەو ڕاپۆرتەی BBC لە کاتێکدایە کە پێشتریش هەریەک لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی چاودێریکردنی مافی مرۆڤ کوشتنی هەڤرین خەلەفیان بە تاوانی جەنگ وەسفکرد و داوایانکرد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکات، هاوکات ئەوە یەکەمجارە لەسەر ئاستی جیهان میدیایەکی جیهانی بە فەرمی شەهیدکردنی هەڤرین ڕاستەوخۆ بداتە پاڵ میلیشیاکانی سەر بە دەوڵەتی تورک و دان بە کاریگەریی ئەو سەرکردە ژنە لاوەی ڕۆژئاوادا بنێن لە بواری پاراستنی ئاشتیدا.
ف.ق