بەبۆنەی لەدایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان لە سلێمانی نەمام چێندرا

ئەمڕۆ، بەبۆنەی ٧٥ـەمین ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە، لە سلێمانی هەڵمەتێکی نەمام چاندن و ئاهەنگگێڕان پیرۆزباییەکە بەڕێوەچوو.

٤ی نیسان سلێمانی

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بە دەست پێشخەری ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان – ڕەژاک هەڵمەتێکی نەمام چاندن و ئاهەنگێڕان بە بۆنەی ٤ی نیسان، ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەكە، بە خوێندنەوەی شعرێک بۆ پیرۆزکردنی یادی لەدایکبوونی ڕێبەر ئۆجالان دەستی پێکرد، دواتر ئامادەبووان  بە خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدان و وتنەوەی سرودی ئەی ڕەقیب مەراسیمەکەیان دەستپێکرد.

 دواتر ٧٥ نەمامی سنەوبەر و چوار گوڵە باخ لەلایەن بەشداربووانەوە بە پێشەنگایەتی تارا حسێن- هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی و خانەوادەی شەهیدان چێندران، وەک ئاماژەیەک بە ٧٥ ـەمین ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەر ئۆجالان.

جێی باسە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی لە توێژە جیاجیاکان، ڕۆشنبیران و چالاکوانان و ڕێکخراوەکان بەشدارییان لە پیروزباییەکەدا کرد.

هەروەها لە چوارچێوەی پیرۆزباییەکەدا هەڤاڵ ئاڵا ئەبوبەکر، ئەندامی ڕەژاک بەیاننامەی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان – ڕەژاک خوێندەوە.

لە بەیاننامەکەدا  گوترا: کە قۆناغەکانی ژیانی ڕێبەر ئۆجالان چەند گرنگن و یەکێکیش لەو قۆناغانە بە قۆناغی گەشە و سەرهەڵدانی فکری ڕێبەر ئاپۆ پێناسە دەکرێت و گرنگییەکی بەرچاوی هەبووە لە مێژووی ژن و قوڵکردنەوەی ئەرک و مافەکانی ژنان و بە پێشەنگکردنی ژنانی ئازاد.

لە بەیاننامەکەی ڕەژاکدا هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە کە، ٢٥ ساڵ لەمەوبەر رێبەر ئاپۆ دەستگیرکرا و ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرا، ماوەی ٣ ساڵە گەلەکەمان و تەنانەت بنەماڵە و پارێزەرانی هیچ هەواڵێکیان لێی نییە، رێکخراوی سی پی تی، ڕاستییەکان لە گەلەکەمان دەشارێتەوە، بەڵام لە ژێر ڕووناکی بیر و رێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆ هەتا تێکشکاندنی عەقڵیەتی فاشیستی بەردەوامین لە تێکۆشان.

باس لەوەش کراوە، کە لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا لە باشوری کوردستان بەردەوام بە ڕێپێوان و چالاکی جۆراوجۆر، گەلی کورد لەسەر بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ بەردەوامن لە درێژەدان بە خەبات.

هەروەها ئاماژەش بە نەورۆزی ئەمساڵ وەک نەورۆزی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ  و پەیامی بەردەوامی و کۆڵنەدان درابوو، باس لەوە کرا کە نەورۆزی ئەمساڵ بوە پەیامێک بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و سەرکەوتنی گەلەکەمان.

لە میانەی مەراسیمەکەدا، بەردەوام دروشمەکانی (بژی رێبەر ئاپۆ، بێ سەرۆک ژیان نابێت، ژن ژیان ئازادی) وترانەوە.

 لە کۆتایی مەراسیمەکەدا گروپی موزیکی رۆژئاوا، چەند بەرهەمێکی هونەرییان پێشکەشی ئامادەبووان کرد.