بنەماڵەکانی مەزڵوم داغ و عەبدولرحمان ئەر لەگەڵ ڕۆشنبیران کۆبوونەوە

بنەماڵەی هەردوو گیراوی سیاسی کورد مەزڵوم داغ و عەبدولرحمان ئەر بە مەبەستی داواکردنی لادانی سزای لە سیدارەدان لەسەر ڕۆڵەکانیان، ڕویان لە باشوری کوردستان کردوە.

ساڵی ڕابردوو دوو گەنجی کورد بە ناوەکانی عەبدولرحمان ئەر و مەزڵوم داغ بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی میتی تورکیان لەڕێستورانتی حوقە باز لە شاری هەولێر لە لایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)وە دەستگیرکران و بەبێ پارێزەر و تەنها بەیەک دانیشتنی دادگا، بریاری لەسدارەدانیان بۆ دەرچوو.

هەریەک لە دایک و باوکی مەزڵوم داغ و عەبدولرحمان ئەر لە باکوری کوردستانەوە ڕوویان کردۆتە باشوری کوردستان بە مەبەستی کۆ بوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان و داواکردنی لابردنی سزای لە سێدارەدان کە بەسەر رۆڵەکانیان سەپێنراوە.

بۆ هەمان مەبەست بنەماڵەی هەردوو گەنجی کورد ئەمرۆ لە شاری سلێمانی لەگەڵ ڕۆشنبیرانی ئەو شارە کۆ بوونەوە و داویان کرد کە پشتیوانیان بکەن لەو هەڵمەتەی کە دەستیان پێکردوە بۆ هەڵگرتنی سزای لە سێدارەدان لەسەر ڕۆڵەکانیان.

بنەماڵەی ئەو دوو گەنجە وتیان ناکرێت دەسەڵاتێکی کوردی گەنجانی کورد لە سیدارە بدات، ناکرێت کورد، جەرگی دایکی کوردان بسوتێنێت، داواشیان کرد ڕۆشنبیران پشتیوانی داواکاریەکانیان بکەن و ئەوە کەیسە بجوڵینن.

لای خۆیانەوە ڕۆشنبیران پشتیوانی خۆیان بۆ داواکاری دایکان دەربڕی و ڕایانگەیاند دادگاییکردنی ئەو گەنجانە دوور لە چاوی ڕایگشتی بەڕێوە چووە و کەس ناوەرۆکی ئەو دادگاییە نازانێت و ناکرێت دەسەڵاتی کوردی سزایەکی بەم شێوەیە بەسەر گەنجانی کوردا بسەپێنێت کە لە کاتێکدا سزای لە سیدارەدان وەک سزایەکی نامرۆڤانە هەژمار دەکرێت.

ز.ش