"بەرژەوەندییە تایبەتییەکان و گرێبەستە 50 ساڵییەکە زمانی قرتاندوون، بۆیە بێدەنگن"

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاند، "دەستدرێژی کردنەسەر خاک و خەڵکی ئێمە لەلایەن سوپای تورکیاوە لەبەهێزی ئەوان نیە ، بەڵکو لەبێدەنگی و بێهەڵوێستی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و بەغدادە".

شانار ئیبراهیم ئەحمەد بەرپرسی ناوەندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) لە ئەژماری تایبەتی خۆی لە میدیای دیجیتاڵدا ناڕەزایەتی لە دژی بۆردومانەکانی رۆژی ٢٤ی ئابی ٢٠٢١ دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچە مەدەنیەکانی پێنجوێن و شارباژێر بڵاوکردەوە.

دەقی بابەتەکەى شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

"بۆردومان و پێشێلکارییە سەربازییەکانی بەرەبەیانی دوێنێی سوپای تورکیا لەرێگەی هێزی ئاسمانییەوە لەچەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بەگشتی و پارێزگای سلێمانی بەتایبەت ، چاوپۆشی و بێدەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم و بەغداد لەئاست چەند بارەبوونەوەی ئەو هێرش و پەلامارە دوژمنکارانەیە جێگەی پرسیار و نیگەرانییە ..

بۆردومان کردنی ناوچەکانی نیشتەجێبوون و باخ و زەوییە کشتوکاڵییەکان جگە لەوەی زیان بەجووتیاران و گوندنشینان دەگەیەنێت ، مەترسیەکی گەورەشە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی و پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانیشە، و پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێیەتی و یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەهاکانی مرۆڤایەتییە ..

هەمیشە باوەڕم وابووە شکاندن و پێشێلکردنی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و دەستدرێژی کردنەسەر خاک و خەڵکی ئێمە لەلایەن سوپای تورکیاوە لەبەهێزی ئەوان نیە ، بەڵکو لەبێدەنگی و بێهەڵوێستی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و بەغدادە کە ڕێگەی بۆ خۆش کردوون  ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر پەلامار بدەن و سڵ لەهیچ شتێک نەکەنەوە ..

دوێنێ وویستم ئەم چەند دێڕە بنووسم ، بەڵام بێدەنگ بووم تاکو بزانم هیچ هێز و لایەنێکی سیاسی دێتە دەنگ ؟ بەداخەوە هەمووان بێدەنگ بوون و منیش دڵنیابوومەوە لە بۆچوونە نەگۆڕەکەی خۆم ..!!

باس لە بێهەڵوێستی و بێدەنگی بەرپرسانی هەرێم ناکەم ، چونکە دەزانم ئەوان گوێچکەکانیان لەگەڵ زریکە و هاواری گەورە و بچووکی ئەم ووڵاتە ڕاهاتووە ، لووتیان پڕ بووە لەبۆنی دووکەڵی کێڵگە و گوندە سوتاوەکانی کوردستان ، بەرژەوەندییە تایبەتییەکان و گرێبەستە 50 ساڵییەکە زمانی قرتاندوون ..!!

ئەوەی سەیرە بێهەڵوێستی کاربەدەستانی بەغدادە ، لەکاتێکدا سەرقاڵی نێوەندگیری ووڵاتانی ناکۆکی ناوچەکەن ، بەڵام هیچ هەنگاوێک نانێن بۆ چارەسەرکردنی ئەو هەموو کێشە و گرفتەی نێوان خۆیان و تورکیا ..!!

پێویستە هەموو حزبە کوردستانییەکان ئیدانەی ئەو هێرشانە بکەن و ڕێگە نەدەن کە هەرێمی کوردستان ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی سیاسەتی چەوت و ڕەگەزپەرستانەی نەیارانی گەلەکەمان و تەسفیە حیساباتی کێشە ئیقلیمییەکان ، بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان بەکردار بخرێتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە کەسی و سیاسی و حزبی و ئابوورییەکان ، بۆ ئەوەی چیتر کە هاووڵاتی و گوندنیشینانی ئەم هەرێمە خێر لەخۆنەدیوەمان باجەکەی نەدەن ، چونکە هەمووان لەئاست ئەم خاکە و گیانی هاونیشتیمانییان بەرپرسیارێتی مێژوویان لەئەستۆدایە".

ژ.ت