بێستون خالید و ئەحمەد هاکان

كەم كەس هەیە لە توركیا بەدواداچوونی بۆ سیاسەت و راگەیاندنی ئەم وڵاتە كردبێت و و ئەحمەد هاكان (Ahmet Hakan) نەناسێت.

كەم كەس هەیە لە توركیا بەدواداچوونی بۆ سیاسەت و راگەیاندنی ئەم وڵاتە كردبێت و و ئەحمەد هاكان (Ahmet Hakan) نەناسێت. رۆژنامەوانێكی تورك كە بە دمامكێكی نووسەربوون و رۆشنبیری و بەرهەڵستكارییەووە، بە ستایل و شێوازێكی جیاوازەوە لە میدیای توركی، بە تایبەت سی ئێن ئێن تورک ( CNN Türk) و رۆژنامەی حوڕییەت (Hürriyet) دەركەوت و رای گشتی توركیا بۆ لای خۆی راكێشا. لە قۆناخێكدا كە لە توركیادا پرۆسەی ئاشتی هەبوو و هێشتا ئەردۆغان باڵی بەسەر هەموو جۆمگەكانی دەسەڵاتدا نەكشاندبوو ئەم رۆژنامەنووسە ببوو بە جێگای سەرنجی هەموو ئەوانەی كە بەدواداچوونیان بۆ رۆژەڤی كۆمەڵایەتی و سیاسی توركیا دەكرد. زۆر جار ئەردۆغانی لۆمە دەكرد، رەخنەی لە سیاسەتی دەوڵەت دەگرت و خۆی وا نیشاندەدا كە گوایە كەس لە ئەو دڵسۆزتر و راستگۆتر نییە بۆ توركیا. بەڵام كە شەڕی دژ بە باكوور و باشوور و رۆژئاڤا لە لایەن توركیاوە دەستیپێكردەوە و فاشیزمی دەوڵەتی توركیا هەموو دەنگێكی نارازی لە ناوخۆی توركیادا كپ كرد، ئەحمەد هاكان بە هەمان ستایل و شێوازی خۆی دەستی كرد بە پاكانە كردن بۆ تاوانەكانی ئاکەپە – مەهەپە (AKP-MHP)  و بەلاڕێدا بردنی رۆژەڤ و گێرە شێوێنی كردن، ئاکەپە - مەهەپە (AKP-MHP) زۆرتریان دەویست لە ئەحمەد هاكان. جارێك بە رێگەی چەتەكانی سەدات پەكەرەوە نەرمەكوتیان كرد و وایان لێكرد، كە بەتەواوی بە ئاكەپە و مەهەپە ئێمان بێنێت. ئێستاش بۆتە یەكێك لەو كەسانەی دەزگای شەڕی تایبەتی توركیا دژ بە گەلی كورد. ئەو كەسەی كە سەلاحەدین دەمیرتاشی بانگهێشتی بەرنامەكانی دەكرد لە وەرچەرخانێكی 180 دەرەجەییدا بوو بە كەسێكی دژ بە هەدەپە و كورد. ئێستا ئەحمەد هاكان لە توركیادا سیمبۆلی بێ موراڵی و ماستاوچێتییە بۆ دەسەڵاتی ئەردۆغان و دەمامكەكەی بە تەواوی كەوتووە.

لە باشووری كوردستانیش رۆژنامەوانێك هەیە كە زۆر حەز دەكات لە ئەحمەد هاكان بچێت و هەموو هەوڵدانێكی بۆ ئەوەیە. لە ستایل و ریش و پەشمیەوە بگرە تا شێوازی بانگهێشت كردنی مێوانەكان و ئەو بابەتانەی كە دەیوروژیێنێت بە تەواوی لاسایی ئەحمەد هاكانی سی ئێن ئێن تورک (CNN Türk) دەكاتەوە. پرۆگرامەكەشی لە هەمان كاتی پرۆگرامەكانی ئەحمەد هاكان بە راستەوخۆ بڵاو دەبێتەوە. وا نیشان دەدات كە زۆر بێ لایەنە و كەسایەتیییەكی زۆر دڵسۆزە و دەیەوێت كێشەكانی هەرێمی كوردستان چارەسەر ببن. بەڵام لە بنەڕەتدا ئەركی ئەو داپۆشاندنی هەموو كاری چەپەڵ و گەندەڵی دەسەڵاتداران و شیرینكردن و جوانكردنی سیستەمی دەسەڵاتی بنەماڵە و خستنە خزمەتی هەرچی دەنگی ئۆپۆزیسیۆنە بۆ ئەم بنەماڵەیە. ئەمە كەسێك نییە جگە لە بێستوون خالید كە بۆتە ئەحمەد هاكانی كەناڵی رووداو. ئیخوانییەكی پۆپۆلیستی پەروەردەی دەستی فتح الله گیولەن كە رۆڵی ئەو تەنیا گەوجاندنی خەڵكە بە دەمامكێكی رۆژنامەوانی و رۆشنبیری و رەوایەتیدانە بەو سیستەمە دزی و گەندەڵییەی كە لە باشووری كورستاندا هەیە.

دوێنی شەو بەڕێزیان بۆ ئەوەی كە رەوایەتی بدات بەو شەڕە كوردكوژییەی كە بنەماڵەی بارزانی هەوڵی بۆ دەدەن و بۆ ئەوەی كە ئەو شەڕە شۆڕ بكاتەوە بۆ ناو هەموو ماڵ و گەڕەك و شار و بەشێكی كوردستان، بە قۆستنەوەی برینی ناخ هەژێنی كەسێك كە براكەی لەو شەڕە كوردكوژیەدا لەدەست داوە، ویستی دوژمنایەتی و نەفرەت و هەستی كوردكوژی بخاتە ناو ناخی كۆمەڵگاوە. لەو ئۆفیسە هایكڵاس و مۆدێرنەی خۆی لە كەناڵی رووداوەوە، بێ ئەوەی كە هەست بە ئازاری گەل بكات، بۆ رەوایەتیدان و پەرەپێدان بە شەڕی كوردكوژی پرسیارێكی وەهای ئاراستەی مێوانەكەی كرد كە هەموو كەسێكی بینەر خۆی لەبەردەم ئەو پرسیارە دا بینی. بەڵام نەیدەزانی ئەو كەسەی كە زۆرترین ئێش و ئازاری ئەو شەڕە سەپێنراوەی ئەردۆغان دەچێژێت، باشتر لە هەموو كەسێك دۆخەكە و گەمەكە دەخوێنێتەوە و تیجارەت بە ئێش و ئازارەكەیەوە ناكات. نەیدەزانی كە میوانەكەی ئەو نوێنەری راستەقینەی ویژدانی گەلی باشووری كورستانە كە لە لووتكەی ئێش و ئازاردا بە بەرپرسیارێتی مامەڵە دەكات. سەرشۆڕی هەر بۆ ئەو كەسانە دەمێنێتەوە كە بازرگانی بە خوێنی رۆڵەی كوردەوە دەكەن. ئەحمەد هاكانەكەی رووداو ئێستا یەكێكە لە ریسواترین تاكەكانی كوردستان. مێوانە دڵسوتاوەكەشی سیمبۆل و نوێنەری ویژدانی گەلی كوردستانە دژ بە داگیركاری توركیا.

ژ.ت