بەڕێوەبەریی خۆسەری شەنگال: وەڵامی هێرشەکان دەدەینەوە

بەڕێوەبەریی خۆسەری شەنگال رایگەیاند، پەدەکە دوێنێ لە شەنگال رۆیشت، بەڵام ئەمجارە دەیەوێت بە هێزێکی گەورەوە بێتەوە بۆ شەنگال. راشیگەیاند، ئەگەر هێرشێک رووبدات ئێمە خۆمان دەپارێزین.

بەڕێوەبەریی خۆسەری شەنگال لەبارەی هەوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، کە دەیەوێت دیسانەوە شەنگال داگیرکەر بکات راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پەدەکە دەیەوێت کاری تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەی نوێ ئەنجام بدات و دەیەوێت خوێنی ئێزدییەکان بڕژێت.

راشیگەیاند، ئامانجی پەدەکە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو دەیەوێت لقی ١٧ی شەنگال دیسانەوە بکاتەوە و بە زۆر خۆیان بکەن بە دەسەڵاتدار بەسەر شەنگالەوە، بەڵام کۆمەڵگەى ئێزدی ئیدی وەک پێش فەرمانەکەی ساڵی ٢٠١٤ نییە و لە چوارچێوەی پاراستنی رەوادا بەرەنگاری دەکەن و خۆیان دەپارێزن.

دەقی راگەیاندراوەکەى بەڕێوەبەریی خۆسەری شەنگال

"چەکدارەکانی پەدەکە هەوڵیاندا لە ٢ی تشرینی یەکەمدا بێنە شەنگال، بەڵام گەلەکەمان، کە خاوەنداری لە کولتور، ئایین و شکۆی خۆی دەکات بەهۆی خیانەتەکەى ٣ی ئابی ٢٠١٤ ، کە لەلایەن پەدەکە لە دژیان ئەنجامدرا، رێگایان نەدا ئەو هێز بێتە سەر خاکی پیرۆزمان. دایکەکانمان، گەنجانمان و هەموو گەلەکەمان شەنگالیان بەرامبەر بە داگیرکەریی پەدەکە پاراست و ناچاریان کردن پاشەکشە بکەن و بگەڕێنەوە، بەڵام دوای رۆژێک و بۆ جارێکیتر دەیانەوێت ئەو کارە تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەیەیان درێژە پێ بدەن و خوێنی ئێزدییەکان بڕژن.

ئێمە بۆ رای گشتیی رادەگەیەنین، کە ئامانجی پەدەکە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن نییە. هەر خۆی گەلەکەمان ئەوەی سەلماندووە، کە خیانەتکاران قبوڵ ناکەن و دەنگیان پێنادەن. ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە بەپێی رێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم لقی ١٧یان لە شەنگال بکەنەوە و جارێکیرت بە زۆر خۆیان بەسەر شەنگالەوە بکەنە دەسەڵاتدار.

وەک دەزانرێت لقی ١٧ ناوەندی ئەشکەنجە و کوشتاری کچان و کوڕانی ئێزدییە. دەبێت هەموو کەس ئەوە بزانێت، کە ئیدی گەلی ئێزدیمان وەک پێش ٢٠١٤ نییە. گەلی ئێزدی بە ئیرادە و بۆچوونی ئازاد دەجوڵێتەوە و هەرگیز جارێکیتر کۆیلەیەتی قبوڵ ناکات.

ئێمە لایەنگری شەڕ نین. دەمانەوێت هەڵبژاردن کە چەند رۆژی ماوە، بە شێوەیەکی دیموکراتیک و ئازاد بەڕێوەبچێت. ئێمە لەسەر سندوقەکانی دەنگدان ئەوە نیشان دەدەین، کە ئەو ئیرادە ئازادەی کۆمەڵگەى ئێزدی سەردەکەوێت. با هەموو کەس ئەوە بزانێت، هەر هێرشێک بۆ سەر گەلەکەمان ئەنجام بدرێت، ئێمە وەڵامی دەدەینەوە و ئێمە خۆمان دەپارێزن و وەکو هەر گەلێکی ئازاد مافی خۆپاراستنی رەوای خۆمان ئەنجام دەدەین. ئێمە داوا کۆمەڵگەى ئێزدیمان و هەموو جیهان و کوردستان دەکەین، کە خاوەنداری لە خاکی پیرۆزی شەنگالی خۆیان بکەن و پشتیوانی لە بەرخودانی ئێزدییەکان لە شەنگال بکەن.

ئێمە داوا لە هێزەکان و رێکخستنە کوردستانییەکان و جیهان دەکەین، کە چۆن لە فەرمانی ٢٠١٤دا پەکەکە بە هاوار و هانای ئێزدییەکانەوە هات، با ئەمجارەش پشتیوانی لە ئیرادەی ئازادی شەنگال بکەن".

ژ.ت