بومەلەرزەیەکی بەهێز باکوری پارێزگای وان-ی هەژاند

کەمێک پێش ئێستا بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 4.7 بە پێوەری ڕیختەر پارێزگای وان-ی باکوری کوردستانی هەژاند و تا ئێستا زیانەکانی نەزانراوە.

لەوبارەوە ناوەندی دەریای سپی ناوەڕاستی ئەوروپی ڕایگەیاند: بەرەبەیانی ئەمڕۆ 3 شەممە کاتژمێر 00:58 بەکاتی هەرێمەکە،  بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 4.7 بە پێوەری ڕیختەر، پارێزگای وان-ی باکوری کوردستانی هەژاندوە.
بومەلەرزەکە لە قوڵایی 9 کیلۆمەتری زەوی و دووری 46 کیلۆمەتر لە باکوری شاری وان ڕوویداوە. 
سەبارەت بە زیانەکانی بومەلەرزەکە، تا ئێستا زانیاری بەدەست نەخراوە.
جێگای ئاماژەیە، پارێزگای وان لە سەر پلێت و هێڵی بومەلەرزەی ئەکتیڤە و ساڵانە چەندین لەرینەوەی گەورە و بچوک لەو پارێزگایە ڕوودەن کە یەکێک  لەوانە لە ڕێککەوتی 23 فێبریوەری ئەمساڵ بە گوڕی 5.9 لە ناوچەی ئەلباکی شاری وانی باکوری کوردستانی دابوو و هاوکات شاری خۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەراندبوویەوە. بەهۆ بومەلەرزەکەوە تەنها لە ناوچەی ئەلباکی شاری وان 10 گیانیان لەدەستدابوو و دەیان کەسی دیکەش برینداببوون و سەدان خانوو لە ئەلباک و خۆی وێران ببوون و هەزارانی دیکەش زیانیان وەبەرکەوتبوو.

 

هـ.هـ