چاودێرانی سیاسی: تا ئۆجالان لە زیندان بێت ناوچەکە زیاتر ئاڵۆز دەبێت

چاودیرانی سیاسی لە شاری کەرکوک رایانگەیاند: "ئازادکردنی بەڕێز ئۆجالان زۆر گرنگە بۆ ئەوەی کورد لەم گۆڕانکارییانەی ناوچەکەدا دەستکەوتی نەتەوەیی بەدەست بهێنێت ".

لە ١٢ی ئەیلول و لە کاتی راگەیاندنی هەڵمەتی "گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەری بەسە، کات کاتی ئازادییە" لە هەموو ئەو شوێنانەدا کە کوردیان تیدایە، چالاکی یەک لە دوای یەک رێکدەخرێت بۆ داواکردنی ئازادی رێبەر ئۆجالان، چاودێرانی سیاسی لە شاری کەرکوک بە گرنگییەوە باسی ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەکەن و پێیانوایە لە ئێستادا ئازادکردنی رێبەر ئۆجالان گرنگە بۆ گەلانی ناوچەکە بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەتی تا لە رێگەی بیرکردنەوە و عەقڵی بەرڕزیان بتوانرێت بە رێگەی ئاشتی و گفتوگۆ کێشەی کورد و گەلانی ناوچەکە چارەسەر بکرێت.

بیرکردنەوە و عەقڵی بەرێز ئۆجالان بۆ ئەو گۆڕانکارییەی لەناوچەکە روودەدات زۆر گرنگە

محەمەد نەسرەدین سیاسەتمەدار و چاودێری سیاسی، سەبارەت بە گرنگیی ئازادی رێبەر ئۆجالان و کاریگەری و گرنگیی رۆڵی رێبەر ئۆجالان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو گۆڕانکارییانەی روو لەناوچەکە دەکات، بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ووتی: "لە ئێستادا گۆڕانکارییەک لە ناوچەکەدا روودەدات وە زۆر گرنگە بۆ کورد بۆ ئەوەی کورد لەم گۆڕانکارییەدا دەستکەوتی نەتەوەیی بەدەست بهێنێت بیرکردنەوە و عەقڵی بەرێز ئۆجالان بۆ ئەو گۆڕانکارییە زۆر گرنگە بەحکومی ئەوەی پێشتر بەڕز عەبدوڵا ئۆجالان رۆڵی گەورەی هەبووە لە پرۆسەی ئاشتی کە بووەتە هۆی دەستکەوتی نەتەوەیی بۆ کورد."

هەڵگرتنی گۆشەگیری خزمەت بە ئاشتی دەکات

هەروەها محەمەد نەسرەدین ووتی: "بوونی بەڕێز ئۆجالان لە دەرەوەی زیندان و هەڵگرتنی گۆشەگیری لەسەری خزمەت بە ئاشتی و خزمەت بە بارودۆخی کورد دەکات لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو  ئەگەرانەی کە دێنە پێشەوە، چونکە لە ئێستادا هەست بە نەبوونی سەرکردەی سیاسی کورد دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە عەقڵێکی گەورە رووبەرووی ئەو گوڕانکارییانە ببێتەوە."

بیر لە بەرژەوەندی کورد دەکاتەوە

محەمەد نەسرەدین ووتیشی: "لە ئێستا بۆشاییەک هەیە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی کەوا عەقڵێکی سیاسی هەبێت بەرژەوەندی حزبی و ناوچەیی تێپەڕێنێت، کە بتوانێت بیر لە بەرژەوەندیی کورد بکاتەوە وەکو بەرژەوەندیی نەتەوە و خاک ئەو پێکهاتانەی کە لەسەر خاکی کورستان دەژێن، بۆیە هەڵگرتنی گۆشەگیری لەسەر بەڕێز ئۆجالان و ئازادکردنی لە زیندان خزمەتە بەئاشتی و پێویستە بۆ ئەوەی کورد خۆی ئامادە بکات بۆ ئەو ئەگەرانەی روو لە ناوچەکە دەکەن، کەمپینی ئازاد کردنی ئۆجالان خزمەت بە هەموو کەسێکی ئازادیخواز دەکات وە خزمەت بەهەرچوارپارچەی کوردستان دەکات."

کورد پێویستی بە عەقڵێکی سیاسی خاوەن ئەزموون هەیە، کە لەچوارچێوەی بەرژەوەندیی حزبیدا بیرنەکاتەوە

سەبارەت بەو کەسانەی کە ئەمڕۆ خۆیان بەسەرکردەی کورد دادەنێن و بڕیار دەدەن لەسەر چارەنووسی کورد، محەمەد نەسرەدین ئەوەشی ووت: "ئەمڕۆ دەبینین لە ڕابردوو ئەو سەرکردانەی کە هەندێک بڕیاریاندا تایبەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی کورد، ئەو بڕیارانە ئەوەی سەلماند کە ئەو سەرکردانەی ئەمڕۆ سەرکردایەتیی کورد دەکەن لە پرۆسە سیاسییە گەورەکاندا سەرکەوتوونەبوون و بڕیاری هەڵەی گەورەیان داوە، کە لە هەندێک کاتدا بوونە هۆی لەدەستدانی خاک و لەدەستدانی دەسەڵاتی کوردی لە زۆر ناوچە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە کورد پێویستی بە عەقلێکی سیاسی خاوەن ئەزموون هەیە، کە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی حزبی بیرنەکاتەوە بەڵکو لەچوارچیوەی بەرژەوەندیی نەتەوەی بیربکاتەوە."

مانەوەی بەڕێز ئۆجالان لە زیندان زیان بە بەرژەوەندیە باڵاکانی کورد دەگەینێت

محەمەد نەسرەدین لە کۆتایدا وتەکانیدا ووتی: "بۆیە ئەو گۆشەگیرییەی ئێستا لەسەر بەڕێز ئۆجالان هەیە و مانەوەی بەڕێزیان لەزیندان زیان دەگەیەنێت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی کورد وە هەروەها زیان دەگەیەنێت بە پرۆسەی ئاشتی، چونکە ئاشتی رێگە چارەسەی زۆربەی کێشەکانی هەرچوارپارچەی کوردستانە، بۆیە هەڵگرتنی گۆشەگیری و ئازادکردنی بەڕیز عەبدوڵا ئۆجالان خزمەتە بە ئاشتی و بەرژەوەندییە باڵاکانی کورد."

تورکیا هەوڵی قڕکردنی کوردانی باشوریشی داوە

عەبدولستار جەباری شارەزای مێژوو و چاودێری سیاسی لە شاری کەرکوک، سەبارەت بە مێژووی قڕکردنی کورد لەلایەن رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیا بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "بەداخەوە رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیا بەردەوام هەوڵی کپکردنی دەنگی کوردیان داوە بە رێگای بەند کرد، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو دەبینین، کە تورکیا تەنها کوردانی باکوری بەند و قڕ نەکردووە، بەڵکو هەوڵی قڕکردنی کوردانی باشوریشی داوە بۆ نموونە شیخ عەبدولسەلام بارزانی کە لەلایەن تورکیاوە بەندکراوە پاشان لەسێدارە دراوە، سەرەڕای بەندکردن و قرکردن و لەسێدارەدان رژیمەکانی تورکیا نەیاتوانیوە کورد پاشگەز بکەنەوە لە مافەکانی خۆیان."

لە ئێستادا زۆر پێویستی بە سەرکردەیەکی وەکو بەرێز ئۆجالان هەیە

سەبارەت بە گرنگیی ئازاد کردنی رێبەر ئۆجالان لەم کاتە هەستیارەدا، کە ناوچەکە بەرەو گۆڕانکاریی ستراتیجی دەچێت، عەبدولستار جەباری ووتی: '' لە ئێستادا ئازادکردنی بەڕێز ئۆجالان زۆر پێویستە بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە نێوان کورد و تورک، بەحکومی ئەوەی بەڕیز ئۆجالان سەرکردەیەکی زیرەکە و دەتوانیت لە ڕیگەی گفتوگۆوە مافەکانی کورد بەدەستبهێنیت، لە ئێستادا ناوچەکە لە گۆڕانکارییەکی ستراتیجی-دایە، بۆیە زۆر پێویستی بە سەرکردەیەکی وەکو بەرێز ئۆجالان هەیە، لەم گۆڕانکارییەی لە ناوچەکە روودەدات کە زۆر ووڵات دابەش دەبن کە ئەم دابەش بوونە تورکیاش دەگرێتەوە."

تا ئۆجالان لە زیندان بێت ناوچەکە زیاتر ئاڵۆز دەبێت

هەروەها عەبدولستار جەباری ووتیشی: "بە ئازادکردنی بەرێز ئۆجالان ئاشتی بەرقەرار دەبێت و بە بەرقەراربوونی ئاشتیش هەموو گەلانی ناوچەکە سودمەندەبن، بۆیە منیش دەنگم دەخەمە پاڵ ئازادیخوازان و داوای ئازادکردنی بەڕێز ئۆجالان دەکەین، چونکە ئازادیی بەڕێز ئۆجالان لە بەرژەوەندیی تەواوی گەلانی ناوچەکەدایە، تا چەند ئۆجالان لە زیندان بێت ناوچەکە زیاتر ئاڵۆز دەبێت."

بە ئازادبوونی بەڕێز ئۆجالان گۆڕانکاری لەناوچەکە روودەدات

لە کۆتایدا عەبدولستار جەباری شارەزای مێژوو و چاودێری سیاسی ئەوەشی ووت: "ئەگەر تورک خۆی بە بەهێز دەزانێت ئەوە هەرچەندە هێزی هەبێت بەرامبەر ئیرادەی گەلی کورد بێ هێز دەبێت، چونکە کورد داوای مافی ڕەوای خۆی دەکات لە مافی خۆی خۆش نابێت و چاوی لە خاکی کەس نییە، بەرێز ئۆجالانیش عەقڵێکی ستراتیجیی هەیە و بە ئازادبوونی گۆڕانکاری لەناوچەکە روودەدات."

ژ.ت